هۆكارەكانی بەهێزبوونەوەی داعش لە عێراق ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو لە چەند هێرشێكی جیادا داعش لە سنوری دیالە و ئەنبار 19 كەسی لە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە شەهید و برینداركردووە، هۆكاری زیادبوونی جموجوڵەكانی داعشیش لە ناوچەی دیالە دەبەستێتیەوە بە چەند خاڵێكەوە لە سەروویانەوە بوونی ململانێی مەزهەبی و عەشرەتی لەو ناوچەیە.

هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: شەوی رابردوو جیا لە قۆڵی پردێ‌، لە دوبس و عەكاشات و جیزانی دیالە و تارمییە و بیابانی ئەنبار هێرشەكانی داعش 19 شەهید و برینداری لێكەوتووەتەوە، لە نێو ریزەكانی سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە، كە هەشتیان ئەفسەرن.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: هۆكاری زیادبوونی ئەم هێرشانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێك لەوانە نەبوونی هاوكاری و هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە كە سوپای عێراق ئامادەیی ئەو هەماهەنگییەی نییە، خاڵێكی دیكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو هێڵەی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت و لەلایەن هەندێك گروپەوە بازرگانی پێوە دەكرێت، هەروەها ناكۆكییە عەشایەری و مەزهەبیەكانی سنوری دیالە وایكردووە داعش لەو سنورە بەهێزتربێت.

باسی لەوەشكرد، لە پێناو كۆنترۆڵكردنی جموجوڵەكانی داعش پێویستە هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان زیاتر هاوكاربن لە پشكنینی ئەو سنورانەی جموجوڵی داعشی تێدایە بەتایبەتی لە بیابانی رومادی و سنوری تەلەعفەر تا دەگاتە سنوری سوریا و هێڵی دیالە _ سەلاحەدین چونكە لە توانای هێزی ئاسیمانی عێراق نیە ئەم ناوچانە بپشكنێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک