حكومەتی هەرێم و فەرمانبەران چاوەڕێی پارەكەی بەغدان

پۆڵەتیك پرێس:

دواكەوتنی موچە بووەتە مشتومڕی نێوان موچەخۆران، سەرباری رێككەوتنەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مانگانەی بودجە و دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆیدا، بەڵام مانگێك زیاتر تێپەڕی و دابەشكردنی موچە دەستیپێنەكردووە، بەوتەی بەرپرسانی دارایش چاوەڕوانی گەیشتنی پارەكەی بەغدا دەكەن، كە بەپێی زانیارییەكان چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا بگاتە هەرێم، ئابوریناسانیش لایەنە خراپەكانی دواكەوتنی موچە لە سەر ژێرخانی ئابوری ئاشكرادەكەن.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكارییەكانی بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی (نیسان)ی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دەستپێكردووە، پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت” بەپێی ئەو رێكەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، ئەم هەفتەیە 320 ملیار دینار لەبەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوریی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا بەغدا ئەو 320 ملیار دینارەی تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەگەیشتنی پارەكەش وەزارەتی دارایی دەست بەدابەشكردنی موچە دەكات.

وتیشی: ناردنی ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رێكەوتنی لەسەر كراوە لە نێوان هەردوو حكومەت تا پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021، بەردەوام دەبێت.

سەرەتای مانگی ڕابردوو دوای رۆیشتنی شاندی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن حكومەتی ناوەندی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران رێككەوتن، بەڵام دوای ئەنجامدانی ئەو رێككەوتنە تائێستا هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن بەغداوە بۆ موچە نەنێردراوە، ئابوریناسانیش كاریگەرییە خراپەكانی زیاتر دواكەوتنی موچە دەخەنەڕوو.

خالید حەیدەر ئابوریناس بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، دواكەوتنی موچە كاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابوری دەبێت و دەبێتە هۆی وەستاندنی جوڵەی بازاڕ و نرخی شمەك و كاڵاكان بەرزبونەوە بەخۆوە دەبینن و ئەمە جگە لەوەی كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاریش دەبێت و رێژەی هەژاری زیاد دەكات و كاریگەری لەسەر سەرجەم سێكتەرەكانی دیكە دروست دەكات.

لای خۆشیەوە زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوریی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەركی وەزارەتی دارییە قسە لەسەر پرسی موچە بكات، بەڵام ئەو لێبڕینەی لە موچە دەكرێت لێبڕینێكی نایاسییە، و پشتی بە هیچ یاسایەك نەبەستووە، لەبەر ئەوە چەندین جار نوسراو و یاداشتمان بۆ حكومەت كردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوە.

وتیشی: جگە لەوەی ئەو لە 21%ی لە موچەی فەرمانبەران دەبڕێت، چەند مانگێكە موچەكەش لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا دابەشناكات، چاوەڕوانیشدەكرێت دابەشكردنی موچە و بەو شێوەی هەیە تا كۆتایی ساڵ حكومەت لەسەری بەردەوام بێت و ئەوەش كارێكی زۆر خراپە لەسەرجەم رووەكانەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا