كۆمەڵی دادگەریی: لەگەڵ دەستورێكداین رەچاوی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بكات

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەری كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم داوایانكردووە ئەو رەشنووسی دەستوورەی ئامادەكراوەتەوە بۆیان بنێرن بۆئەوەی راو سەرەنجی خۆیان لەسەربدەن، بەتایبەتی ئەوەی گرنگە بە لایانەوە رەچاوی زۆرینەی خەڵكی هەرێمی تێدابكرێت.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، ساڵی 2007 لە پەرلەمانی كوردستان كە لیژنە پێكهێنراوە، یەكێك لە ئەندامانی ئامادەكردنی رەشنووسی دەستووری هەرێم لە ئێمەبووە، ئێمە بەگرنگی دەزانین چونكە دەستوور دەبێتە چەترێك و چوارچێوەیەك كە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان و نەتەوەجیاوازەكان كۆدەكاتەوە و دەبێتە بنەمایەك بۆ سەقامگیری سیاسی و سەقامگیری كۆمەڵایەتی.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی كۆمەڵ وتی: ئێمە هەندێك تێبینی و سەرەنجمان هەبووە لەكاتی خۆشی ئەو تێبینی و سەرەنجانەمان وتووە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم داوامانكردووە رەشنووسی دەستوورمان بۆبنێرن كە دووبارە ئامادە دەكرێتەوە بۆئەوەی راو سەرەنجی خۆمانی لەسەر بخەینە ڕوو.

باسی لەوەشكرد، زۆرئاساییە مشتومڕمان هەبێت لەسەر دەستوور و بیرورای جیاوازمان هەبێت شتێكی سرووشتییە، بەڵام لە كۆتاییدا دەبێت رەچاوی زۆرینە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئایا خەڵكی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەی موسڵمانە رازیە دەستوورەكەی عەلمانی بێت، عەلمانی بەواتای بێدینی یان حساب بۆ دین نەكات، یان ئایا دەكرێت دەستوورێك لە هەرێمی كوردستان هەبێت پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت، كە ماددەی دووی دەستووری عێراق دەڵێت نابێت هیچ یاسا و رێنماییەك دەربكرێت پێچەوانەی بنەما نەگۆڕەكانی شەرع بێت.

رۆژی دووشەممەی رابردوو 3ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری كوردستان كۆبووەوە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆ كردن بوو لەسەر دەستووری هەرێم و رەوشی ئێستای ناوخۆی كوردستان و ناوچەكە و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا