لە نێوان ئارام و هاوڕێكانیدا

شەهید ئارام كەسێكی مرۆڤ دۆست و ئازادیخواز بوو ، كەسێك بوو قوربانی دەر ، ئەو قوربانی بە خۆی ئەدا بۆ گەل ، نەك وەك هەندێك قوربانی بە گەل دەدەن بۆ خۆیان ، یانی بە ناوی شۆڕش و قسەی زل و خەباتەوە خەڵك دەكەنە قوربانی خۆیان ، ئارام دەستبەرداری خۆشی و ژیان و ئارامی شار بوو بۆ ئەوەی خەبات بۆ ئازادی مرۆڤ بكات ، ئەو هەر لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو ، لەو زنجیرە وتارەدا كە پێشتر لە هاوكاری بڵاوی كردبوەوە و باسی شۆڕشی گەلانی دەكرد نمونەی قوربانی دان و گیانفیدایی نیشانی ئەوانی دیكە دەدا .

ئارام رۆیشتە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆی بكاتە بەردە بازی سەركەوتنی گەل ، ئەو بە تەزویرو قۆپیەو ساختە نەبووە خاوەن بڕوانامە، بە هیمەتی خۆی ئەندازەی تەواو كرد ، كە تەواوی كرد وتی ئیدی كاتی ئەوەیە كوردستان رزگار بكرێت ، ئەو ئەزمونی وڵاتانی ئازادی خوازی خوێندبوەوە ، دەیزانی دەبێت چی بكرێت ، لە هەناوی گەلەوە هاتبوو ، بیری لای بنەماڵەو خێڵ و دەستەو تاقمێكی تایبەت و سەر بە خۆی نەبوو ، بیری لای گشتە خەڵك بوو ،هەرگیز خەیاڵی ئەوەی نەبوو گەل بكاتە پەیژەی سەركەوتنی خۆی ، ئارام نمونەی مرۆڤی هۆشیاری قوربانی دەر بوو ، ئەمە جیاوازیەكی گەورەو قوڵە لە گەڵ هەموو ئەوانەدا كە باسی دادپەروەری و یەكسانیان دەكردو دواتر بوونە ملیۆنێری دۆلارو هێشتاش تێر ناخۆن .

چۆن كەس نابێتە ئەنگڵس ئەو پیاوەی سامانەكەی باوكی خستە خزمەتی یەكسانی و ئازادی مرۆڤەوە ، كەسیش نابێتە ئارام ، ئەو ئەوانی تری هەڵبژارد بۆ ئازادی ، دەنا خۆی بە بیرو باوەڕ ئازادی ئازاد بوو ،بۆ كردنەوەی دەرگای ئازادی بە ڕووی ئەوانی تردا ژیاو بۆ ئەوانیش رووبەڕووی مەرگ بوەوە ، ئەمە ئەو پەڕی جیاوازیە لەوانەی ئێستا شانازی بە ڕێبازەكەیەوە دەكەن و خۆیشیان لاسای ژیانی فیرعەون و نەمرود و هارونە رەشید دەكەنەوە ، مرۆڤ ناچاری كەوی بوون و پەشیمان بونەوەو ملدان دەكەن بە ستەم ، لە كاتێكا ئارام بۆ لادانی ستەم لە سەر مرۆڤ رێی خەباتی گرتە بەر .

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا