پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەسایلۆكان كۆتایی هات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێمى كوردستان رایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێمى كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند،ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئابی 2021 پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكانی هەرێم كۆتایی هات‌و چاوەڕوان دەكرێت كەمتر لەو بڕە گەنمە وەرگیرابێت كە حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دیاریكردووە، كە بڕەكەی 375 هەزار تۆن گەنمی جوتیاران بووە.

وتیشی، لەهەرێم لەچاو ناوچەكانی خوارو ناوەڕاستی عێراق كەمتر لەوبڕە گەنمە لەسایلۆكان وەرگیراوە كە حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی دیاریكردووە لەبەر ئەوەی لەهەرێمی كوردستان.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، كەمی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكانیش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە سایلۆكان دەستیانكرد بەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران و بوونی وشكەساڵی‌و وەرگرتنی گەنم لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوخۆ‌ بەپارەی نەختینەیی و دواكەوتنی پارەی گەنمی جووتیاران لەلایەن بەغداوە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، یەكەم قۆناغی چەكی پارەی گەنمی جوتیاران بۆساڵی 2021 كە بڕەكەی 5 ملیار دینارە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان‌و ئەگەر هەیە دوای تەواو بوونی رێكارە ئیدارییەكان هەفتەی داهاتوو دابەش بكرێت، لەو بڕەش 2 ملیار‌و 500 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌یەو ملیارێك‌و 500 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێرەو یەك ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆك تەرخانكراوە.

لەعێراق لەرۆژی 12ی نیسان دەستكرا بەوەرگرتنی گەنمی جوتیاران لەسایلۆكان بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەرۆژی 22ی حوزەیران پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەستی پێكرد، بەپێی ئەو نرخەش كە وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریكردووە، نرخی یەك تۆن گەنمی پلە یەك بە 610 هەزار دینار، گەنمی پلە دوو بە 530 هەزار دینار‌و گەنمی پلە سێ‌ بە 470 هەزار دینار دیاریكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا