بافڵ تاڵەبانی مێسی نییە!

وێڕای ئەوەی کە یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکییە لە حوکمڕانی، بەڵام سروشتی کارکردنی سەرۆک وەزیران لە کابینەی نۆیەمدا بەجۆرێک بو کە شانی ئەو حزبە هەتا ئەندازەیەک سوکتربێت لەو بارە گرانەی کە هێزە حوکمڕانەکان کەوتوەتە سەرشانیان لە ڕەوتی خراپیی چوارساڵەی کابینە سێقۆڵییەکەدا.

جیاوازی لە خزمەتگوزاریەکان لە لایەک و گواستنەوەی داهاتەکانی سلێمانی بۆ هەولێر لەلایەکی دیکەوە کە یەکەمیان لە سۆنگەی باڵادەستی پارتی لە کوردستان و دوهەمیشیان لە سۆنگەی باڵادەستی جەماوەری گۆڕان بو لە سلێمانی، دەرفەتی بۆ یەکێتی ڕەخساند، لەسەردەمی زیانمەندیدا، وەک هێزێکی سودمەند بە پێیەک لە تخوبی حوکمڕانی و بە پێیەکیش لە تخوبی ئۆپۆزسیۆنی بوەستێت!

لە سەردەمی کۆرۆناوە بۆ بایکۆتی جێگری سەرۆک وەزیران و بایکۆتی ئێستای مامۆستایانی ناڕازی، یەکێتی بە شێوەیەکی زیرەکانە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بو، لە پەیڕەوی هاوسەرۆکیدا لاهور شێخ جەنگی و لە شێوازی تاکسەرۆکی ئێستاشدا بافڵ تاڵەبانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئیعتوبارە نەریتییەکان (بێگومان بە جیاوازی ڕۆڵیان) توانیان بە باشی ڕوبەڕوی حەقیقەتی پاشکۆبونی حزبەکەیان ببنەوە و سەرکردایەتی دیسکۆڕسێکی هیوابەخشی جەماوەرەکەیان بکەن بۆ گەڕاندنەوەی حزبەکەیان بۆ پێگە شایستەکەی.

ئەگەرچی یەکێتی لە کێشەی نەمانی سەرۆکەوە کەوتە ناو کێشەی بونی دو سەرۆکەوە و دواتریش لێکەوتەکانی 8 ی تەمموز هاتنەگۆڕێ، بەڵام دیسان دەرکەوتنی بافڵ تاڵەبانی بە گڕوتین و جوڵەی نائاسایی زۆرەوە، یارمەتی یەکێتی دا هەتا بەکاریگەرییەوە بێتەوە ناو کایەی ململانێیەکەوە، بەتایبەت کە سەرۆکی یەکێتی بەهەمان میتۆد و میکانیزم کە پارتی لە بەرامبەر یەکێتی گەمەی سیاسی پێدەکات حزبەکەی بردە ناو سروشتی ڕکابەریەوە.

ڕاستە بافڵ تاڵەبانی ئەزمونی سیاسی زۆر نییە، بەڵام لە ڕاستیدا گۆڵکەرێکی باشە ئەگەرچی گرفتی گەورەی بەردەمی سەرکەوتنەکانی ئەو تیمەکەیەتی کە بەدەستی خۆی لەناو باشترینەکان دەستی بۆ خراپترینەکان بردوە.

لەهەر کوێیەک یارییەکە پێویستی بە تیمێکی باش بێت، یەکێتی ئەگەر سەرکەوتنیش تۆمار بکات تامی ئەو سەرکەوتنە ناچێژێت، دواهەمین نمونەش بابەتی مامۆستایانی ناڕازییە کە ئەو حزبە لە سواری شەپۆلەکەوە وا خەریکە دەکەوێتە ژێر شەپۆلەکەوە، بەمەش وێڕای یارییەکی باشی سەرۆکەکەی، فاوڵی تیمەکەی، لە باشترین حاڵەتدا لەگەڵ پارتی یەکسانی دەکات، ئاخر وەک دەرئەنجامێکی ماتماتیکی وایە قەدەری سەرکەوتنەکانی یەکێتی گرێدراوی قەدەری سەرکەوتنی پێکەوەیی سەرۆک و تیمەکەیەتی، چونکە لە باشترین پێکچواندندا بافڵ تاڵەبانی ڕۆناڵدۆیە و  مێسی نییە!

سلێمان عەبدوڵا یونس

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا