کۆماری یەکەم
ئەزمونی هەرێمی کوردستان لە دوا ساتەکانی ئەم فۆڕمە سیاسیە مێژوییەی خۆیدا دەژی. لەڕاستیدا ئەم ئەزمونە لە ڕەوتی 33 ساڵەی خۆیدا چانسێکی زۆری بەدەستهێنا و هەمو شێوازەکانی بەردەوامکردنی خۆیشی تاقیکردەوە، بۆیە ئێستا لەبەردەم حەقیقەتی سفر چانسە و گەیشتوە بە دوڕیان، یا بەرەو روخانە یان بە ئاڕاستەی کۆتاییهاتنی ئەزمونی یەکەمی خۆیەتی، وەک ئەوەی لە ئەزمونی شۆڕشی فڕەنسیدا، بەسەر کۆماری یەکەمدا هات.
دو کێماسی خودکوژ
ئەم ئەزمونە لە چرکەساتی دروستبونیەوە خالقی دو کێماسی خودکوژییە، یەکەمیان کە نەیتوانی ئەزمونێکی دیموکراسی بێت. دوەمیش ئەوەیە کە ئەم ئەزمونە نەیتوانی ئەزمونێکی فرەیی سیاسی ڕاستەقینە بێت. چونکە لەلایەک لەیەکەمین هەڵبژاردنی مێژویی خۆیدا (1992) لە بری چونە ژێرباری ئەنجامەکان، پەنا بۆ سازانی ڕەها دەبات. لەلایەکی دیکەشەوە، خودی سازانەکە (وەک بنەما بۆ پینەی عەیبەکانی دیموکراسی) لەڕەهابونیدا دوهێندەی پۆزەتیڤبونی، نێگەتیڤبونی لێکەوتەوە لەبەرئەوەی بە کردەیی سیستەمی دو جەمسەری پەنجا بە پەنجای حزبی بنیاتنا و بواری فرەحزبی هەر بەڕوکەش هێشتەوە!
ئەزمونی دو جەمسەری
کاتێکیش سازانی ڕەها شوێنی دیموکراسی و دو جەمسەریش شوێنی فرەحزبی گرتەوە، یەکێتی و پارتی مۆدێلێکی کوردی دو جەمسەری تێکەڵیان داهێنا. مۆدێلکیان داهێنا کە لە نەزمی سیاسەتی جیهانیدا هاوشێوەی نەبو چونکە لە مۆدێلی سیاسی جیهانیدا یان مۆدێلی دو جەمسەری ڕەق یان مۆدێلی دو جەمسەری نەرم، وەک ئەزمون بەرچاو دەکەون. بەڵام لەم مۆدێلە کوردییەدا، جوت جەمسەرگیری نەشاز، لە “شەڕی ماددی فعلی” و “ڕێکەوتنی مەعنەوی فعلی” وەک شێوازی دوانەیی دژبەیەک لە دایک دەبێت، کە یەکەمیان لە شەڕی ناوخۆ و دوەمیان دواتر لە ڕێکەوتنی ستراتیژیدا بەرجەستە دەبێت.
گۆڕان وەک پەرچەرداری جوت جەمسەری
دوای ڕوخانی بەعس و سەرهەڵدانی مۆدێلی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر بە سەرۆکایەتی هەرێم نەخشەی ململانێی حزبی و سیاسی هەرێم ڕو لە ناهاوسەنگبون دەکات، بەجۆرێک دەتوانین بڵێن ئەم ناهاوسەنگبونە دەبێتە هۆکار بۆئەوەی مۆدێلی دو جەمسەری کوردستان، بەرەو مۆدێلی یەکجەمسەری بە قازانجی پارتی پاشەکشە بکات. بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی باڵی ڕیفۆرم و بزوتنەوەی گۆڕان کە یەکەمیان وەک پەرچەکردار بۆ دیفاکتۆی بەغداد بەرامبەر بە هەولێر دەرکەوت و دوەمیشیان وەک فۆڕمێکی نوێ لە ئۆپۆزسیۆن لە ناو دابەشکاریە تەقلیدیە باوەکەدا لە هەرێمی کوردستان خۆی دەرخست.
حاکمێکی ڕەھا و ئۆپۆزسیۆنێکی بێقۆڵ
لێرەدا دیفاکتۆی دو زۆنی توشی وەرچەرخانێکی جیاوازی سیاسی و حزبی هات، وەچەرخانەکەش بەجۆرێک بو کە لە جەمسەری یەکەمدا ماڵباتخوازی و هەژمونگەری تاکحزبی بەڕونی کرایە شوناس. لەدوەمیشیاندا دو سەرداری بەرهەم هات، دو سەردارییەک کە تیایدا جەمسەری دوەم دابەشی دو سەری خاوەندارێتی تەریب و دژبەیەک دەبێت. لە دەرئەنجامی هەردو وێنابونەکەشدا درزی جیاوازیەکان بەرینتر دەرکەوت، بە جۆرێک لە تخوبی زەرد حاکمێکی ڕەها، لە جەمسەری سەوزیش حوکمدارێکی تاکدەست و ئۆپۆزسیۆنێکی بێقۆڵ دێنەئاراوە. لە جەمسەرە زەردەکەدا هێزی ماڵباتخوازی و هەژمونی تاکپارتی دوای 31ی ئاب هەیە، لە جەمسەری دوەمیشیاندا حوکمڕانیەکی پەککەوتە و پۆپۆلیزمێکی عەبەسی فرەگوتار و بێکردار کەسەرئەنجام پێکەوە دەبن بە دیفاکتۆیەکی نابەڵەد بە ژیانی سیاسی هەرێم و نابەدڵ بەخواستی خەڵکەکەی!
ھەڵمەتی زەرد ، لێستاندنی کۆمار و کەرکوک
لە ئێستاشدا لە ژێر کاریگەری دوانەیی ھۆکارە ناوخۆیی و دەرکیەکان، دۆخی ھەرێم بەگشتی و دۆخی زۆنی سلێمانی بەتایبەتی لە قۆناغێکی ناهاوسەنگەوە بۆ قۆناغێکی ناهاوسەنگتر چوە. لە ئاستی ھەرێمدا، نائومێدی لە دەسکەوتەکانی کوردایەتی و لە ئاستی سلێمانیشدا نیگەرانیەکان سەبارەت بە ھاوبەشی و ئەندازەی کارایی یەکێتی وەک ھێزێکی ڕێبەر و شەکەت لە سلێمانیدا دەبینرێت. بەتایبەت پاش گۆڕانکارییە کتوپڕ و بورکان ئاساکانی ناو کۆنگرە و دوای کۆنگرەی چوارەم کە ھۆکاربون بۆ دو پاشھاتی تاڵ؛ یەکەمیان لێستاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانە وەک دواهەمین پێگەی یەکێتی لە جومگە سیادیەکانی هەرێم. دوەمیشیان چاوتێبڕینی کڵپەسەندوی پارتییە لە پشک و بەرکەوتەکانی کەرکوک و کۆمار، کە حاڵی حازر لەم نێوەندەشدا پارتی نیوەڕێگای لێستاندنی لە یەکێتی بڕیوە.
لێدان لە کوردستانێکی بەھێز
کوشندەیی ئەم دو پاشھاتە تاڵەی سەرەوە بۆ یەکێتی ھەر بەتەنیا خۆیان نین، بەڵکو هاوشانی ئەو دو پاشهاتە کۆمەڵێک وردە پاشھاتی دیکەش هەن، بەتایبەت کاتێک دەبینین هێرشەکانی پارتی بۆ سەر ناوچەکانی یەکێتی تەنها بەھێرش بۆ داگیرکردنی سەر زەمینەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو ئاسمان و کایەکانی دیکەش دەگرێتەوە کە دەکرێت بە هەڵمەتی زەرد ناوی ببەین. هەڵمەتێکی زەردی دوسەر کە بەبارتەقای لێدان لە یەکێتی، لێدانی پارتی لە خۆشیەتی وەک ھێزی خاوەندار بەسەر تێزی کوردستانێکی بەھێزەوە. بەتایبەت داخستنی فڕۆکەخانە و لە ئەستۆنانی شکستی خزمەگوزاریەکانی ناوچەی سلێمانی، کە ئەمیان بەرھەمی یارییەکی ناوچەیی تێکەڵی نێوان پارتی و ئاکپارتی تورکیایە، ئەویشیان زادەی زاڵی گوتاری میدیایی پارتییە بەسەر یەکێتیدا. یەکێتی وەک هێزێکی سەرەکی بەڵام شەکەت بە جەنگ و شپرزە بە گەمارۆ و ڕوداویی دیکەی جۆربەجۆر کە زۆرجار لەباشترین حاڵەتدا تەنھا خاوەنی دیسکۆڕسێکی بەرگری نێگەتیڤە.
کێ داهاتو دەباتەوە؟
ڕەنگە ئێستا پرسیاری عەوام و ھەندێک لە دەستەبژێریش لەم وتارە ئەوەبێت کە چارەسەر چییە؟ لێرەدا وەڵامەکە بەو پرسیارە دەدەینەوە کە مامجەلال و بە عەرەبی نوسی و شەھید ئارامیش کردی بە کوردی “یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆچی؟” پرسیارێک لەو سەردەمەوە بۆ ئێستا، وەڵامی پەیوەست و پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و چارەنوسی کوردایەتیش لە وێستگەی جیاوازەکاندا بە ھەردو دیوی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ دەداتەوە.
جەدەلی ئەم پرسیار و وەڵامە لەناو هەڵبەزودابەزی ڕۆژگاردا فرەیە و تێکەڵە لە ئومێد و نائومێدی و پڕیشە لەسەرکەوتن و شکست.کارلێکەکانیشی بۆ یەکێتی و بۆ هەرێمی کوردستانیش بەدەر لەچۆنیەتی دۆخی ناوخۆ و هەلومەرجە بابەتیەکان بەردەوامە. لەڕاستیدا ڕەنگە کاریگەری و کارلێکەکانی لەوەش زیاتر بێت و رایەڵەکانی گرێدەرەوەی نێوان ئێستا و داهاتو بێت، یان لە هەناوی خۆیدا ببێتە هەڵگری وەڵامێکی نوێ و جیاوازیش بۆ ئەو پرسیارە سەرەتایی و دێرینە . جا دەستەبەربونی ئەو وەڵامە لە ئاستی ڕێبەرێکی خاوەن لیاقەی سەرکردایەتی وەک مامجەلال بێت، یان لەلایەن دەستەبژێرێکی شایستەی وەک سەرکردایەتی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بێت. چونکە دەشێت یەک لەمانە بێت و لە هەلومەرجێکی نوێدا پێمان بڵێت کە کێ داهاتوی یەکێتی و سلێمانی و تەنانەت خاوەندارێتی وێستگەی دوەم و داھاتوی قەوارەکەش دەباتەوە و دەبێتە گۆدۆیەک بۆ هاوسەنگی لەسەردەمێکی نوێدا. گۆدۆیەک لە توانایدا بێت دۆخی ناسروشت و هەڵئاوساوی کایە سیاسیەکە وەک دۆخی دوای نسکۆی ساڵی 1975 دور لە هاشوهوش هاوسەنگ بکاتەوە!