پەرلەمان لەبارەی كۆچی گەنجانەوە كۆدەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، رۆژی چوار شەمە بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم كۆبونەوەی پەرلەمان لەبارەی هۆكارەكانی چوونی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات رێكدەخرێت.

سەلمە فاتیح بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لیژنەكەیان راپۆرتێك لەبارەی كۆچی گەنجان ئامادە دەكەن و لە كۆبونەوەكەشدا تاوتوێی ئەو هۆكارانە دەكەن كە بەهۆیانەوە گەنجانی هەرێم روو لە دەرەوە دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەڕای بێكاری و نەبوونی دەرفەتی كار، بەڵام دۆخی سیاسی هەرێم هۆكاری سەرەكی كۆچی گەنجانە، چونكە خەڵك هەبووە كاری باشی هەبووە، كەچی كوردستانی جێهێشتووە.

سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان وتیشی، “هاتنی وەزیر تەنها بۆ پێدانی روونكردنەوەیە لەبارەی كۆچەوە، ئێمەش هەوڵدەدەین لە رێگەی راپۆرت و گفتوگۆكانمانەوە رێگەی چارە بۆ چارەسەری كێشەكان بدۆزینەوە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەهۆی خراپی ئەدای حكومەت و نەبوونی مووچەوكەمی دەرفەتی كارەوە رۆژانە بە بەردەوامی گەنجانی هەرێم روو لەدەرەوەی وڵات دەكەن.

بەپێی ئامارەكانی دەزگای لوتكە كە تایبەتە بە پەنابەران، لەمساڵدا لە شارەكانی هەرێم زیاتر لە 32 هەزار لە هاوڵاتیانی عێراق و هەرێم روویان لەدەرەوەی وڵات كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا