ئەگەر نیازە كۆببنەوە

دەنگۆی داواكاری مەسعود بارزانی بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ لاهوری شێخ جەنكی هاوسەرۆكی یەكێتی گەرم‌و گوڕەو بابەتی میدیاكانی سلێمانییە .
گرنگ نییە ئەو هەواڵە تا چەند ڕاستە، گرنگ ئەوەیە ئەو كۆبوونەوەیە چەند گرنگە، بۆ هەتا ئێستا ڕووی نەداوە، چی دوژمنایەتییەك، ڕقێكی ئەستور، بەرژەوەندییەكی باڵا هۆكاری ڕوونەدانی ئەو كۆبوونەوە چارەنووسسازەیە، كە بە بۆچوونی من زۆرێك لە كێشە هەڵپەسێراوەكانی بەغداو هەرێم، یەكێتی‌و پارتی، ئاشتەوایی نیشتمانی‌و….هتد چارەسەردەكات .

كێ ئامادە نەبووە كۆببێتەوە؟
ڕاستەوخۆ دوای نەخۆشكەوتنی رەوانشاد مام جەلال، كاك مەسعود بەسەردانێك گەیشتە سلێمانی‌و دوای نیوەڕۆ خوانێك لەماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ (جێگری سكرتێری گشتی ئەو كاتەو سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئێستای یەكێتی)، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیمان بۆ سازداو وتەكانی ئەو كاتەی ساڕێژكەری برینی بێ مام جەلالی بوو بۆ یەكێتییە دڵشكاوەكان .

كاك مەسعود وتی: نەخۆشییەكەی مام زۆر جدییە، من دەبمە مامێكی تر بۆ یەكێتییەكان‌و هەرواش بوو، كۆبوونەوەیەكی بە هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كردو وەك مام و كاك هەڵسوكەوتی كرد .

دوای ئەوە چی ڕوویدا؟ ئایا هەر بە ڕاست بوو بە مام و كاك؟ نەخێر ئەو ڕۆشتنە ڕۆشت نەهاتەوە، یەكێتییەكان مامیان چوو كاك مەسعود دڵنەوایی نەكردن، كێشەكانیان زیادی كرد، تەكەتول دایڕزاندن، كۆبوونەوەیەكیان پێنەدەكرا، پەیوەندییە ناوخۆیی‌و هەرێمی‌و عێراقی‌و نێودەوڵەتییەكانیان، كە دەیان ساڵ مام گەیاندبووییە لوتكە، هەرەسی هێنا، بەستنی كۆنگرەیەك بووبووە گەڕانەوەی عیسای مەسیح .

یارو نەیار، چاوەڕوانی هەرەسی یەكێتییان دەكرد، كار گەیشتە ئەوەی چەند سەركردایەتییەكی یەكێتیش بنەو بارگەیان پێچایەوەو ڕوویانكردە حیزبەكەی كاك .
دوای ململانێیەكی تاقەتپڕوكێن، یەكێتییەكان (بەسەرجەم تەكەتولەكانیانەوە)، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی (مانەوەیان، سەروەرییان بەندە بەیەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە)، ڕێككەوتن كۆنگرەیەك ببەستن، كێشەكانیان چارەسەر بكەن، نەفرەت لە تەكەتول بكەن، كۆنگرەیەكیان كرد (ئەو كۆنگرەیە چۆن كراو، چی ڕوویدا و ئایا ئەنجامەكەی ئەوە بوو، كە یەكێتییەكان تەمەننایان دەكرد، سەركردایەتییە نوێیەكە لەئاستی گەورەیی مێژووی یەكێتیدان، چەند سەركردایەتی بە كەڵكەو چەندی بێكەڵك) بابەتێكی ترەو پێویستی بەلێكۆڵینەوەو توێژینەوەیەكی تێرو تەسەل هەیە.

بەڵام بۆ كاك مەسعودو پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستاش نە پیرۆزباییەكیان لەكۆنگرە كردو نە ئەنجامەكەشیان قبوڵە؟

ئایا یەكێتی وەك حیزبێك، هاوپەیمانێك، ڕەتدەكەنەوە، یان هاوسەرۆكانی یەكێتی بەتایبەتی لاهوری شێخ جەنگی وەك ئەمرێكی واقیع نە قوت دەچێت نە هەرس دەكرێت؟

ئایا پارتی نەگەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی، كە بە بێ یەكێتی هیچی پێناكرێت و ڕۆژ بەڕۆژ دابڕاوترو گۆشەكیر تر دەبێت؟ ئایا پارتی نەگەیشتووەتە قەناعەتێك، كە سیاسەتەكانی (ناوخۆیی و كوردستانی و عێراقی) بە تونێلێكی تاریكدا گوزەر دەكات؟

ئایا سیاسەتی نەوتفرۆشی و دابینكردنی قوت‌و ژیانی خەڵكی كوردستان لە لێواری هەرەسدا نییە؟

ئایا كۆتایی هێنانی قەوارەی هەرێم‌و بودجەی هەرێم مەترسییەكی گەورەو حەقیقەتێكی حەتمی نییە لەسەر دەستی پارتی؟

ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە مەسعود بارزانی لەچوارچێوەی عەشیرەتگەرایی‌و توندڕەوی حیزبایەتی بێتە دەرەوەو ببێتەوە كاك‌و مامی یەكێتی‌و پارتییەكان و فریادڕەسی ئەم هەڕیمە پڕ لەقەیران‌و هەرەسە؟

ئایا چی دەبێت، چی ڕوودەدات ئەگەر بێتە سلێمانی و سەرێك لە مەزاری مام بدات‌و نیوەڕۆ خوانێكی دی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای یەكێتی و هاوسەرۆكان و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا ئەنجام بدات‌و كۆبوونەوەیەكی فراوانی هەموو پارتە سیاسییەكانی كوردستان بسازێنێت و ببێتەوە مام و كاك و ڕێبەرو مەرجەعی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی‌و نەتەوەیی بخاتە پێش بەرژەوەندی پارتی‌و بنەماڵەو دەوڵەتانی چاوچنۆكی دراوسێ؟

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا