ئەولاترچێ

سیاسەت لە باڵاترین وێنەیدا، ئەوەیە كە ئەو تیایدا سەنتەرە. هەموو ئەوەكانیش یەكسانن بەگشتێك و لێرەشەوە سیاسەت ئەبێ بە بەرژەوەندی گشتی. سیاسەت لە مانا نزمەكەیدا من سەنتەرم. كۆمەڵگاش لە هەموو منەكان پێكهاتووە، ئیتر سیاسەتیش ئەبێت بە بەرژەوەندی شەخسی و ئۆخەی ئۆخەی هەركەس بۆ خۆی.

سیستەمی ئێستای جیهان، تێكەڵەیەكە لە هەردو سیاسەتەكە. لە هەنێ گۆشەیدا، سیاسەت هەڵكشاوەو كراوەتەوە بەسەر شتە باڵاو گشتییەكانی وەكو مافی مرۆڤ و ژینگەی جیهانی.. لە هەنێ ڕەهەندیشەوە داخراوە بەسەر خۆیداو چۆتەوە ناو شتە بەشەكی و بچوكەكانی وەكو هەژمونكارییە سەربازی و ئایدۆلۆژی و ئابورییەكان و خیتابی ڕەگەزپەرستی و پۆپۆلستی..

سیاسەتی باڵا، دەرچوونە لە خۆت لەپێناو گشت. سیاسەتی گرگن، خۆ بە چەقكردن و هێناوەی هەموو شتێكە بۆ خۆت. زەقترین نمونەی داكشان و گەڕانەوەش لە باڵاییەوە بۆ گرگنیی، ترەمپە كاتێ لە زۆر شتی باڵاو جیهانیی وەكو مەسەلەی ژینگەو تەندروستی ئەكشێتەوەو دیتە خوارەوە بۆ خیتابی ئەمریكاچێتی. ئەمریكاكەشت بۆ ئەشێوێنێ و گومان ئەخاتە سەر یاساو دامەزراوەو هەڵبژرادن و هەموو شتێكی!

یەعنی ئەوسەری سیاسەتی ترەمپ، ئەمریكا نیە، ترمپ خۆیەتی. ئەمریكاكە تەنیا شیعارێكی ناسیۆنالستی و پۆپۆلستییە بۆ شاردنەوەی ترەمپەكە. ئەمریكاسەنتەرییەكە لەڕاستیدا ترەمەپسەنتەرییبوو. ئەمەش وانەیەكی باشە بۆ ئێمەو یەعنی هەر سەركردەیەك گەڕایەوە بۆ خیتابی پۆپۆلستی و ناسیۆنالستی و فووكردنە جەماوەر، لەڕاستیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئیگۆو ئەنانییەتی خۆی، نەك بۆ گشت و خەڵك و نەتەوە!

سیاسەت ئەوەیە كە گشتییە. خاڵی هاوبەشی ترەمپ و سیاسییەكانی ئێمەش، بێقیمەتكردنی ئەوەیە كە گشتییە لەپێناو خودی خۆیان. لێرەشدا ڕۆشتنی ترەمپ، ڕەنگە شتێكی ئەوتۆ لە دنیا نەگۆڕێت، بەڵام لەوێدا گرنگە، كە شكان و پاشەكشێ ی مۆدێلێكە لە سیاسەت. “سیاسەتی بێئەرزشكردنی سیاسەت”!

لەسەر ئاستی كەسی و تایبەتی، ڕاوەدینار شتێكی ناشرینەو كەسێك كە هەر خەریكی ئەوەیەو خەریكی هیچی تر نیە، ئەگەر هیچ زەرەری بۆ كەس نەبێ و بە حەڵاڵییش بیكات، هێشتا هەر ناشرینە. دەی ئەگەر یەكێك لە مەجالی گشتی و لە لوتكەی سیاسەتی جیهاندا وا بیربكاتەوەو هەموو سیاسەت كورتكاتەوە لە ڕاوە دۆلاردا، ئەبێ چەن ناشرین بێت؟!

كێشەكەش هەر ئەوەنیە كە ناشرینە، ئەوەیە كە سیاسەت، لە نزمیداو لە ئەخلاق پەراوێزیی و بەرژوەندی سەنتەرییشدا، هێشتا هەر زیاترە لە ڕاوەدۆلارو بازرگانییەكی پەتیی، بەڵام ئەم كابرایە تا ئەوێ شتەكەی هێنایە خوارەوە!

سیاسەت جیاكردنەوەی ئەوەیە كە گشتییە لەوەی كە تایبەتییە. پاراستنی ئەوەیە كە تایبەتە لەناو گشتییەكەداو پاراستی ئەوەیە كە گشتییە لەناو تایبەتەكاندا. سیاسییش ئەوەیە كە لە دنیای تایبەت تێئەپەڕێ بۆ دنیای گشتی. ناسیاسیش ئەوەیە كە چۆتە دنیا گشتەكەوە بەبێ ئەوەی دنیا تایبەتەكەی تێپەڕاندبێ و وائەزانێ ئەمیش هەر هی خۆیەتی!

جا چوارساڵ لەمەوپێش ئەمریكییەكان غەڵەتێكی گەورەیان كرد، ناسیاسییەكیان خستە لوتكەی سیاسەتی ئەمریكاو جیهان. ئێستا خەریكی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیەن. ترەمپ بە چوارساڵ كۆمەڵگای ئەمریكای پەرتكردو زۆر شتی شێواند، بەڵام هێشتا ئەمریكا، بایی ئەونە هۆشیاری و یاساو دامەزراوەی هەیە، كە خۆی ئەپدەیت بكاتەوە. وەلێ ئەگەر ببووایە بە هەشت ساڵ، ڕەنگە ڕاستكردنەوەی زۆر قورستبووایەو باجی زۆر گەورەی ئەمریكییەكان و جیهانیشی بویستایە!

لێرەدا هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا ئەبەستمەوە بە هەڵبژاردنەكانی خۆمان و هەنێ درۆی پێ بەتاڵئەكەمەوە. مەسەلەن حیكایەتی “گەنج و پیر” یەكێكە لە درۆ پۆپۆلستییەكانی دنیای ئێمەو لەڕاستیدا نە گەنجیی خۆی لەخۆیدا فەزڵێكی سیاسییەو نە پیریی عەیبەیەكی سیاسییە. بەڵكو سیاسەت تەنیا لە چاكەی گشتیدا فەزیلەتەو گەنج و پیریش تەنیا لەوێدا سیاسیی ڕاستەقینەن.

گەنجیی نیشانەی پۆپۆلستی و كاڵفامی نیە، ئەوەتا ترامپ بە حەفتا ساڵەوە وایە. پیری نیشانەی خڵەفان و نائومێدی نیە، ئەوەتا بایدن بە نزیكی هەشتا ساڵەوە جێگای ئومێدی ئەمریكییەكان و لایەكی جیهانە. ئەو گەنجانەشی ئێمە كردمانن بە پەرلەمانتارو وەزیرو سەرۆك و مەكتەب سیاسی.. هەمان مەعدەنی پیرەكان بوون و بڕێ خراپتریش. پیرەكانیشمان جگە لە فەساد، خەلەلی ناكامڵییشیان هەیەو زۆر موراهەقەی سیاسیمان لێ بینین!

یەكێكی تر لە درۆكانی سیاسەتی ئێمە، مەسەلەی تاقیكردنەوەیە. ئەوان خراپن قەیچێكا چوارساڵیش ئێمە تاقیكەنەوە..

ئەمریكییەكان لە كەسایەتی ترەمپدا ویستیان شتێكی جیاواز تاقیكەنەوە، بەڵام گەورەترین هەڵەیان كرد. چونكە سیاسەت جلوبەرگ و نانخواردن و حەزی تایبەتی نیە، تا بە ئارەزووی خۆت مۆدێل و تام و دەموچاو تاقیكەیتەوە.. سیاسەت بەرپرسیارێتی گشتییەو ئەبێ بنەمای ئەخلاقی و مەعریفی و هۆشیاری هەبێ نەك بنەمای حەزی و زەوقی و مەزاجی. یەعنی كاتێ پارتی و یەكێتی دزن، مانای ئەوەنیە تۆ دزی تر تاقیكەیتەوە، بەڵكو ئێمە ئەبێ، كۆی سیاسەتی دزی بگۆڕین بە سیاسەتێكی ئەخلاقیی.

واز لەوانە بێنە، ئەوەی لەئێستادا بۆ ئێمە گرنگە، ئەم شەڕەیە كە نەكرێت. كە ئەمەش هەر پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاوە هەیەو ڕەنگە ئەو پەلەپەلەی توركیا لە پارتی ئەكات، مەسەلەكە ترسبێ لە سیاسەتی بایدن بۆ كلكوگوێكردنی ئەردۆگان. جا هەم پارتی تۆزێ قنەقنی تیابكاو هەم پەكەكەش دووسێ گردو تەپۆلكە چۆڵكاو هەم منو تۆش مەنهۆڵەكەی دەممان داخەین، كات كوشتنێكی باشە، لە چاوەڕوانی سیاسەتی نوێ ی ئەمریكادا.

ئەمریكییەكان هەر چوار ساڵ تەحەمولی سیاسەتی پەرتكردن و كەراهییەتیان كردو زوو كۆتاییان پێهێنا. ئێمە شەست ساڵە لەناو سیاسەتی پەرتكردن و كەراهییەتداین و لێشی بێتاقەت نابین و بەردەوام بەرهەمی ئەهێنینەوە!

سەیركە، ئەم ئەڵی نا بۆ شەڕی ناوخۆو لەگەڵیا جنێو بە پەكەكە ئەیا. ئەو ئەڵێ نا بۆ شەڕی براكوژی و لەگەڵیا جنێو بە پارتی ئەیا. دەی ئەزیزم شەڕەكە تۆیت و نا بۆ ئەم شەڕەی تۆ. ئەوە تۆی دەستتپێكردوە، خۆ ئەوان خۆیان هێشتا دەسیان پێنەكردوە!

ناشرینترین شت، بێلایەنییە لەنێوان زاڵم و مەزڵومدا. بەڵام زاڵم ئەونەی كە عەقڵیەتێكە، ئەونە ئەحزاب و ئەشخاس نیە. منو تۆش كاتێ كە بە هەمان عەقڵیەتی پارتییەوە، دژایەتی پارتی ئەكەین، لەڕاستیدا ئەمە هەڵوێست نیە، ئەمە هەر قووڵكردنەوەی ستەمە بەڵام بە شێوازێكی ترو لێرەدا تەنیا شێوازەكە جیایە نەك عەقڵیەت و ئەخلاقییەت. لەڕاستیدا پارتی بە دژەپارتی لاواز ناكرێ، پارتی بە ناپارتی لاوازئەكرێ. چونكە دژەپارتی هەر پارتییە بە دیوەكەی تردا. بەڵام ناپارتی ئەوەیە كە خۆی لەخۆیدا شتە، نەكئەوەی لە دژەپارتیبووندا شتبێ!

سیاسەت لە سەرەوەیدا، ئەوەیە كە كۆكەرەوەیەو هاوبەشی و تۆلێرانس دروستئەكاو بنیاتنەرە. سیاسەت لە خوارەوەیدا، ئەوەیە كە پەرتكەرەو ڕق و دابەشی دروستئەكاو ڕوخێنەرە. ئێمەش لە خواری خوارەوەی سیاسەتداین و زۆریش بە توندی دەسمان بەوێوە گرتووە. ئیتر دیندارو بێدینمان، چەپ و ڕاستمان، موعارەزەو دەسەڵاتمان، پارتی و دژەپارتیمان، كوردایەتی و ئەنتی كوردایەتیمان.. هەمووی هەر ڕق بەسەر ئەویتردا ئەبارێنێ و هەمووشی خۆی پێ جیایە لەو. لەكاتێكا ئەمانە هەموویان هەر هەمان شت ئەكەن و بەوەش هەموویان هەر ئەبنەوە بە هەمان شت!

سیاسەت لە مانای ڕاستەقینەیدا، كاری تۆیە بۆ ئەو، یان كاری تۆیە لەگەڵ ئەو. سیاسەت لە مانای موزەییەفیدا، ڕقی تۆیە لەو. ئێمەش خەریكی ئەمەی دووەمین و وائەزانین سیاسەت ئەكەین! ئێمە ڕقمان یەكسان كردوە بە سیاسەت و كاتێ خەریكی ڕقین، وائەزانین خەریكی سیاسەتین. لەكاتێكا سیاسەت شتێكە لەدوای ڕقەوە دەستپێئەكاو بۆ كۆتاییهێنان بەوەش دێت! سیاسەت بان ڕقەو گشتییە. ئەوەی ئێمە خودی ڕقەو بەرژەوەندی تایبەتییە. یەعنی لەڕاستیدا، ئێمە هێشتا دەستمان نەكردوە بە سیاسەت، ئەگەرچی زۆریش مەشغوڵی سیاسەتین.
پەیكار عوسمان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا