پۆڵه‌تیك پرێس:
له سنورى ناحیه‌ى سێگردكانى سه‌ر به‌قه‌زاى كۆیه گه‌ڕان و پشكنینى هێزه ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامه به دواى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى ئێواره‌ى رۆژى چوار شه‌ممه بینراون و ته‌قه‌یان له هاووڵاتیه‌ك كردووه، هاووڵاتیه‌كه‌ش به‌رپه‌رچی داونه‌ته‌وه.
یوسف حه‌سه‌ن حسێن، قائیمقامى قه‌زای كۆیه له‌میانی لێدوانێكی تایبه‌تدا به پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، ئ”ێواره‌ى رۆژى چوار شه‌ممه له سنورى ناحیه‌ى سێگردكان حه‌وت چه‌كدار بینراون، پێده‌چێت هه‌مان ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش بن كه له هه‌فته‌ى رابردوو سێ گه‌نجیان شه‌هیدكرد له ناوچه‌ى شێخ بزێنى، دواى شه‌هیدكردنى ئه‌و سێ گه‌نجه ئۆپه‌راسیۆنێك له‌و سنوره ده‌ستى پێكرد به‌مه‌به‌ستى كێوماڵكردنی سنوره‌كه”.
قائیمقامى كۆیه وتیشی: “ئێواره‌ى رۆژى چوار شه‌ممه زانیاریمان پێدرا دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و داعشانه راوه‌دوونراون، به‌نیازن له زێی ته‌قته‌ق به‌ره‌و ناحیه‌ى سێگردكان بپه‌ڕنه‌وه، دواى په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ ناحیه‌ى سێگردكان، كه‌سێك باخچه‌ى هه‌بووه و چووه باخچه‌كه‌ى ئاو بدات، ئۆتۆمبیله‌كه‌ى له نزیك باخچه‌كه‌ى راگرتووه ئه‌وان ته‌قه‌یان لێكردووه ئه‌م كه‌سه‌یش چه‌كى پێبووه وه‌ڵامى داونه‌ته‌وه، دواتر هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه گه‌شتوونه‌ته شوێنه‌كه و له دواى رووداوه‌كه ئێستا ناوچه‌كه كۆنترۆڵكراوه و لێكۆڵینه‌وه ده‌ستى پێكردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و چه‌كدارانه”.
قائیمقامى كۆیه ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، پێده‌چێت ئه‌و چه‌كدارانه یان كه‌سى شاره‌زایان له‌گه‌ڵ بێت یان خۆیان شاره‌زاى ناوچه‌كه بن ئه‌گینا هه‌موو كه‌س ناتوانێت به‌و شێوه‌یه له زێ بپه‌ڕێته‌وه و بێته ئه‌و ناوچه‌یه.
باسى له‌وه‌شكرد، پشكنین زۆركراوه بۆئه‌وه‌ى پاشماوه یان قه‌وانى ئه‌و فیشه‌كانه بدۆزینه‌وه كه چه‌كداره‌كان ته‌قاندوویانه بۆئه‌وه‌ى بزانین چ جۆره چه‌كێكیان به‌كارهێناوه، هیچ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه ته‌نها قه‌وانى ئه‌و فیشه‌كانه دۆزراوه‌ته‌وه كه باخه‌وانه‌كه ته‌قاندوویه‌تى.