نەوتی رەش و بەختی ڕەش

داواكردنی لێوەرگرتنەوەی هەموو دۆسیەی نەوت لەهەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا، دەرئەنجامی پەرتەوازەیی و بێدەرەتانی كوردە لەم قۆناغەدا، ئەم پەرتەوازەیی و بێدەرەتانییەش دەریٔەنجامی سیاسەتی تاكڕەوانەو پەراوێزخستن و نەبوونی شەراكەت و بەیەكەوە بڕیاردانە لەهەرێم.

سەرەتای باسكردنی ئابوریی سەربەخۆ، لەسەر ئاستی سیاسی لەهەرێمی كوردستان، هەموو لایەنەكان پشتیوانیان لەدەرهێنان و فرۆشتنی نەوتكرد، چونكە بەشێك لەكاربەدەستانی هەرێم، پرسی نەوت و فرۆشتنیان بەستەوە بەپرسی نەتەوەیی و گەیشتن بەسەربەخۆیی. گوایە بۆیە نەوت دەردەهێنن تاوەكو ببێتە قەڵغانی پاراستنی هەرێم و بەستنەوەی بەرژەوەندی وڵاتان بەهەرێمی كوردستان، بەكورتی دروستكردنی لۆبی لەسەر یٔاستی نێودەوڵەتیی.

لەسەر ئاستی كۆمەڵگای كوردستان، ئەو كاربەدەستانە بانگەشەی زۆر قەبەیان دەكرد، تەنانەت هەبوو دەهاتە سەر شاشەی بانگەشەی بەدوبەیكردنی كوردستانی دەكرد! لەبانگەشەی هەڵبژاردن دا باسی مانگانەو پشكی هاوڵاتیانی لەفرۆشی نەوتی هەرێم دەكرد.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر 12 ساڵ، دەركەوت نەك خۆشگوزەرانیان بۆ خەڵكی كوردستان دابیننەكرد، یان پرسی كوردیان نەبردە قۆناغێكی نوێ‌، بەڵكو ئەوانەی پێشەنگی ئەو سیاسەتەبوون شكستێكی گەورەیان بەسەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان ساغكردەوەو بارگرانییەكی زۆر گەورەیان بۆ خەڵكی كوردستان بەجێهێشت. ئێستا هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست گیرۆدەی دۆخێكی زۆر خراپی ئابوریی بوون.

ئەو نەوتەی میللەتانی لەدەوار نشینەی كردە شارستان و بووە نیعمەتێكی خوایی، بۆ ئێمە بووە بەختێكی رەش و چارەنوسێكی خراپ.

لەسەر ئاستی سیاسی، رێگەیان نەدا جگە لەخۆیان هیچ گروپێك بەشداربێت لەداڕشتنی سیاسەتی بەرەو سەربەخۆبردنی ئابوریی بەتایبەت نەوت.

زنجیرەیەك گرێبەست و رێككەوتنی سیاسی و ئەمنیان لەپەنای دۆسیەی نەوت كردو ئێستا خۆیان و هەرێمی كوردستانیان گیرۆدەی دۆخێك كردووە، مەگەر یەكێكی وەك (محەمەد موسەدەق- 1883-1967) بێت ئەم دۆخە رزگاربكات، ئەگینا لەكوێی دونیا بووە زیاتر لە 50% فرۆشی نەوت تەخشان و پەخشان بكرێت. بۆیە ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی لەكوردستان ئامادەنییە لەڕێدا لەگەڵیان بڕوات و پشتیوانیی لەو گروپە بكات.

ئەو گروپە تەنها پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیان لەدەستنەداوە، بەڵكو لەسەر ئاستی جەماوەریی بۆشاییەكی گەورە دروستبووەو ناڕەزایەتیی گەورە دروستبووە، بەجۆرێك لایەنە سیاسییەكان و خەڵك پشتیوانیی لەفرۆشتنی نەوتی هەرێم دەكەن لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە نەك یٔەو گروپەی هەرێم، پێیانوایە ئەگەر بەغدا نەوتەكە بفرۆشێت شەفافترو خاوێنتر دەبێت و داهاتەكەیشی باشتر دەگاتە دەست خەڵك. هەر یٔەم سیاسەتە وایكرد پیرەژنێك لەبادینانەوە بەمستەفا كازمیی بڵێت “كوردستان ئەمانەتی تۆیە” یان لەسلێمانی یٔاڵای عیراق هەڵبكرێت و لەهەولێرش لەڕۆژی یٔاڵای كوردستان، كەس تاقەتی بەرزكردنەوەی ئەو یٔاڵایەی نەبێت كە هەزاران هەزار گەنج و لاوی كوردستانی لەپێناودا بووەتە قوربانی.

سەرتیپ جەوهەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا