تەنیا باڵندەیەك قەدری هێلانەكەی گومەزی مزگەوتی گەورەی سلێمانی نەگرتبێت یەكێتی بووە

سلێمانی ئاشتبكەنەوە

سلێمانی مەنزڵی باڵندە كۆچەرییەكانی باكوورو باشووری گۆی زەوییە، ئەوەی جارێك لە كوێستانی ساردو پڕ غەدری زەمانەوە سەری خۆی هەڵگرتبێت‌و پەنای وە گەرمێنی دڵی سلێمانی بردبێت ناچارە هەموو ساڵێك ڕوو لە هێلانەی ئەبەدی سۆزی سلێمانی بكاتەوە.

 

ئەوەشی لەدۆزەخی چەوسانەوەی باشوورەوە ئاوارە بوبێت، لە كوێستانی ئەزمەڕو گۆیژەدا خێوەتی تا هەتایی هەڵداوەو كۆبۆنی دڵ و ناخی گۆڕیوەو سلێمانیش لە دوكانی بایەعەكانی شاردا ناونوسی كردووە و ئیقامەی سیاسی پێبەخشیوە .

 

تەنیا باڵندەیەك قەدری هێلانەكەی گومەزی مزگەوتی گەورەی سلێمانی نەگرتبێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، تەنیا كوڕێكی بێوەفای ئەو شێرەژنانەی سلێمانی، كە هەموو مانگێك شەرواڵ و مرادخانی و جامانەو یاپراخ و كفتەی سلێمانیان دەگەیاندە پێشمەرگەكان، هەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە .

 

ئاخر هەر سلێمانی نەبوو لانكەی ژەنینی ئازارەكانی پێشمەرگە بوو، هەر سلێمانی نەبوو لە نێو پێخەفی شەوی زاوایەتی‌و لە ژێر سیستەمی ڕۆڵەكانیدا بریندارەكانی پێشمەرگەی یەكێتی دەشاردەوە؟

 

هەر سلێمانی نەبوو سرودی مەشخەڵانی كرد بە ویردی سەر زمانی دەشتی هەولێرو سەختی قەندیل و بادینانی دەلال؟

 

ئێستاش سلێمانی بۆنی هەناسەی گەرمی جارانی مام جەلال‌و هەناسەی ساردی هەزاران شوێنكەوتووی دوا ماڵاوایی مام جەلالی لێدێت .

 

ئەی بۆ ئێستا كەستان بۆنی عەتری عارەقی مامتان لێنایە، بۆ سلێمانیتان كرد بەبیابانی عەرعەرو هیوای هەزاران گەنجی سلێمانیتان تێدا ئەنفال كرد؟

 

سلێمانی ئاشتكەنەوە، برینی شەقامەكانی ساڕێژ كەن، هەر ئەو درزو برینانەی سەردەمی بەعسە، پینەی قیرێكی بكەن بە گەرودا.

 

خوێنبەربوونی دڵی ڕاگرن، بەنداوێك بۆ فرمێسكی دەیانساڵەی دایكانی شەهیدانی سلێمانی دروست بكەن بەسود ئەبێت بۆ وشكە ساڵی دەنگدانەكانتان، ئاخر یەكێتی ئەوانی لێبتۆرێ دوو كورسی حوكمڕانی ناهێنێت .

 

سلێمانی ئاشتبكەنەوە، ئێوە مانەوەتان، سەروەریتان بەندە بە سلێمانییەوە، كوڕە دەروێش و دڵسۆزەكانی بدۆزنەوەو بەرپرسیارەتیان بەنێ، ئەوان كەسیان قبوڵ نییە جگە لە خۆیان، بیانكەنەوە ساحێب ماڵ و خانەخوێ، ئەوان سەیوانی دوا مەنزڵگەی ئەزیزانیشیان بەمردووەكانی ئێوە بەخشی، ئەوان خاك و خۆڵ و گردو تەپۆلكەو سەیرانگاكانیشیان لەگەڵتاندا بەشكرد، ئێوەش كەمێك لە سەروەت و سامان و خۆشگوزەرانیان لەگەڵدا بەشكەن .

 

سلێمانی ئاشتبكەنەوە، هێشتا دڵی لای ئێوەیە یەكێتییەكان، هێشتا ئامادەیە ئێوە بكاتەوە پێشەنگی كوردایەتی، ناسنامەی سلێمانیبونتان پێببەخشێت، تەنیا دڵە گەورەكەی ڕاگرن، ئەو دڵەی ساڵانێك بۆ ئێوە لێیداو، ئێستاش ئامادەیە ببێتە پاتری دڵە مردووەكانی ئێوە .

 

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا