لە زڕەی زنجیر دڵمان نە لەرزێ

ماوەی داهاتوو رەدو بەدەلی زۆر دروست دەبێت لەسەر ئایندە و شێوازی  حكومەتی لۆكاڵی كەركوك، لەسەر بەشی لایەنەكان و پێكهاتەكان، لەسەر جەنەڕاڵ پۆست كە پۆستی پارێزگارە.

لەپەنا ئەم تەداروكانەی كوڕی ئیستحقاقی هەڵبژادن و كچی سازان و زادەی گفتوگۆی لایەنەكانن، شتی تریش هەن و دەقەومێن، شتی تر كە كاریان بەلاڕێدا بردن و  كاردانان و  تاقیكردنەوەی ئیرادەن. لەوانە گێچەڵە ناڕەواكەی سوپا دژی خەڵكی گەڕەكی نەورۆز. لەوانەشە كەینوبەینی تریش مابن كە ساحیرەكان لە چەكمەجە دایاننابێت و پەیتا پەیتا لەبەردەم دیموكراتی و ئیرادەی دەنگدەر قیتی دەكەنەوە.

گرنگە كورد و بەتایبەتیش یەكێتی كە بە كردار دۆسێكەی بەدەستەوەیە، هەم بە گفتوگۆ و تەگبیری كراوەی سیاسی و هەمیش بە (عەزمی بەتینی) نیشتمانی و نەتەوەیی لەگەڵ پێشهاتەكان مامەڵە بكات.

وەك لە ئەدەبیاتی جارانی حزبەكەماندا  هاتووە (نە لەباری ببەین، نە مرادری بكەینەوە).

یەكێتی حزبی كۆمەڵانی خەڵكە و لەوانەوە هەڵقوڵاوە و دەشزانێت دەنگی دیموكراتی خەڵك ئەمانەتە و سیاسەتی چەپكە گوڵەكە و پڕەنسیبی (نەشتەرگەری مێشك)یش  كە هی سەرۆك مام جەلالە، ئەمانەش  ئەمانەتی سەربارن، یەكێتی بەم كۆكتێلە گیراوەوە دەتوانێت ئەرخەیان بێت كە لەسەر رێگە ڕاستەكەیە. جا لەم رێگایەشدا ئاساییە، هەر قۆرت و  رێگری دێن و دەڕۆن. ئەمانە هیچ نین، (یاری تلیماج)ی  پێش كلاسیكۆ مەزنەكەی پێكهاتنی حكومەتی داهاتووی كەركوكن.

سەرۆكی یەكێتی هەڤاڵ بافڵ لە سەكۆی كەركوكەوە رایگەیاند: (دەنگ لە ئێوە و شەڕی مافەكان بۆ ئێمە جێبێڵن)، پەیامەكە زۆر روون و ئاشكرابوو، كاتێتی.

مەسەلە گەڕەكی نەورۆز نییە، مەسەلە ئاهەنگی نەورۆزە كە لەگەڵ جاڕدانی ئیدارەی ئیئتلافی كەركوك، بۆ بەهاری داهاتوو ، ئاگرەكەی دڵی هەموو نەتەوەكان گەرم دەكاتەوە.

ستران عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا