پۆڵەتیک پرێس
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر پێشوازی لە سەردانەکەی پاپا فرانسیس دەکات کە بڕیارە مانگی ئاداری داهاتوو بێتە عێراق و وتی: دڵمان بەر لە دەرگاکانمان کراوەیە بۆ هاتنی.
لەلایەکی دیکەوە رەحمان عامری، باڵیۆزی عێراق لە ڤاتیکان جەختی لەوەکردەوە، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق، پەیامێکی ئاشتییانەیە بۆ جیهان، بەجۆرێک دەبێتەهۆی واژۆکردنی بەڵگەنامەی برایەتی لەنێوان عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان و پاپای ڤاتیکان.
عامری وتیشی: پەیامی گەورەی هاتنەکەی پاپای ڤاتیکان پاڵپشتیکردنی گفتوگۆی نێوان ئایینە جیاوازەکانە، بەجۆرێک پاپا دەیەوێت پێکەوەژیان و گفتگوگۆی نێوان پێکهاتە جیاوازە ئاینییەکان پتەوببێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاپا لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ سیستانی تاوتوێی دۆسیەکانی کەمکردنەوەی توندوتیژی و رەتکردنەوەی رق و کینە و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئاشتی و پاڵپشتیکردنی دانیشتوانی ناوچە ئازادکراوەکان دەکات، بەتایبەت دانیشتوانی نەینەوا و موسڵ و ناوچەکانی دراوسێ کە بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی داعش ئاوارە بوون.
پێشتریش ڤاتیکان بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بڵاوکردەوە کە بڕیارە لە 5ی ئاداری داهاتوو دەستپێبکات و بۆماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت، هاوکات بڕیارە سەردانی بەغدا و هەولێر و موسڵ و قەرقوش بکات.