شارەوانیی سلێمانی لەبارەی زەوییەکانی ‘پێشمەرگە و دژەتیرۆر’ روونکردنەوە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی روونكردنەوە لەبارەی بڕیاری راگرتنی ئەو زەوییانە دەدات كە بە زەوییەكانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر ناسراوەو رایدەگەیەنێت: بابەتەكە پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانییەوە نییەو هەر كەسێك بەهۆی پێشێلكردنی ئەم بڕیارەوە زەرەر و زیانی بەركەوتبێ دەتوانێ لە رێگەی دادگا و داواكاری گشتییەوە داوای مافی خۆی لەو كەسە بكات كە بڕیارەكەی پێشێل كردووە.

دەقی روونکردنەوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەبارەی بڕیاری راگرتنی ئەو زەوییانەی بە زەوی ‘پێشمەرگە و دژەتیرۆر’ ناسراون:

کۆمەڵێک هاوڵاتی لە گردبوونەوەیەکدا سەرۆکی شارەوانیی سلێمانییان تۆمەتبار کرد بەوەی ”بەبێ هۆکار” ئەو زەوییانەی راگرتووە کە ناسراوە بە زەوییەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر، بەڵام ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانییەوە نیە نییە بەڵکو تەواوی دەسەڵاتەکە لای ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانییە بە پێ ی ماددەی ٣٠ لە یاسا ی بەڕێوەبردنی شارەوانییەكانی ٦ ساڵی ١٩٩٣ ی هەمواركراو بەم شێوەیەی خوارەوە:

لیژنەیەک بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران (٣٦٦٣ لە ٢٠٢١/٠٤/٠٦) لەو زەوییانەیان کۆڵییەوە کە دابەشكرا بون بەسەرپێشمەرگە و دژەتیرۆر و پۆلیس و کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و لە ئەنجامدا بە کۆنووسێک راسپاردەکانیان خستەڕوو و کۆنووسەکەیان بە نوسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران (١٢٢٦ لە ٢٠٢٢/٠١/٢٣) پەسەندکرا.

دواتر جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاریان (٢٦٢٠ لە ٢٠٢٣/٠٦/٢١) فەرمانیان دەرکرد پاڵپشت بە مادەی ئاماژە پێكراو بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەی چەند ساڵەی ئەو چین و توێژانە بە دابەشکردنی ئەو زەوییانەی پێشتر لە کۆنووسی ئەو لیژنەیەدا دیاریکرابوون بەسەر ئەو چین و توێژانەو بە مەرجی سوودمەندی و بەپێی رێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی بۆیە هەر زەوییەک کە لە کۆنووسی ئەو لیژنەیەدا نەهاتبێ نابێ لەگەڵ زەوییەکانی ئەم بڕیارەدا تێکهەڵکێش بکرێ.

ئاشکرایە کە دەبێ ئەو زەوییەی دابەش دەکرێت لە ماستەرپلانی شارەوانیدا بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دانرابێت، بۆیە هەروەک لە خاڵی دووەمی بڕیارەکەدا هاتووە پێویستە جۆری بەکارهێنانی ئەو زەوییانەی لە کۆنووسی لیژنەکەدا هاتوون بگۆڕدرێن بۆ نیشتەجێبوون و رەچاوی بوونی شەقام و خزمەتگوزاری و سەوزاییشیان بۆ بکرێت، ئەمەش پاڵپشت بە (ماددەی ٢٥) لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان (ژمارە ٦ ساڵی ١٩٩٣ هەموارکراو) بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی دەکرێت.

وە هەروەها ئاشکرایە کە دەبێ ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن نەخشەی جیاکردنەوەیان هەبێت (خارطة الإفراز)، بەڵام ئەو زەوییانەی لە کۆنووسی لیژنەکەدا هاتوون نەخشەی جیاکردنەوەی شارەوانییان نییە بۆیە هەروەک لە خاڵی سێیەمی بڕیارەکەدا هاتووە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی بە هەهامەنگی لەگەڵ شارەوانیماندا نەخشەی جیاکردنەوە بۆ ئەو زەوییانەی لە کۆنووسی لیژنەکەدا هاتووە ئامادە بکەن و دواتر نەخشەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی پەسەند بکرێن..

ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بەپێی خاڵی شەشەمی بڕیارەکە هەڵدەستێ بە پەسەندکردنی ناوی ئەو کەسە شایستانەی کە زەوییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت، ئەمەش پاش نوسراوکردن بۆ لایەنە پەیوەندارەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو کەسە سوودمەند نەبووە لە حکومەت.

وە کاتێک زەوییەکە تۆمارکرا بەناوی شارەوانییەوە و جۆری بەکارهێنانەکەی گۆڕدرا بۆ نیشتەجێ و نەخشەی جیاکردنەوەی بۆ ئامادەکرا و نەخشەکە بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی پەسەندکرا و ناوی ئەو کەسە شایستانەی کە زەوییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی پەسەندکرا ئەوسا تاپۆکردنی زەوییەکە لەسەر ئەو کەسە شایستانە تەنها مەسەلەی کاتە بۆیە شارەوانیمان (تەنها لەم قۆناغەدا) بەپێی خاڵی پێنجەمی بڕیارەکە دەتوانێ رێگەپێدانی خانووکردن بدات بەو کەسە شایستانەی ناوەکانیان بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی پەسەندکراوە تەنانەت پێش ئەوەش کە زەوییەکە تاپۆبکرێت بەناویانەوە، ئەمەش تەنها بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون نەوەک بۆ مەبەستی بازرگانی.

بەڵام پێدانی رێگەپێدانی خانووکردن لە پێش تەواوکردنی ئەو رێکارانەی باسمانکردن ناکۆکە لەگەڵ بڕیارەكە ، بۆیە تەنها لەبەر ئەم هۆکارە رێگەپێدانی خانووکردن و دروستکردنی خانوو بۆ ئەو زەوییانە دەكرێت كە ڕێكاری ئاماژە پێكراوییان تەواو بوە وە بۆ كۆمەڵێك كراوە ئەگینا زەوییەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆر رانەگیراون بەڵکو لە جاران خێراتر رێکارە یاسایى و هونەرییەکانیان بەپێی ئەو بڕیارە بۆ ئەنجام دەدرێ لە ژێر چاودێری فەرمانگەی داواكاری گشتی وەك لە بڕیارەكە ئاماژەی پێكردوە .

بۆیە هەروەک پێشتر لەم پەیجەوە هاوڵاتیانمان ئاگادارکردووەتەوە شارەوانیمان بەرپرس نییە لە هەر زەرەر و زیانێک کە لە ئەنجامی کڕین و فرۆشتن بەم زەوییانەوە بەر هاوڵاتیان بکەوێت چونکە هەروەک وتمان رێگەپێدانی خانووکردن تەنها دەدرێ بەوانەی ناوەکانیان بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانی پەسەند دەکرێ.

بۆیە هەر کەسێک بەهۆی پێشێلکردنی ئەم بڕیارەوە زەرەر و زیانی بەرکەوتبێ دەتوانێ لە رێگەی دادگا و داواکاری گشتییەوە داوای مافی خۆی لەو کەسە بکات کە بڕیارەکەی پێشێل کردووە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا