پرۆسەی خوێندن دەست پێدەكاتەوە و مامۆستایان بایكۆتی دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بە شێوەی خوێندن لە ناوپۆل بۆ قۆناغی یەكەم و دووەم و خوێندن بە شیوەی ئەلكترۆنی دەستپێدەكات.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی كوردستان ئەزمونی خوێندنی ئەلكترۆنی لە هەرێم بە شكست خواردو دادەنێت و داوا لە مامۆستایان دەكات بایكۆتی پرۆسەی خوێندن بكەن.

لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردەشدا هاتووە: ئەمڕۆ شەممە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە، پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی بە ڕەچاوكردنی پابەندبوونی تەندروستی و بەستنی ماسك و دووری دیاریكراوی نێوان قوتابیان دەوام دەستپێدەكەن، لە پۆلدا وانە دەخوێنن و پۆلی سێی بنەڕەتی تا 11 ی ئامادەیی بە رێگای ئەلكترۆنی وانە دەخوێنن، لە رێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی.

هاوكات ئەو قوتابخانانەی كە لە گوندەكانن و هێڵی ئینتەرنێتیان وەك پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە، بە ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی و ماسك و دووری دیاریكراوی نێوان قوتابیان، لە گشت ئاستەكان و قۆناغەكان دەوامی ئاسایی لە ناوپۆل دەستپێدەكەن.

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی كوردستان رایگەیاند، ئەزمونی خوێندنی ئەلكترۆنی لە هەرێم شكستی هێناوە، داواش لەمامۆستایان دەكات بایكۆتی پرۆسەی خوێندن بە هەردوو جۆری ناوپۆل و ئەلكترۆنی بكەن.

ئەنجومەنەكە ئاماژە بەوەدەكات، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەیەوێت بەشێوەیەكی شكڵی و بێ بوونی هیچ ئامادەكارییەكی پێشوەختە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دەستپێبكاتەوە.

لەماوەی رابردوشدا بەردەوام مامۆستایانی ناڕازایی جەختیان لەوەكردووەتەوە تاوەكو سیستمی ئەلكترۆنی هەڵنەوەشێتەوەو 30 رۆژ جارێكیش مووچەیان پێنەدرێت ئەوا بایكۆتی خوێندنی ئەمساڵ دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا