پۆڵەتیک پرێس:
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “پەلامارەكانی داعشی تیرۆریست و شەھیدبوونی پێشمەرگە و ھاوڵاتی سڤیل لە دەڤەری قەرەچوغ بە توندی ئیدانە دەكەین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكارەكانیان دەكەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین”.
وتیشی: گرووپی تیرۆریستی داعش و مەترسییەكانی ھێشتا ماوە و ھێرشە یەك لەدوای یەكەكانیان ئاماژەن بۆ ھەوڵەكانی خۆرێكخستنەوەیان، بۆیە ئەركی سەرشانی ھەموولایەكمانە، بەھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان و ھاوكارانمان لە ھێزە ھاوپەیمانەكان لەو مەترسییە ووردتر بەئاگا بین، ئەم جارە تەنھا لە رووی سەربازییەوە رووبەروویان نەبینەوە، بەڵكو بیر و شانە نوستووەكانیشیان لەبن بێنین، چونكە بیری توندڕەوی بەكردەیی چێندراوە و پێویستە ئەو بیرە توندە لە پاڵ چارەسەرە سەربازییەكەدا ریشەكێش بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، “داوا لە برایانمان دەكەم، برا پێشمەرگەكانمان، وریاتر بن لە پاراستنی ژیانی خۆیان وەك چۆن خاك و نیشتمانەكەیان دەپارێزن، چونكە دڵۆپێك خوێنی پێشمەرگە ھێندەی گەورەیی وقورسایی شاخەكان بە ئازارە بۆ ئێمە، دووبارە دروود بۆ گیانی پاكی شەھیدان و سەبووری بۆ كەسوكارەكەیان دەخوازین”.