وەزیری ڕۆشنبیری لەگەڵ شاندێكی كولتووری فەرەنسا چەند پرسێکی کەلتوری تاوتوێدەکات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان رایگەیاند: گەلی كوردستان هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە پشتیوانی و هاوكاری حكومەت و گەلی فەرەنسا لە كاتە سەختەكانی مێژوودا.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە29-11-2023 لە دیوانی وەزارەت پێشوازی كرد لە شاندێكی كولتووری فەرەنسا، لە دیدارێكدا پرسی هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەت و ئینستیوتی فەرەنسی لە هەولێر تاوتوێ كرا.

شاندە فەرەنسییەكە پێكهاتبوون لە فرێدریك تارید، بەڕێوبەری ئینستیوتی فەرەنسی لە هەولێر، پاسكال ڕۆس، بەرپرسی هەماهەنگی و كاروباری كولتووری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە عێراق، ڕۆدۆلف ڕیچارد، جێگری كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و دەشتی عومەر سدیق، بەرپرسی كاروباری كولتووری فڕەنسا لە كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا، حەمەی حەمەسەعید، وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی بەڕێوبەری نوێی ئینستیوتی فەرەنسی لە هەولێر، ستایشی كار و پڕۆژە كولتووری و ڕۆشنبیرییەكانی ئینستیوتەكەی كرد و ڕایگەیاند، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان زیاتر هاوكار و پشتیوانی پێشخستنی پەیوەندی كولتووری و ڕۆشنبیری نێوان هەردوو گەلی كوردستان و فەرەنسا دەبێت.

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان جەختی لەسەر پەیوەندی بە تینی هەرێمی كوردستان و فەرەنسا كردەوە، كە ڕەگێكی مێژوویی هەیە و لەو بارەیەوە وتی: گەلی كوردستان هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە پشتیوانی و هاوكاری حكومەت و گەلی فەرەنسا لە كاتە سەختەكانی مێژوودا.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە پڕۆژەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان كرد، بە تایبەتی پڕۆژەی وەرگێڕانی كتێبە گرنگەكانی كتێبخانەی كوردی بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان لەوانەش زمانی فەرەنسیی و وتیشی: پێشوازی لە هەر هەوڵێكی وەرگێڕ و نووسەرانی كورد دەكەین بۆ وەرگێڕانی كتێب و سەرچاوەی پڕبایەخی زمانی فەرەنسی بۆ سەر زمانی كوردی.

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان دووپاتیكردەوە، وەزارەت خوازیارە پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوەندە كولتوورییەكانی فەرەنسا بدات و لە داهاتوودا پڕۆژەی هاوبەشی ڕۆشنبیری و كولتووری زیاتر لە پێناو پەرەپێدانی گیانی لێبوردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە ساز بكرێن.

لە بەرامبەردا، شاندە فەرەنسییەكە وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، خواستی خۆیان بۆ سازكردنی پڕۆژەی هاوبەش و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ڕۆشنبیری و كولتوورییەكان دووپاتكردەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا