ژنانی هندی بە چی دەناسرێنەوە؟

ڕەنگە یەکێک لەو سیمبولە سەرەکیانەی لە تەواوی دنیادا هندییەکانی پێدەناسرێتەوە، جلی ژنانی ئەو وڵاتە بێت کە بە جلی ساری ناسراوە، چونکە هەر کەسێک لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە ئەو جلە ببینێت دەزانێت ئەوە جلی ژنانی هندستانە.

جلی کەلتوری بۆ هندییەکان ساریە، ئەو جلە پارچەیەکی لەگەڵە پێی دەڵێن، چۆلی، هەروەها پارچەیەکی لەگەڵە پێی دەڵێن، لەهەنگا یان پاڤەدا، لەگەڵ پارچەیەکی دیکە پێی دەڵێن دوپاتا، کە لە لەچک دەچێت. ئەم پارچانە هەموویان ساری پێکدەهێنن.

جلی ساری زیاتر ژنان دوای هاوسەرگیریی لەبەری دەکەن، واتا کاتێک هاوسەرگیری دەکەن، لە ڕۆژی هاوسەرگیریەکەدا سارییەکی گرانبەرها لەبەردەکەن و لەدوای ئەوەشەوە بەردەوام ساریی لەبەردەکەن.

بەڵام پێش هاوسەرگیریی، ئەوان جلێکی دیکە لەبەردەکەن، کە پێی دەوترێت سەرواڵ و کەمیز، ئەم جلەش لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، ئەوانیش سەرواڵ لەگەڵ کەمیز.

منداڵانی کچیش لە هندستان جلێک لەبەردەکەن پێی دەڵێن، پاتو لانگا، ئەم جلەش لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی سەرەوە و بەشی خوارەوە. هەندێک جارێکیش هەردوو بەشەکە پێکەوە نوساون.

بەڵام ئەوەی لە هەموویان سەرنجڕاکێشترە جلی ساریە، چونکە ئەم جلە لە چوار مەتر و نیوەوە تا نۆ مەتر درێژە و پانیەکەشی بەپێی باڵای کەسەکە دەگۆڕێت. هەروەها ئەم جلە بەردەوام ڕەنگاوڕەنگە و ڕەنگەکانی گوزارشت لە ژیاندۆستی ژنانی هند دەکەن.

ساری کەلتوری هندی نیشان دەدات سیمبولی شێواز و ڕێگەی ژیانیانە، بەپێی کەلتوری هندی، ساری باوەڕبەخۆبوون و بەهرەمەندی ژنانی هندی دەردەخات.

مێژووی ئەم جلە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٨٠٠ بۆ ١٨٠٠ی پێش زاین، کە لە باکوری ڕۆژئاوای هندستان سەری هەڵداوە، چونکە ئەو ناوچەیە بەناوبانگە بۆ چاندنی پەموو، ئەوکاتە پەمویان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی جلی ساری.

ژنانی هندی کاتێک لە پۆستە حکومییەکاندان، یان لە ئاستە باڵاکانی نوێنەرایەتی وڵاتەکەیاندان، یان گەشت دەکەن بۆ وڵاتانی دیکە، ئەوان هەر جلی ساری لەبەردەکەن و هیچ شەرم لەوە ناکەن، بەڵکو شانازیشی پێوە دەکەن.

 

ئامادەکردنی / هاوژین زیبا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا