هەرێمی كوردستان.. توندوتیژی دژی پیاوان زیادی كردووە

پۆڵەتیك پرێس:
بەپێی ئامارە فەرمییەكان‌و بەراورد بەوڵاتانی ناوچەكە، رێژەی توندوتیژی لەدژی پیاوان لەهەرێمی كوردستان زیاترە.

بورهان عەلی سكرتیری رێكخراوی توندوتیژی دژی پیاوان لەهەرێمی كوردستان بۆ “پۆڵەتیك پرێس” چەند ئامارێكی ئەمساڵ‌و ساڵی رابردووی باس كردو جەختیكردەوە، بەراورد بەساڵی رابردوو، هەروەها بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكەش، لەهەرێمی كوردستان رێژەی توندوتیژی دژی پیاوان زیادیكردووە.

بورهان عەلی وتیشی: ئەگەر تەنیا سەیرێكی ئاماری هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵی حاڵەتەكانی توندتیژی بكەن‌و بەراوردی بكەین بە هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2019 ئەوە بەدڵنیایی رێژەی ئەمساڵ بەرزتر.

بەپێی ئامارەكان لەهەرێمی كوردستان لە هەشت مانگی ساڵی 2020، 486 جۆری توندوتیژی لە لق و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، كە 37 حاڵەتی خۆكوشتن ‌و 5 حاڵەتی كۆشتن بووە.

 

لە هەشت مانگی ساڵی 2020، 486 جۆری توندوتیژی لە لق و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە

 

هەر بەپێی ئامارەكان، لەهەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2019، 477 حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوەو ، كە 30 حاڵەتی خۆكۆشتن هەبووە، لەگەڵ 5 حاڵەتی كوشتن.

ئەو بەرپرسەی رێكخراوەكەی پیاوان ڤایرۆسی كۆرۆناو كەرەنتینەكردن لەماوەی رابردوو بەهۆكاری زیادبوونی توندوتیژییەكانی لەقەڵەمداو وتی: هۆكاری زیادبوونی توندوتیژییەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایروسی كۆرۆنا و كەرەنتینەكردن‌و بیكاری لەنێو خیزانەكان دەگەڕێتەوە، كە زۆرێك لەخێزانەكان بەهۆی ئەوەی كێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە، پیاوان پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارەكەش دەركەوتووە بەراورد بەشەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو ژمارەی توندوتیژییەكان كەمیانكردووە.

هەر بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان تەنیا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا سێ هەزارو 769 سكاڵای جۆراوجۆر تۆماركراوە، كە لەو ماوەیەدا سێ حاڵەتی كوشتنی ژنان و 13 حاڵەتی خۆكوژی‌و 26 حاڵەتی خۆسوتاندن و 35 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسیش تۆماركراوە.

لەساڵی 2019و لە شەش مانگی سەرەتا، هەزارو 203 سكاڵا تۆماركراوە، 22 حاڵەتی كوشتن و 32 حاڵەتی خۆكوشتنیش هەبووە، هاوكات 58 حاڵەتی خۆسوتاندن و 47 حاڵەتی سێكسیش تۆماركراوە.

بەپێی هەردوو ئامارەكە دەردەكەوێت لەمساڵدا ژمارەی سكاڵاكان زۆرتربوون، بەڵام حاڵەتە جۆربەجۆرەكانی توندوتیژی دژ بەژنان كەمیان كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا