نەوت لای پارتی “ستراتیژە”

هیچ وڵاتێك هێندەی سعودیە نادیموكراتیك نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. نە هەڵبژاردن، نە مافی مرۆڤ و نە ئازادیی قسەكردن لەو وڵاتە نین. پیاوەكانی محەمەد بن سەلمان لەناو كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە رۆژنامەنوسێكی هەرە بەناووبانگیان پارچەپارچە كرد. ژن لە سعودیە هیچ ئازادییەكیان نییە. سعودیە سپۆنسەری تیرۆری كردوە. نەوت نەبێ چی سعودیە و ئەمریكا بەیەكەوە دەبەستێتەوە و سعودیە دەكاتە یەكێك لە هاوپەیمانە ستراتجییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە؟

بنەماڵەی ئال سعود نەوت نەبێ بە چی دەتوانن سەد ساڵ حوكمڕانیی ئەو وڵاتە بكەن و خەڵكەكەی بچەوسێننەوە و لە یەمەن خەڵك بكوژن؟

لای پارتی نەوت ستراتیژە بۆ هێشتنەوەی بنەماڵەی بارزانیی و پارتیی وەك سەرداری كوردستان. لای پارتی و بنەماڵەی بارزانیی كە رێكناكەون لەگەڵ بەغداد نە مەسەلە بەغدادە و نە سۆمۆ و نە ژمارەی بەرمیل. لای پارتیی و بارزانیی و بنەماڵەی بارزانیی، نەوت تاكە ئامرازی كۆنترۆڵكردنی ئاساییش و میلیشیاكانیانە. نەوت دروستكەری پەیوەندیی نێودەوڵەتییە. نەوت تاكە ئامرازی بردنەوەی هەڵبژاردنە. نەوتە وا دەكات نێچیرڤان بارزانیی و مەسرور بارزانیی نەخۆشخانە، خوێندنگە، میدیا، رێكخراوی خێرخوازیی، كۆمپانیا و تەنانەت باڕ و دیسكۆی تایبەت بە خۆشیان هەبێت، هەروەك چۆن یەكێتییش.

لای پارتیی و بارزانیی نەوت ستراتیژە، ستراتیژی مانەوەی خۆیان. ئەوان كوردستانێكی برسی كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیان بێت لایان باشترە لە كوردستانێكی سەرفراز كە خەڵكەكەی و فەرمانبەرانی حكومەت و ئەندامانی پۆلیس و پێشمەرگە بەئازادیی دەنگبدەن.

جگە لە تۆقاندن و پارە پارتیی چی هەیە بە گەلی كوردستانی ببەخشێت؟ فیكر و ئایدیۆلۆژیا، پڕۆژە. ئێوە تەماشابكەن، قەت بیستوتانە مەسرور بارزانیی باسی مافی منداڵ و مافی ژن بكا، یان باسی عەدالەتی كۆمەڵایەتیی و ئابوریی بكات، یان باسی ئەوە بكا كە چۆن لە هەولێر كەلتور پێشبخات، یان ژینگەی شار خاوێن بكات. نا، هەرگیز. ئەوەی لای ئەو گرنگە نەوتە تا فەندی میلیشیاكانی خۆی بكا، جا چ میلیشیای چەكدار بێت یان هی مەدەنیی، بۆ نمونە میدیاكانی.

پارتی لە یەك حالەتدا لەگەڵ بەغداد رێكدەكەوێت؛ كە مەترسیی فشاری خەڵك وای لێ بكات ترسی راپەڕینیان لا دروستبێت. ئەمڕۆش رێكبكەون سبەی كەمێك دۆخەكە بگۆڕێت تێكیدەدەنەوە. وەك گوتم، مەسەلەكە دەستور و خەڵك و كوردستان و كوردایەتیی نییە، مەسەلەكە نەوتە. پارتیی نەوتی نەبێت توركیا حیسابی بۆ ناكا، ئەمریكا بە لایەوە گرنگ نابێت. پارتی نەوتی لە بن دەست نەبێت چۆن بتوانێت زانكۆی كوردستان، هەولێر، میلیشیاكان، كوردستان ٢٤، رووداو، دەزگای بارزانی، دەزگای روانگە، كۆمپانیای كار و سەدان و هەزاران دەزگای تری گەورە و بچوك فەند بكا؟

پارتی ئەگەر نەوتی لەبن دەست نەبێت ناتوانێت لە بارزانییش كۆنترۆڵی خەڵك بكات دوای ئەو هەمو ساڵە دڵڕەقیی و گەندەڵییە. هەروەك چۆن ئەگەر بنەماڵەی ئال سعودیش نەوتیان نەبێت و محەمەد بن سەلمان خاوەنی ئەو ملیاران دۆلارە نەبێت لە ئەوڕوپا و ئەمریكا بەدڵنیایی بە بیانوی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ رۆژانە راپۆرتی لەسەر دەنوسن.

كەمال چۆمانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا