حه‌شدی شه‌عبی هێز ڕه‌وانه‌ ده‌كات و ڕێككه‌وتنی شه‌نگالیش له‌لێواری له‌بارچووندایه‌

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لە بەیانی رۆژی هەینییەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی بە بەحەشدکردنی شەنگال، بەمدواییانەش لەناو قوتابخانە و بینا گشتییەکان و ماڵە چۆڵەکانی ناو شەنگال و دەوروبەری، بارەگا و بنکەیان بۆخۆیان جێگیرکردووە، ئەمەش بەتەواوەتی پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەرێمە لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال کە لە 9ی تشرینی یەکەمی رابردوو واژۆکرا.

بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبوو سەرجەم میلیشیا و کۆمەڵە چەکدارەکان شەنگال بەجێبهێڵن و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکەش بکەوێتە ژێردەستی سوپای عێراق، هاوکات، ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی پێش هاتنی چەکدارانی داعش و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەشێکی دیکە بوون لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

هەینی رابردوو، دەستەی حەشدی شەعبی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زیاتری هێزە چەکدارەکانی لە شەنگال بڵاوەپێکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامانجی ئەم هەنگاوە پاڵپشتیکردنی هێزەکانیانە لە ناوچەکە بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری شەنگال”.

چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە لیژنەی هەماهەنگی هاوبەش لە ناوچەکە کە تێیدا نوێنەرانی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی و ئیدارەی مەدەنی هەیە، ئاماژەیان بەوەکرد، چەند چەکدارێکی سەربە بزوتنەوەی “نەجیبا” و “کەتائیبی حزبوڵـڵا” ئێوارەی شەممە گەیشتوونەتە شەنگال.

هێزەکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی بە بەحەشدکردنی شەنگال

بەپێی ئەو سەرچاوانە، هێزەکانی سەربە حەشد لەناو گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و گوندەکانی نزیک شەنگال بڵاوەیان پێکراوە، لەکاتێکدا ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” زیاتر لە چیای شەنگال و ناوچە جیاجیاکانی قەزاکە بوونی خۆیان پتەوکردووە، بەبێ ئەوەی هیچ ناکۆکییەکیان لەگەڵ حەشد بۆدروستبببێت.

بە قسەی ئەو سەرچاوانە، کەشەکە وا دەردەکەوێت کە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو لایەندا هەبێت، دەشڵێن: ژمارەی هێزە ناڕێکەکانی ناوچەکە دووهێندەی ئەو کاتە زیادی کردووە کە هێشتا رێککەوتنی شەنگال لەنێوان بەغدا و هەرێم واژۆ نەکرابوو.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، حەشد بە بیانوی روبەڕوبوونەوەی داگیرکارییە زەمینییەکانی هێزەکانی تورکیا بۆسەر شەنگال، بڵاوەی بەو هێزانە کردووە، بۆیە پێدەچێت پەکەکە لەگەڵ حەشد لە دۆخی ئاشتیدا بن، بەم هەنگاوەش هەر پێشکەوتنێکی تورکیا لەڕووی زەمینییەوە بەرەو شەنگال رێگری لێدەکرێت، هاوشێوەی ناوچە سنورییەکانی باکوری هەولێر و رۆژهەڵاتی دهۆک.

لەبەرامبەردا مەحما خەلیل، قائیمقامی شەنگال جەختی لەو زانیارییانە کردەوە و رایگەیاند، حەشدی شەعبی بەم هەنگاوەی رێککەوتنی شەنگال لاواز دەکات، وتیشی: “هەتا ئێستا ئەندامانی پەکەکە لەناو شەنگالدان و حەشدیش گەیشتووەتە قەزاکە و هێزەکانی بڵاوەپێکردووە”، وتیشی: چەند لایەنێکی سیاسی هەیە نایانەوێت ژیان لە شەنگال بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

باسی لەوەشکرد، “بڵاوەپێکردنی هێزەکانی حەشد لە شەنگال هێمایەکی مەترسیدارە و گومانی ئەوە هەیە قەزاکە ببێتە گۆڕەپانی پێکدادانی نێوان هێزەکانی حەشد و هێزەکانی تورکیا، لێرەشدا دۆڕاوی گەورە دانیشتوانی شەنگال دەبن، بۆیە پێویستە قەزاکە لە هەر پێکدادان و ناکۆکییەکی دەرەکی و ناوەکی دووربخرێتەوە و رێککەوتنی شەنگالیش بەشێوەیەکی کردەیی جێبەجێبکرێت”.

حەشدی شەعبی بەم هەنگاوەی رێککەوتنی شەنگال لاواز دەکات

چوارشەممەی رابردوو، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا رایگەیاند، زانیاری هەواڵگریمان بەدەست گەیشتووە کە سوپای تورکیا نیازی هەیە هێرش بکاتەسەر چیای شەنگال، داوای لە حکومەتیش کرد رێوشوێنی تەواوەتی بگرێتەبەر و رێگری بکات لە دەستدرێژیکردنەسەر خاکی عێراق، وتیشی: “هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دەتوانن بەرگری لە خاک و خۆڵی نیشتیمانی پیرۆز بکەن”.

لەوبارەیەوە عەلی حوسەینی، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە میحوەری باکوری عێراق ئاماژەی بە گەیشتنی یەکە و هێزی نوێی سەربە حەشد کرد بەرەو شەنگال، وتیشی: ئامانجی ئەم هەنگاوە پتەوکردنی لایەنی ئەمنی چەند ناوچەیەکی قەزاکەیە بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەکەونە سنوری سوریا کە رەنگە لەلایەن داعشەوە هێرشیان بکرێتەسەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم هەنگاوە بە ئاگاداری حکومەت ئەنجامدراوە و ئامانجی شکستپێهێنانی رێککەوتنی شەنگال نییە، بەڵکو لەپێناو پتەوکردنی لایەنی ئەمنی ناوچەکە جێبەجێکراوە و هیچ ئامانجێکی سیاسی لەپشت نییە”.

وتیشی: هەندێک لایەنی سیاسی و بەتایبەتیش چەند لایەنێکی کوردی، هەوڵ دەدەن بابەتەکە بەلاڕێدا ببەن و وای نیشان بدەن کە بەبێ ئاگاداری حکومەت ئەو هێزانەمان بڵاوەپێکردووە و ئامانجی دیکەی سیاسی و ئەمنیمان هەیە، ئەمەش دروست نییە، هەر کاتێک ئاراستەیکی فەرمیمان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان یاخود فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا بەدەست بگات، راستەوخۆ لە ناوچەکە دەکشێینەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا