لە سەروبەندی باجێکی دیکەداین

لە سەروبەندی باجێکی دیکەداین و خەریکە عینادی و تێنەگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان کورد توشی ماڵوێرانیەکی دیکە دەکات.

بریت ماکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ شەڕی داعش و سەرپەرشتی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و باکوری ئەفریقای دەکرد، ئەو گەورە دیبلۆماتکارە کە بەشێک لەسەرکردەکانی عێراق هەڵپەیان دەکرد بۆ بینینی کەچی شار بەشار بەدوای کاک مەسعوددا بوو بۆ ئەوەی پەیامی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای پێ بگەیەنێت، ئەو هۆشداریدا کە ئێستا کاتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی نیە، نامەیەکی پڕ لە دەستکەوتی دەسەڵاتدارانی ئەمریکای هێنا کە ئەگەر ڕیفراندۆم نەکەن لە پشتیوانیتان بەردەوام دەبین، بەڵام ئێمە “هەندە حیسابمان بۆ ڕای یەک بەشەر نەکرد” و ڕیفراندۆممان کردوو و ٥١٪ی خاکمان دۆڕان، بۆیە ئێوارەی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئەمریکا و هاوپەیمانەکان هاتنی هێزی عێراق بۆ ناوچەکانی پێش ڕوخانی سەدامیان و ژێر دەسەڵاتی هێزەکوردییەکان وەک پرسێکی ناوخۆی عێراق وەسف کرد و لەسەر کورد بەجواب نەهاتن.

ئەگەر بەهۆشیاری مامەڵە نەکەین ئێستا لەسەروبەندی بەدەستەوەدانی ٤٩٪ی خاکی دیکەداین، بۆیە هەڵبژاردن بکرێت ڕەنگە پارتی چەند کورسیەک لەدەست بدات، بەڵام هەر ئەوە لەبەرژەوەندی کوردە چونکە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت ڕەنگە دادگای فیدراڵی بە زنجیرەیەک بڕیار هەرێم بکاتەوە بە سێ پارێزگا و ئەمە کۆتا خەونی هەڵبژاردن بێت بۆ پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ ڕێک لە ڕۆژانی پێش ٢٥ئەیلولی ٢٠١٧ دەچێت، وەک چۆن بریت ماکگۆرک و تیلەرسن و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان وتیان کاتی ڕیفراندۆم نیە، ئێستاش دەڵێن کاتی بایکۆت و پەکخستنی هەڵبژاردن نیە، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت کۆمسیۆن تەمەنی تەواو دەبێت و شتێک نامێنێ بەناوی هەڵبژردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت و دواتر لە پەرلەمان کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت نەک لایەنی سێهەم و دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر چارەنوسی کوردستان بدات کە بێگومان بڕیارەکان لەبەرژەوەندی قەوارەی هەرێم نابێت.

+ ڕۆژانی ٢٠ی ئازار و ٣٠ ئازار٢٠٢٤ ئەلینا ڕۆمەنسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دووجار سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانی کردووە.

+ڕۆژانی ١٣ و ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دووجار سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانی کردووە.

+ ڕۆژی ٢٦ی شوباتی٢٠٢٤ پاتریک دۆرێڵ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ڕۆژی ١ی نیسان کونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانیان کردووە.

ڕۆژی ٤ی ئازاری ٢٠٢٤ گلین مایڵز باڵیۆزی ئوستورالیا لە عێراق سەردانی مەسعود بارزانی کردووە.

ڕۆژی ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤ ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق سەردانی مەسعود بارزانی کردووە.

ئەمە جگە لەوەی لەماوەی ئەم مانگەدا جارێک یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرکردەی لایەنە عێراقیەکان و سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و دەیان کەسایەتی چونەتە لای مەسعوود بارزانی.

ئەم سەردانانە سەردانی ئاسایی نین، هەموویان پەیامی وڵاتەکانیان پێ بووە کە پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە ئەو دیموکراسییەی ساڵانێکە کورد بانگەشەی بۆ دەکات و شانازی پێوەدەکات لەلێواری داڕوخاندایە و بنەمای دیموکراسی هەڵبژاردنە، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرا دەسەڵات شەرعیەتی نامێنێ و قەوارەی هەرێم پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەدەست دەدات.

هەڤاڵ غالب

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا