لە هەڵەبجە یەكێك لەسەنتەرەكانی چارەسەری كۆرۆنا داخرا

پۆڵەتیك پرێس:
پێشتر جگە لە نەخۆشخانەی وەفا سەنتەرێكی دیكەی تایبەت بەچارەسەری تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە كرابووەوە، بەڵام هیچ نەخۆشێكی كۆرۆنا لەو سەنتەرەدا نەماوەو سەنتەرەكە داخراوە.

ماوەی چەند رۆژێكە رێژەی تووشبوون و مردن بە نەخۆشی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە كەمبووەتەوە، ئەوەش بەراورد بە دوومانگی رابردوو، كە رۆژانە رێژەكە لە هەڵكشاندابوو.

لەو بارەوە شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت: لە ماوەی 15 رۆژی رابردوو دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان بەكۆرۆنا هەبووە.

شاناز نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتیشی: لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی وەفا هەشت نەخۆشمان هەیە لە بەشی چاودێری چڕن و یەكێكیان لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكردە.

باسی لەوەش كرد، لە رابردوودا بەهۆی زۆری رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا جگە لە نەخۆشخانەی وەفا سەنتەرێكی دیكەی چارەسەری تووشبووانمان لە نەخۆشخانەی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی كردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا هیچ نەخۆشێكی كۆرۆنای تێدا نەماوە ئەو سەنتەرەمان داخست.

لەشاری هەڵەبجە، لەماوەی 15 رۆژی رابردوو، تەنیا دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان هەبووە، كە ئەوەش دابەزینێكی بەرچاوە لەدوو مانگی رابردوو تۆماركراوە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، گرتنە بەری رێكارەكانی تایبەت بە خۆپارێزی رۆڵی گرنگی هەبووە، ئێستاش نابێت هاووڵاتیان وا هەست بكەن مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی هاتووە پێویستە بەردەوام بن لەسەر جێبەجێكردنی رێكارەكان بۆئەوەی جارێكی دیكە رێژەكە بەرز نەبێتەوە، چونكە ئەگەری هەیە ژمارەكە بەرزببێتەوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە تا رۆژی 13ی 12ی 2020 لە كۆی حەوت هەزار و 125 پشكنین سێ هەزار و 91 كەس تووشی كۆرۆنابوون و دوو هەزار و 890 كەسیش چاكبوونەتەوە و 153 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تۆماركراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا