یەكێتی زانایان: مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس سیمبول و جێی شانازی گەلی کورد و زانایانی کوردستانە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

موفتی دیاری عێراق هێرشدەکاتە سەر مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان وەڵامی دەداتەوە.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا بە توندی ئیدانەی قسەكانی مەهدی سومەیدەعی موفتی دیاری عێراق دەكات كە تیایدا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسی بە پیاوی بەعس تۆمەتبار كردبوو.

دەقی بەیاننامەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(أَلَا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ) سورە یونس: 62.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا راشکاوانە (مەهدی سومەیدەعی) هێرش دەکاتە سەر یەکێک لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان و عێراق و جیهانی ئیسلامی، مامۆستا مەلا عەبدولکەرمی مودەریس_ خوا دەرەجاتی عالی بکات- و سوکایەتی بە پێگەو پیشەو کەسایەتی و هەڵوێست و مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات.

ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سوکایەتییە دەکەین، کە نەک تەنها سوکایەتییە بە کەسایەتی پایەبڵندی مەرحومی مامۆستای مودەریس، بەڵکو سوکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کورد و عێراق و ناوچەکەیە.

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس کەسایەتییەکی بلیمەت و ناوازە و هەڵکەوتووی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی کورد و زانایانی کوردستانە، بە کۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی عەللامە و پێشەوا و موجتەهید و هەڵکەوتووی نێو زانایانی عێراق بووە، هەر ئەمەش وای کردووە ببێتە موفتی عێراق و خزمەت و هەنگاوەکانی ببنە مایەی شانازی بۆ هەتا هەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نووسین و فەتواو کۆششە زانستیەکانی ئەم کەڵە زانایە گەواهیدەری پاکی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن.

ئێمە چاوەڕوان بووین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان رووبەڕووی حکومەتی ناوەندی بکات و پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییە بەکاربهێنێت، کە هەموو زانایانی عێراق خوازیاری بوون، نەک ناو و پێگە و لێدوانی خۆی بۆ سوکایەتی بەرامبەر فەخری عێراق و کوردستان شێخ عەبدولکەریمی بیارە بەکاربهێنێت.

بۆیە بەناوی زانایانی کوردستانەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار و دامەزراوەی یاسایی دەکەین، بە زوویی رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنە بەر و رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سوکایەتی بەرامبەر رەمزو سیمبولە ئایینیەکان بکات.

مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا