سەرەتای حیزبی كوردی كە لەسەر ڕێبازی كوردایەتی خۆی فۆرمەلە كردووە ، دروشمی یان كوردستان یان نەمان ی كردووە بە مانفێست .
یان كوردستان یان نەمان دروشمێكە لەهەناوی خۆیدا هەڵگری دیدی تەگەرەخوازی و ڕێگریە لەژیان . ڕێبازی كوردایەتی لەو دروشمەوە نیشانی ئەدات جگە لەخۆی هیچ جۆرە بوونێكی تر ، هیچ جۆرە ژیانێكی تر ، هیچ جۆرە بیركردنەوەیەكی تر قبوڵ ناكات .
دنیابینی ڕێبازی كوردایەتی لەو دروشمەوە سەر بەدوو دنیایە . دنیایەكیان كوردستانە ، بەڵام دیارنیە ئەو كوردستانەی لەبەرامبەر مردندایە دەیەوێت چ جۆرە ژیانێكی تیادا بكرێت ؟
ئایا لەم مۆدێلی ژیانەیە كە ئێستای خەڵك لەسایەی حیزبی كوردایەتیدا دەیگوزەرێنێت ؟ ئەگەر نەگەشت بەو مۆدێلی ژیانەش كە خۆی دەیەوێت ، ئەوا نەمان ( مردن ) بەشایستەی خەڵك دەزانێت . لە پراكتیكدا دەكاتە یان من ( منی حیزب) یان نەمان ( مردن )
ئەم دیدە تەگەرە ئاسایە لە ژێر دروشمی وروژێنەری وەك یان كوردستان یان نەماندا ، لە ڕووی سیوسۆلۆژیەوە هاوشێوەی ئەو ئایدیۆلۆژیە ئایینانەیە كە پێ ی وایە ژیان بەبێ پرەنسیبەكانی ئەو شایەنی مانەوە نیە . بۆیە دەبێت یان ئەو بێت وەك ئایین یان مردن هەبێت .
وروژاندنی كۆمەڵگە بەپێ ی ئەو دروشمانەی هاندانی دەستەجەمعی خەڵكی لێدەكەوێتەوە ، جۆرێكە لەفێڵی سیاسی بۆ مانەوە و بەردەوامی حیزب لەناو كۆمەڵگەدا . دەستەواژەكانی شەرەف ، سەربەرزی ، قارەمانی … هتد ، شوێنی تێگەیشتنی ئازادی و ماف و دادپەروەری دەگرنەوە . بیركردنەوەی خەڵك لەو دروشمانەدا خاڵی دەكرێتەوە كە حیزب دایاندەهێنێت . گۆڕانكاری لە تێگەیشتنی ژیان و مانەوەدا دەكات بۆ بەستنەوەی مانەوە و ژیان بە مانەوەی خۆیەوە . ئەوەش تەگەرە گەورەكەی بەردەم بیركردنەوەی تاكە وەك مرۆڤ . بۆیە لەماوەی سی ساڵی حوكمڕانی كوردیدا وەك ئەوەی حیزب لەو پەڕی دواكەوتن و چەقبەستوویدایە ، مرۆڤی كوردیش پێش حوكمڕانی كوردی تێگەیشتنی بۆ ئازادی و هیواخوازی بۆ ژیان لە ئێستای زۆر باڵاتربوو .
هونەر تۆفیق