وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشەكەی هەولێر چی دەبێت؟

پۆڵەتیك پرێس:
هێرشە موشەكییەكەی ئەم دواییەی سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان پرسیاری ئەوەی وروژاند، ئایا جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا هەڵوێستی چۆن دەبێت، بەرانبەر ئەو گروپە چەكدارییانەی عێراق لەئێران نزیكن.

هەروەها پرسیاری ئەوەش وروژێنرا، ئایا وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشەكەی هەولێر چی دەبێت، كە زۆرێك پییان وایە، لەعێراق هێڵە سوورەكەی ئەمریكا بەزێنراوە.

زۆرێك پییان وایە، لەعێراق هێڵە سوورەكەی ئەمریكا بەزێنراوە

لەیەكەم كاردانەوەی هێرشەكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئیدانەی دوایین هێرشی موشەكی بۆ سەر هەولێر كرد، كە شەوی دووشەممە 15ی شوبات بنكەیەكی ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كردە ئامانج.

لە هێرشەكەدا بەڵێندەرێكی مەدەنی بیانی كوژراو پێنجی دیكەش بریندار بوون، هەروەها سەربازێكی ئەمریكیش برینداربوو.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نیویۆرك تایمز، سەرباری ئەو هێرشە، هێشتا ئامانجی ئیدارەكەی جۆ بایدن كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و میلیشیاكانییەتی لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لەعێراق.

ئامانجی ئیدارەكەی جۆ بایدن كەمكردنەوەی بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و میلیشیاكانییەتی لە ناوچەكەدا

بۆیە ئەمریكا دەرگای گفتوگۆی بەڕووی ئێران بەكراوەیی هێشتووەتەوە، بەتایبەتی لەپرسی رێككەوتنی ئەتۆمی، كە ئەوەش خواستی ئیدارەكەی جۆ بایدنەو دەیەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكرێتەوە.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا بە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزیان ڕاگەیاندووە، تا ئێستا لە پنتاگۆن هیچ قسە و باس و خواسی ورد لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ هێرشەكەی هەولێر نەكراوە .

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، بەرپرسانی ئەمریكا بە هەمان شێوە سەرزەنشتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەكەن، وەك لیواكانی حیزبوڵڵا و عەسیب ئەهل ئەلحەق، كە ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقی‌و هەرێمی كراوە.

بە وتەی بەرپرسان بایدن بەرژەوەندییەكی قووڵی كەسی لە عێراقدا هەیە، بۆیە نایەوێت دۆخی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان بەرەو گرژی زیاتر بڕوات.

بە گوێرەی وتەی كاربەدەستێكی وەزارەتی دەرەوەی وڵات، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش دەستی كردووە بەپێداچوونەوە بە سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق، كە ڕێگە دەدات بەنزیكبوونەوە لەمیلیشیا چەكدارییەكانی نزیك لەئێران.

ئیدارەی بایدن بیر لە گەڕاندنەوەی سەدان دیپلۆمات و كەسی سەربازی‌و بەڵێندەری ئەمریكی دەكاتەوە

هەروەها رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، ئیدارەی بایدن بیر لە گەڕاندنەوەی سەدان دیپلۆمات و كەسی سەربازی‌و بەڵێندەری ئەمریكی دەكاتەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكاتەوە، كە پێشتر لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا كشێنرابوونەوە.

ڕاپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، ئێستا ئەمریكا كار بۆ ئەوەش دەكات، كە كونسوڵخانەی خۆی لە بەسرە بكاتەوە، كە ترامپ لە ئەیلولی 2018دا دایخستبوو، ئەوەش دوای ئەوەی میلیشیاكانی عێراق بۆردومانی دەوروبەریان كردووە.

لەلایەكی تریشەوە، ئیدارەی بایدن بیر لە ناردنی یارمەتی مرۆیی زیاتر بۆ ناوچەكانی عێراق دەكاتەوە، كە بە زۆری لە ناوچەكانی ڕۆژئاوا و باكووردا، كە بە توندی لە لایەن داعشەوە زیانیان پێگەیەنراوەو ئاوارەبوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا