قۆناغێكی دیكەی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

بڕیارە بەم نزیكانەی قۆناغی شەشەمی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵی 2020 لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رەوانەبكرێت، بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمیش باس لەوەدەكەن، عێراق نیوەی پارەی گەنمی جوتیارانی لە ساڵی 2020 رەوانە نەكردووە.

نەوزاد كامل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بەمنزیكانە قۆناغی شەشەمی پارەی گەنمی جوتیاران لە ساڵی 2020 رەوانە بكات.

وتیشی، “تا ئێستا 75 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیاران لە ساڵی 2020 هاتووە و بڕی 125 ملیار و 271 ملیۆن دیناری دیكەیان لا ماوە”.

نەوزاد كامل باسی لەوەكرد، حكومەتی عێراق دۆسیەی پارەی گەنمی جوتیارانی لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 بە سیاسی كردووە و بڕێكی زۆر پارەی ئەو ساڵانەی لا ماوە بیداتەوە بە جوتیارانی هەرێم.

پێشتر فارس حوسێن سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكردبوو، چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەكەن بۆ بردنەوەی سێیەمین سكاڵایان لە دادگا لەسەر حكومەتی عێراق پەیوەست بە شایستە داراییەكانی گەنمی جوتیاران بۆ ئەو سێ ساڵەی پێشووتر و بەبردنەوەی دۆسیەكەش پێویستە حكومەتی عێراق پارەی ئەو سێ ساڵەی گەنمی جووتیاران بنێرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا