حكومه‌تی نه‌دان و كوڕه‌ سزا دراوه‌كانی

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هه‌ندێك وێنه‌ی نێو كه‌مپه‌كانی لیتوانیاو بیلا ڕوسیاو ئه‌و شوێنانه‌م پێگه‌یشتوه‌ ، بینینیان ئازاری ئاوه‌ز ودڵ و چاوی مرۆڤ ده‌ده‌ن ، هه‌زاران كه‌س له‌ به‌رده‌م سوكایه‌تی و سه‌رماو سه‌گ تێبه‌ردان و توڕدانا ، هه‌زاران گه‌نجی پڕ وزه‌و توان كه‌ ده‌كرێت ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن ئاوه‌زو سیستم سودیان لێببینێ‌ نه‌ك ناچاری هه‌ڵاتن و سه‌رگه‌ردانیان بكات ، كه‌مپه‌كه‌ی لیتوانیا ده‌ڵێی كه‌مپی تۆپزاوایه‌ كاتێك له‌ ساڵی 1988 كورده‌كانی تیا كۆكرابوه‌وه‌ بۆ مردن، كوڕه‌كان كه‌ زۆربه‌یان كوردن به‌ گشتی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 20 بۆ 35 ساڵیدایه‌ كه‌م رۆژ و شه‌و هه‌یه‌ ژماره‌یه‌كیان نیشتمان جێنه‌هێڵن ، حكومه‌تیش بچوكترین هه‌ڵوێستی ئاكاری نانوێنێت ، مه‌گه‌ر به‌ بیانوی كردنه‌ چه‌كدار كه‌سانێك له‌ كۆچ په‌شیمان بكاته‌وه‌ ، به‌ چه‌كدار كردنیش هیچ داهاتویه‌كی ڕوونی نیه‌ ، ئێستا كه‌ ئه‌م وتاره‌ ده‌نووسم هاوڕێیه‌كم كه‌ ئه‌ندازه‌ ی ته‌لارسازی ته‌واو كردووه‌ دوو ساڵه‌ بۆ بژێوی خۆی و خێزانه‌كه‌ی بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، ئه‌ویش خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینێت ده‌رگایه‌ك بكرێته‌وه‌ و پشت بكاته‌ نیشتمان .

هاوڕێیه‌كم كه‌ ساڵه‌ هایه‌ك پێكه‌وه‌ خه‌ونمان ئه‌وه‌ بووه‌ نیشتمان به‌یانیه‌كه‌ی له‌ ئه‌مڕۆی باشتر بێت له‌م رۆژانه‌ به‌ ته‌له‌فون پێی وتم ” نازانم تۆ تاكه‌ی ئه‌و دۆزه‌خه‌ به‌ جێناهێڵیت ” هه‌ر به‌ڕاست نیشتمان بۆ كراوه‌ به‌و دۆزه‌خه‌ی ده‌بێت به‌ جێی بهێڵین ، ئه‌و هه‌موو كوشتن و بڕینه‌ چیه‌ كه‌ رۆژ نیه‌ نه‌بێته‌ هه‌واڵێكی ئازاربه‌خش بۆ ئێمه‌ ، نیشتمانێك ، سروشتی جوانی هه‌بێت شاعیره‌كان ئاویان به‌ كه‌وسه‌رو خاكیان به‌ گه‌وهه‌ر ناوبردبێت ، نه‌وت و گازو سامانی ژێر زه‌وی هه‌بێت ، سه‌یرانگاو شاخ و داخ و ده‌شت و ده‌ری هه‌بێت، كشت و كاڵ و زه‌وی كشت و كاڵی هه‌بێت ، له‌ سه‌رو ئه‌مانه‌وه‌ ده‌ستی كاری هه‌بێت ، بۆ ده‌بێت ببێته‌ ئه‌و دۆزه‌خه‌ی كه‌ ده‌بێت پشتی تێبكه‌ین ، ئه‌ی حكومه‌ت و دارو ده‌سته‌كه‌ی چ به‌رنامه‌و پلانێكیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نیشتمان بكه‌نه‌وه‌ به‌و شوێنه‌ی مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆی ؟.

من هه‌م هه‌ق ده‌ده‌م به‌ هاوڕێكه‌م ، هه‌م هه‌ق ده‌ده‌م به‌و گه‌نجانه‌ی نیشتمان بۆ چه‌ته‌و حكومه‌تی نه‌دان به‌ جێدێڵن ، ئاخر له‌كوێی دنیا مرۆڤ له‌ سه‌ر كۆمێنت سزا ده‌درێت ، له‌ كوێی دنیا مرۆڤ له‌ سه‌ر خه‌ون ده‌كوژرێت ، ئه‌وانه‌ی ده‌ڕۆن لانی كه‌م ئازادی وتن و بیرو ڕاو خه‌ونبینینیان بۆ ده‌سته‌ به‌ر ده‌بێت و كه‌س هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێناكات كه‌ نابێت خه‌ون ببینن .

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک