جگەرەت پێیە ؟!

قاسم قادر خەیلانی

 

 

تاوانێک بەو پرسیارە دەستی پێکرد ، تاوانێک کە هاندەرانی ڕۆما هەرگیز بیریان ناچێتەوە . ئەنتۆنیۆ دی فالکێ لاوێکی ۱۹ ساڵان بوو ، لەگەڵ ۳ هاوڕێی چوبونە هەرێمی لۆمباردیا و شاری میلانۆ بۆ سەیر کردنی یاری میلان و ڕۆما ، لە ساڵی ۱۹۸۹ . دەروازەی ژمارە ۱٦ سانسیڕۆ کە تایبەتە بەهاندەرانی یانەی میوان پێویست بوو دی فالکێ و هاوڕێکانی لەو دەروازەیەوە بچنە ژوورەوە ، بەڵام ئەوان لە شوێنێک وەستابوون ۲۰۰ مەتر دووربوو لە دەروازەی ژمارە ۱٦ . چەند مەترێک مابوو بگەن بە دەروازەکە گەنجێک پرسیاری لە ئەنتۆنیۆ کرد : ببوورە ، جگەرەت پێیە ؟ ئەنتۆنیۆ تێگەیشت کە ئەوە تەلەیە ، ویستی لەهجەی ڕۆما بگۆڕێ و بەشێوازی باکوریەکان قسەبکات ، بەڵام گەنجەکە دواتر پرسی : کاتژمێر چەندە ؟ ئەنتۆنیۆ پێی وت ٥ خولەک ماوە بۆ کاتژمێر ٤ ـی دوای نیوەڕۆ ، ئەمجارەیان نەیتوانی شێوەزاری ڕۆما بشارێتەوە . گەنجەکە فیکەیەکی لێداو بەدەست ئاماژەیەکی کرد ، نزیکەی ۳۰ کەس هاتن ، ئەنتۆنیۆ و هاوڕێکانی ڕایان کرد ، بەڵام لە ڕاکردنەکە ئەنتۆنیۆ بەربوەوە و سێ هاوڕێکەی دەرباز بوون ، ئەوجا کەوتنە لێدانی ئەنتۆنیۆ ، نزیکەی ۲۰ کەس لێیان دا ، ۱۰ کەسیشیان دوای سێ کەسەکەی تر کەوتن ، پۆلیس زوو گەیشتە سەر ڕوداوەکە ، بەڵام زۆریان لە ئەنتۆنیۆ دابوو ، ڕەنگی شین هەڵگەڕابوو . دوای گەیشتنی پۆلیس ئەنتۆنیۆ وا پێدەچوو باش بێت ، هەڵسایەوە و قسەی لەگەڵ پۆلیسێک دەکرد ، بەڵام لەناکاو ئەنتۆنیۆ کەوتە سەر ئەرز و پۆلیس ویستی هەناسەی دەسکردی پێبدات ، بەخێرای بانگی ئەمبوڵانسی کرد و ئەنتۆنیۆ گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی سان کارلۆ کەنزیکە لە یاریگاکە . کەگەیشتنە نەخۆشخانە ، دکتۆرەکان بە پۆلیسیان وت ببوورن ئێوە جەستەیەکی مردوتان بۆ ئێمە هێناوە ، ئەو گەنجە مردووە . دواتر لە تەشریح دەرکەوت ئەنتۆنیۆ توشی جەڵتەی دڵ هاتبوو لەبەر ترسانی زۆر و ڕاکردن . بە تاوانی کوشتی دی فالکێ ، دانێلی فۆرماجیا ، سارۆکی کۆڕفاسود ( ئۆڵتڕاسی میلان ) ، ئەنتۆنیۆ لامیراندا کە قوتابی کۆلیژی یاسابوو لەگەڵ لۆکا بوناڵدا دەسگیر کران ، بەڵام فۆرماجیا و لامیراندا ئازاد کران و دادگا بڕیاری ٨ ساڵ سزای بۆ بۆنداڵ بڕیەوە ، لە ۳۰ کەس یەک کەس سزا درا ، دوای چەند کاتژمێرێک مانەوە لە زیندان ، بۆنداڵیش ئازاد کرا . ئەوکاتە دایکی دی فالکێ گوتی : ئەوە دادپەروەریە ؟ ئەو سزایە هیچ دادپەرەرانە نیە ، دەبوایە سزای ئەوانە ئەو شتەبا کە ئەنجامیان دا ، هەتا ئەوکارەش ناتوانێ ئەنتۆنیۆ ی نازدارم بۆ بگێڕێتەوە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا