فێربوون بەدرێژایی تەمەن هەم زەروورەو هەمیش چێژبەخشە

ئەگەر بە وردی لە دەستكەوتەكانی مرۆڤ بە درێژای مێژووی مرۆڤایەتی، بەرهەمی هەوڵ‌و تێكوشانێكی گەورەو بەردەوامە، كە دەرئەنجامی كارلێكی نێوان مرۆڤ، كە خاوەنی عەقڵێكە دەتوانێ لێوەی بیر بكاتەوە و بدۆزێتەوەو فێربێت‌و داهێنان بكات‌و تێبینی بكات، لەگەڵ سروشتدا كە خەسڵەت و توانا و نهێنییەكی زۆری لەخۆیدا حەشارداوە. عەقلی مرۆڤ كە بەدوای مەعریفەدا وێڵە، ئامادەی گەڕان و بەدەستهێنانێتی، هەوڵ بۆ بەگەڕخستن‌و سود لێوەرگرتنیەتی، دەیەوێ بڵاوی بكاتەوە و بۆ نەوەكانی بیگوازێتەوە، سروشتی دەوروبەری سەرچاوەیەكی هەمیشەیی مەعریفەیە، ئەگەر عەقڵی مرۆڤ پەی بە هەندێكی برد، ئەوا زۆری ماوە پێی بگات.

كاراكردنی عەقڵی مرۆڤ
لە بەرامبەر بە كەڵەكەبوونی بەردەوامی مەعریفە، بە سەردەمێك گەیشتوین كە دۆزێنەوەكان روو لە زیادبوونن، داهێنانەكان زیاد دەكەن، عەقڵەكان بۆ فێربوون‌و بەدەستهێنانی مەعریفەی نوێ كێبڕكێ دەكەن، هەروەها لە كاركردنیش بۆ پراكتیزەكردنی بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز خواست و پێداویستییەكانی مرۆڤ دابین بكات. ئێستا كێبڕكێ فێربوون تەنیا عەقڵ و زیرەكی مرۆڤەكان ناگرێتەوە بەڵكو ئامرازەكانی «زیرەكی دەستكرد» و «فێركردنی ئامێر» ئەوەی پێوەیشیان پەیوەستە گرتۆتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵی عەقلی مرۆڤ تەنیا فێربوون نەبێت بەڵكو داهێنان و ئەفراندنیش بێت. ئێستا گۆڕانكارییەكانی سەردەم بە سەردەمی «كاراكردنی عەقڵی مرۆڤ» ناوزەد دەكرێت، بەهیچ جۆرێك پشت بە هێزی بازوو نابەسترێت. بازوو بووەتە سیستمێكی میكانیكی زیرەكی دەستكرد بەڕێوەی دەبات، پێویستییەكە لە عەقڵ و هۆش و خەیاڵی مرۆڤدا چڕبۆتەوە كە بەرەو فەزای فراوانی ئەفراندن و داهێنانی دەبات.

سەرەتای گەڕانی مرۆڤ بەدوای مەعریفە لەگەڵ لە دایكبوونیدا دەست پێدەكات، كاتێك بە چاوەكانی لە دەوروبەری دەڕوانێت، لەڕێی خوێندن و مامەڵەكردنی لەگەڵ خەڵكانی نزیكی و ژینگەی دەوروبەری، بۆ ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ و ساڵ لە دوای ساڵ مەعریفە لە مێشكیدا كەڵەكە بكات. لەم بوارەدا دوو قسەی دیار هەن، یەكێكیان هی ئەلبێرت ئاینشتاینە Albert Einstein بەناوداترین زاناكانی سەدەی بیستەم بوو، كە دەڵی «دەبێ گەشەی فكری مرۆڤ لەگەڵ لەدایكبوونیدا دەست پێبكات و ئەو دەستپێكردنە تەنیا لە كاتی وەفاتكردنیدا دەوەستێت». ئەویتریشیان هی هینری فۆردە Henry Ford كە یەك دیارترین پیاوانی پیشەسازیی سەدەی بیستەم بوو، كە دەڵێ: «كاتێك مرۆڤ لە فێربوون دەوەستێت پیر دەبێت ئەگەر تەمەنیشی بیست ساڵان بێت، مرۆڤ بە گەنجی دەمێنێتەوە تا ئەوكاتەوەی لە فێربوون بەردەوام دەبێت».

فێربوون چێژە
ئەو دوو وتەیە، شارەزایی‌و لێهاتوویی دوو كەسایەتی هەڵدەگرن كە بە دوو شێوازی جیاواز تێكەڵاوی مەعریفە و فێربوون و ئەفراندن و داهێنان بوون، یەكێكیان بە فكر و خەیاڵی داهێنان و شرۆڤەكردنی هەندێك لە لایەنی سروشت، دووەمیان بە گواستنەوەی زەخیرەی فیكری بۆ سەر ئەرزی واقیع و كردنی بە بەرهەمی داهێنەر. لە هەردوو حاڵەتەكەدا فێربوون و بەدەستهێنانی مەعریفە رێنوێنیان بووە، بێگومان ئەوە «زەرورەت» بووە بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی بیریان لێدەكردەوە بەدەستی بهێنن، لەهەمان كاتیشدا بێگومان «چێژوەرگرتن» بووە بۆیان كاتێك كە نوێترین دەستكەوتی زانست و مەعریفەیان وەرگرتووەو بۆ بەرهەمهێنانی فكری نوێ سودیان لێی وەرگرتووە، دواتریش جیهان لێی سودمەند بوونە.

فێربوونی بەردەوام مەعریفەت نوێ دەكاتەوە، ئەو نوێكردنەوەش «چێژێ» خۆی هەیە، بەتایبەتی كاتێك ئەو مەعریفەیە سودت پێ دەگەیەنێت، گومانی تێدا نییە كە هەر زانیارییەك سودی هەیە و ئاسۆیەكی گەش بۆ مرۆڤ دەكاتەوە بۆ ئەوەی باشتر لە ژیان حاڵی بێت، دەشێ والت دیزنی Walter Disney، دامەزرێنەری «جیهانی دیزنی»، ناودارتر لەوەی هەوڵیدا بە شێوازی نوێی جیاواز كاروباری ژیان پێشكەش بكات، ئەوەشی لە فێربوون و داهێنان بەدەستهێناوە تاوەكو لێوەی خەڵكی لەمیانی فراوانكردنی بازنەی زانینیان و چێوەرگرتن لەوەی پێشكەشیان دەكرێت. لەم بارەوە دیزنی وتەیەكی دیاری هەیە «بەردەوام دەبین لەبەرەو پێشچوون، دەروازەی نوێبونەوە دەكەینەوە، تاوەكو پێشهاتی نوێ پێشكەش بكەین، هۆكارەكەیشی حەماس بوو بۆ نوێبوونەوە، ئەو حەماسە بەردەوام بەرەو رەوتی نوێ دەمان جوڵێنێت». لەمەوە دەشێ لەمەدا كورتی بكەینەوە فێربوون «چێژە» كاتێك نوێبوونەوەی تێدا بێت، «زەرورەتە» لەم سەردەمەی كە تێیدا كێبڕكێیەكی بێ پێشینەی مەعریفی بەخۆیەوە دەبینێت.

حیكمەت لە بەرهەمەكانی خوێندن
لە پرسی فێربوون بە درێژایی ژیان بیرۆكەیەكی تر هەیە، ئەویش ئەو فێربوونە بیركردنەوەیەكی بەردەوامی دەوێت، كە لێوەی مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات «حیكمەت» وەردەگرێت، چونكە حیكمەت لەڕێی میتۆدی دیاریكراوی خوێندنی قوتابخانەكانەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵكو لەڕێی عەقڵێكی كراوە كە لە میانی فێربوونی بەردەوامی چەندین ساڵەی مومارەسەی بیركردنەوەی كردبێت، لەم بوارەدا ئاینشتاین دەڵێ، «حیكمەت لە بەرهەمەكانی خوێندنی قوتابخانەكان نییە، بەڵكو هەوڵدانی بەردەوامە كە مرۆڤ بە درێژایی چەندین ساڵ كاری بۆ كردووە» بێگومان حیكمەت لەو میزانەیە كە هەموو كەسێك هەوڵی پێ گەیشتنی دەدات.

پرسیار لە بەرپرسیارێتی
لەمیانی بایەخدان بە فێربوون و بەدەستهێنانی مەعریفە و داهێنان و ئەفراندن، حیكمەت لەوەدایە كە «لایەنی ئەخلاقی» لەبەرچاو بگیرێت، بەبێ ئەو لایەنە فێربوون دەبێتە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەكی مەعریفی‌و كارلێكی باڵاكردنی كۆمەڵگە بێت. «مەعریفە بەهایەكی بێلایەنی» هەیە كاتێك لە دەستی خاوەنەكەیدایە، ئەگەر بیەوێ خێری هەبێت ئەوا خێری بۆ هەموو ئەوانەی لە دەوروبەریدان هەیە، ئەگەر پێچەوانەكەیشی مەبەست بێت، ئەوا كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر كۆمەڵگە دەبێت. لەبەر ئەوە ئاراستەی ئەخلاقی كۆمەڵگە، ئەو دەستپیكی خوازراوی هەموو كەسێكە كە هەوڵی فێربوون دەدات، بەدەستهێنانی مەعریفە لە فێربوونەوە، سەرەتای بەكارهێنانی و سودوەرگرتنە لێی، دەبێ ئەو سودوەرگرتنە لە بەرژەوەندیی كۆمەڵگە بێت و بایەخ بە گەشەپێدانی و باڵاكردنی تواناكانی بێت.

رەنگە گونجاو بێت لە كۆتایی ئەم وتارەدا پرسیار لە «بەرپرسیارێتی» لە فێربوون بە درێژایی ژیان بكەین، یان بەرپرسیارێتیی تواناداری ئەم فێربوونە بكەین، بەتایبەتیش كە بۆتە زەرورەتێكی ئەم سەردەمە، وێڕای ئەوەی عەقڵی مرۆڤ چێژی لێ وەردەگرێت‌و بۆ وەرگرتنی هەر شتێكی نوێ هانی دەدات. هەندێك فێربوون دەشێ خودی بێت، مرۆڤ مەعریفە بەدەست دەهێنێت كاتێك لەڕێی كتێب‌و كتێبخانە گەورەكەی ئەم سەردەمە كە ئەنتەرنێتە وەری دەگرێت. هەندێك فێربوونی تر دەكرێ بە گروپ بێت كاتێك بایەخ بە بابەتی دیاریكراو دەدەن، راستوخۆ یەكتر دەبینن یان لەڕێی ئەنتەرنێتەوە گفتوگۆی لەسەر دەكەن، یان هەندێك وا پێویست دەكات بچنە نێو دامەزراوەكانی خوێندنەوە، بەتایبەتی كاتێك فێربوونەكە نوێیەو پیشەییەو پێشكەوتنی سەردەم‌و پێشهاتە نوێبووەكانی دەیسەپێنێت.

فەیسەل عەلی
سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا