دوو حیزبی دەسەڵاتدار وەرزش كاول مەكەن

پۆڵەتیك: سپۆڕت

لە هۆڵی هۆتێل مەم و زین لە سەر شاڕێی سەرچنار لە شاری سلێمانی بەیانی ئەمڕۆ شەممە دكتۆر هاوكار سالار داوەری نێو دەوڵەتی فۆتساڵ و مامۆستا لە سكوڵی وەرزشی زانكۆی سلێمانی كۆنفرانسێكی تایبەت بە دۆخی وەرزشی كوردستانی پێشكەش كرد كە تیایدا ڕاو بۆچوونی وەرزشكارانی سەبارەت بە دۆخی وەرزشی كوردستان وەرگرت لەو چوارچێوەیەشدا كۆمەڵێك ڕاهێنەری تۆپی پێی كوردستان هاوشان لەگەڵ دانەر ئەسڵان میدیاكاری وەرزشی نووسراوێكی ڕەخنە ئامێزیان پێشكەش بە بەشدار بووان كرد تیایدا ڕاو بۆچوونی خۆیان بۆ هەموو لایەك بە تایبەت هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان خستە ڕوو كە ئەمەش دەقەكەیەتی:

بەڕێزان ئێمە وەك 12ڕاهێنەری كوردستان لە نێوان ڕاهێنەری خولی نایاب و پلە یەك و سەربەخۆدا هاوكات لەگەڵ هاوڕێی میدیاكار دانەر ئەسڵان ئەم پەیامەتان ئاراستە دەكەین.
هەردوو حیزبی بەڕێز سڵاوێكی گەرم وەك لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە تەمەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان 14 ساڵە ئەو فیدراسۆنە پەنجا بە پەنجا واتا (فیفتی فیفتی) لە نێوان هەردوو حیزب دابەش كراوە بە هاوتایی واتا (توافق) ئەمەش بە دانپیادانانی سەرۆك و جێگر و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وەك ئەوەی كوردستان تەنها و تەنها لە دوو حیزبەكەی ئێمە پێك هات بێت و تەواو.
بەڕێزان ئەوەی ڕوویدا گەواهیدەری ئەوەیە كە ئێمە لەم هەرێمە تەمەن و ژیانی خۆمان بە هەدەر دەدەین لە پێناوی وەرزش لێمان قبوڵ بكەن قسەكانمان توندە، بەڵام ڕاستە و حەقە بۆیە ناوی خۆشمان ئاشكرا ناكەین و تەنها لای (دانەر ئەسڵان) پارێزراوە، چونكە یەكێتی و پارتین، بەڵام تووڕەین و دەمانەوێت دۆخەكە بگۆڕدرێت ئەگەر ئێمەش قسە نەكەین كێ‌ قسە بكات.


برایانمان لە یەكێتی تۆپی پێ بە ڕوون و ئاشكرا مەعدەنی خۆیان ئاشكرا كرد و خراپترین وێنای پارتی و یەكێتییان كێشا وایان كرد ئێستا شتێك نەماوە بە ناوی وەرزشەوە هەروەك لە ناو وەرزشەوانانی ناوەند و باشوری عێراقیشدا كردوویانینەتە گاڵتەجاڕ ئەمەش لە پای چی؟
دەكرێت دوو حیزبەكەمان كارێكی باش بكەن بۆ ئەم میللەتە بەدەر لە یەكتر شكاندن و تۆمەتبار كردن و تەخوین كردنی یەكتر هەڵبستن بە ئەنجامدانی كارێكی باش ئەویش هەڵوەشاندنەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان واتا یەكێتی تۆپی پێ …. لە كاتێكیشدا كە لیژنەی ئۆڵۆمپی نەماوە و بە كاری خۆی هەڵناستێت و هەڵنەستاوە ئێمە داوا لە هەردوو حیزب دەكەین:
1/ سەرجەم ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێ دوور بخرێنەوە (سەرۆك پێش جێگر و سكرتێر پێش ئەمیندار و ئەمیندار پێش ئەندام).
2/ بە بێ دواخستن دەستبەجێ یاسای وەرزش بنوسرێتەوە و پەرلەمانیش ناچار بكەن خوێندنەوەی بۆ بكەن تا جارێكی تر كەسێكی حیزبی لە ناو یانەیەكەوە نەتوانێت فیدراسیۆنی تۆپی پێ ناچار بكات بە ئەنجامدانی كۆبوونەوە سەرەڕای ئەوەی دانی پێدا دەنێین ئەو بەڕێزەش زۆری بۆ هات ناچار بوو ئەو داوایەی كرد، چونكە ئەویش یاریزانی هەبوو دەبو مووچەیان بداتێ و كاروباری یانەكەی ڕێك بخاتەوە و یەكێتی تۆپی پێش هەر دەستی دەستی پێ‌ دەكردن و پاش كەرەنتینا كردن وادەیەكی بۆ كۆبوونەوە دەست نیشان نەكرد.
3/ بارەگایەك بۆ یەكێتی تۆپی پێ دروست بكرێت تا وەك ئێستا و پاش ١٤ ساڵ لە شوێنێك دا نەبن كە كلیلی بە فڵان و فیسار كەس بێت و جێگری سەرۆكی ڕێكخراوەكە ناچار بێت بڵێت: (ئەگەر دەرگامان لێ نەكەنەوە لە بەردەم دەرگا داخراوەكە كۆبوونەوە دەكەین).
4/ مەرجەعی پارتی دیموكرات هەر بەڕێزێكە لە ناو پارتی دا مەرجەع بێت نەك لە ناو وەرزشی كوردستاندا مەرجەعی یەكێتیش بە هەمان شێوە بۆیان نەبێت دەست وەربدەنە بۆنە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
5/ ڕێگە بدرێت بە خەڵكی بێ لایەن كە پارتی و یەكێتی نین لە نێو ڕێكخراوەكەدا بوونیان هەبێت تا جارێكی تر ئەوە ڕوو نەداتەوە كە ڕوویدا بەڵكو هەموو شتێك بە گفتوگۆ و دەنگدانێكی شەرعی بێت نەك (٥ بە ٥ ) بێت و یەكلا چاوەڕێی ئەوە بكات یەكێك لەولا لە سەر توێكڵە مۆزێك هەڵبخلیسكێت و نەتوانێت ئامادەی كۆبوونەوە بێت ئەمان بە زۆرینەی (٥ بەرامبەر بە ٤) بڕیارەكان تێ بپەڕێنن.
لە كۆتاییدا سوپاسی هاوڕێ دانەر ئەسڵان دەكەین پەیامەكەمان دەگەیەنێت ئێمە یەكێتی و پارتین و ئاوها قسە دەكەین نامانەوێت دۆخەكە بەو شێوەیە بێت كە ئەو برادەرانە خولقاندیان.

 

سوپاس بۆ هەموو لایەك
دانەر ئەسڵان و 12 ڕاهێنەری كوردستان
29/8/2020

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا