ژمارەیەکی دیکەی عێراقییە گیرخواردووەکانی هندستان دەگەڕێندرێنەوە

پۆڵەتیک پرێس

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە گەشتێکی دیکە بەرەو هندستان دەستپێدەکات بەمەبەستی گەڕاندنەوەی بەشێکی دیکەی ئەو عێراقییانەی لەو وڵاتە گیریانخواردووە.

لەوبارەیەوە جیهاد کازم، وتەبیژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە گەشتێکی دیکە بەرەو هندستان دەستپێدەکات بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی لەو وڵاتە گیریانخواردووە، هاوکات سێشەممەی هەفتەی داهاتووش گەشتێکی دیکە بەرەو هندستان ئەنجامدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتیاران پشکنینی پی سی ئاڕیان بۆ دەکرێت و بۆماوەی 14 رۆژ کەرەنتین دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە لەبارەی زیادکردنی ژمارەی گەشتەکان جیهاد وتی، ئەم کارە بەهەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لەهندستان دەکرێت، بەجۆرێک هەموو ئەو عێراقییانەی لەوی گیریانخواردووە ناوی خۆیان لەباڵیۆزخانەی عێراق تۆماردەکەن تا ئەو کاتەی ژمارەیان دەگاتە 400 بۆ 500 گەشتیار و بەوجۆرەش گەشتەکەیان بۆ رێکدەخرێت.

سەرەتای مانگی ئایار دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق یەکەم گەشتی هندستانی راگەیاند، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لەو عێراقییانەی لەهندستان گیریان خواردبوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا