كەسوكاری زیندانیكراوەكانی بادینان بۆ دەسەڵات: تكایە زیاتر ئازارمان مەدەن

پۆڵەتیك پرێس

كەسوكاری زیندانیكراوەكانی بادینان راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا داوا دەكەن دەسەڵات لەوە زیاتر ئازاریان نەدات و خەڵک توڕە نەکەن.

لە راگەیەنراوی كەسوكاری دەستگیركراواندا هاتووە، رۆژی 16ی ئەم مانگە بە بریارێكی نا داپەروەرانە پێنج لە كەسوكارەكانیان كە رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی بوون لەكاتێكدا هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر نەبووە، بەڵام هەریەكە یان سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

دەشڵێن، “كەسوكارەكانمان لەو چەند مانگەی لە زیندان دابوون ئەشكەنجەدراون و هەڕەشەی ژن و مناڵیان لێكرابوو، بێ بەشكرابون لەو مافەی پارێزەریان هەبێت تا رۆژی دادگاییكردنیان”.

ئەوەش دەخەنەڕوو، بەداخەوە دەسەڵات بە رێگای ناراستەوخۆ هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی زیندانیكراوەكان دەكات.

دەشڵێن، “بۆ رایگشتی و ناوەندە جیهانیەكان رادەگەیێنین دروستكردنی ڤیدیۆ لە ژێر هەڕەشە و ئەشكەنجەدان كارێكی نایاسایی و نا ئەخلاقییە و ئەمكارە رەتدەكەینەوە و هیچ دانپێدانانێك لەژێر ئەشكەنجە یاسایی و حەقیقی نییە، ئێمە و خەلكَ زیاتر توڕە و ئازار ئەدەن و دەسەڵات سومعەی خۆیان و هەرێمەكەمان ناشیرینتر دەكات”.

ئەوەش دەخەنەڕوو، رێگە چارەسەر ئەوەیە كەسوكارەكانیان ئازاد بكرێن، داواش دەكەن هەریەكە لە نەتەوەیەكگرتوەكان، رێكخراو و ناوەندە جیهانیەكانی مافی مرۆڤ، كونسوڵ، باڵوێزخانەی وڵاتان لە هەرێم و بەغدا، پەرلەمانی كوردستان و عێراق و هەموو لایەك چاودێری پرۆسەكە بكەن و هاوكاریان بن.

دەشڵێن، “تكا دەكەین دادگای پێداچۆنەوە (تممیز) بە ئازادكردنی كەسوكارەكانمان كە هیچ تاوانێكیان نییە سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێ و ئاوێك بكاتە بەم ئاگرەدا كە هەموو لایەك لێی نارازییە، چونكە كەسوكارەكانمان بە ماددەی ١ی ژمارە ٢١ سزادراون لە كاتێكدا پێویست بوو بەپێ یاسای ژمارە (٣٥)ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە (١١) خۆپیشاندانەكان مامەڵەیان لەگەڵ بكرایە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا