بەمزووانە تورکیا گەورەترین ئۆپەراسیۆن بۆسەر قەندیل بەهاوکاری عێراق و هەرێم ئەنجامدەدات

پۆڵەتیک پرێس

تورکیا لەئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لەچیای قەندیل لەهەرێمی کوردستان، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنەدایە کە بەر لەمانگێک لەهەرێم دژی پەکەکە دەستیپێکرد.

تورکیا چیای قەندیل بەگرنگترین و ستراتیژیترین شوێنی پەکەکە دەزانێت کە دەکەوێتە نێوان زنجیرە چیاکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.

تورکیا لەئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان

بەپێی پێشبینییەکان پێدەچێت ‌ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەی تورکیا بەشێوەیەکی لەناکاو دژی پەکەکە ئەنجامبدرێت و تورکیا لەسەر ئاستی باڵا لەپەیوەندیدا بێت لەگەڵ عێراق و ئێران و ئەمریکا لەپێناو دروستکردنی هەماهەنگی لەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە.

لەوبارەیەوە تەها عەودە، توێژەر لەکاروباری تورکیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەی تورکیا جیاوازە لەو ئۆپەراسیۆنانەی پێشتر دژی پەکەکە ئەنجامیدان، ئەمجارە بەهاوکاری و هەماهەنگی نێوان سوپای تورکیا لەگەڵ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوو رۆژ پێش ئێستا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەست بەجێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ دژی پەکەکە لەدەرەوەی سنوری تورکیا دەکات و بەشێک لەچاودێرانی سەربازیش بڕوایانوایە، ئەو چەند ئۆپەراسیۆنەی چەند مانگی رابردووی تورکیا لەهەرێم ئامادەکاری بوون بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە زەمینییە نوێیە تا لەڕێیەوە بچنە قوڵایی چیای قەندیل و دەستیان بە بارەگا گەورەکانی پەکەکە بگات.

عەودە ئۆغلۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییانەی سوپای تورکیا دژی پەکەکە جیاواز بوون لەئۆپەراسیۆنەکانی رابردوو لەڕووی کوالیتی ئەو چەکە قورسانەی لەڕوبەڕوبوونەوەکاندا بەکارهێنران و بەهۆیانەوە قوربانییەکی زۆر لەهەردوو بەرە کەوتەوە.

روبەڕوبوونەوەکانی ئەمجارە ئاسان نابێت

لایخۆیەوە یوسف سەعید ئۆغلۆ، رۆژنامەنووسی تورک رایگەیاند، روبەڕوبوونەوەکانی ئەمجارە ئاسان نابێت، لەبەرئەوەی پەکەکە دەست دەگرێت بەسەرکردایەتی خۆیەوە لەچیای قەندیل و دۆخەکە جیاواز دەبێت لەجارەکانی پێشوو، چونکە قەندیل وەک هێمای پەکەکە هەژمارکراوە و هەر پاشەکشەیەک لەو چیایە بەشێوەیەکی گەورە کاریگەری نەرێنی لەسەر ورەی ئەندامانی پەکەکە دادەنێت، دەشڵێت، هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو چیایە ئاسان بەڕێوەناچێت بەتێڕوانین لەسروشتی جوگرافی و ئامادەکارییەکانی پەکەکە لەناوچەکە.

بەپێی قسەی ئەو رۆژنامەنووسە، ئەرکێکی گەورەی دیبلۆماسی لەبەردەم هەریەکە لەتورکیا و پەکەکەدا هەیە و هەر ئەنجامێکی روبەڕوبوونەوەکە کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت، بەنموونە ئەگەر سوپای تورکیا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت گورزێکی توند بەر پەکەکە دەکەوێت و ئەگەریش پەکەکە لەپاراستنی بارەگاکانی لەقەندیل سەرکەوتوو ببێت ئەوا دەچێتە قۆناغێکی نوێ و کاریگەری مەعنەوییەوە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە بەهاوکاری حکومەتی بەغدا و هەولێر و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت

بەپێی لێدوانی خڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە بەهاوکاری حکومەتی بەغدا و هەولێر و بەهەماهەنگی لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەچێت، چونکە بەشێک لەچیاکانی قەندیل دەکەونە سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوو رۆژ پێش ئێستا ئەردۆغان رایگەیاند، “ئامانجی داهاتوومان کۆتاییهێنانە بە پەکەکە لەچیای قەندیل، تا ئەمڕۆ کۆتاییمان بەزۆر سەرکردەی ئەو رێکخراوە هێناوە و تائێستاش بەردەوامین، وتیشی، هەوڵ دەدەین کۆتایی بەم کێشەیە بهێنین کەماوەی 40 ساڵە بەردەوامی هەیە و هیوادارین ئەو کەسانە لەم بابەتە تێبگەن و خۆیان رادەستی یاسا بکەن”.

سەرباری ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لەدەستگیرکردنی ئەو کەسانەی هاوسۆزیان لەگەڵ پەکەکە هەیە و لەدوایین پێشهاتیشدا رۆژی یەکشەممە لەویلایەتی مێرسین 10 کەس لەناو بارەگاکانی خۆیاندا دەستگیرکران، جگە لەوەی بەدرێژایی مانگەکانی رابردوو دەیان کەسی دیکە بەهۆی هاوسۆزییان لەگەڵ کوردەکان لەتورکیا دەستگیرکراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا