یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتی یەکێتی كۆتاییهات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نوێ، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی وەک دەستپێکی کارەکانی لەدوای پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سازکرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆکی یەکێتی پیرۆزبایی لە هەڤاڵانی نوێی سەرکردایەتی کرد و
جەختی لەوەکردەوە کە هەمووان وەک یەک تیم و لەپێناو راپەڕاندنی ئەرکە چارەنووسسازەکاندا کاربکەن و خزمەتی کوردستان بکەن.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی رۆڵی هەڤاڵانەی عومەر شێخ موس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی و دلێر سەید مەجیدی لە سەرخستنی کارەکانی کۆنگرە بەرزنرخاند و رایگەیاند، بە ئەوپەڕی رێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوەی تێکۆشەرە سەرەتاییەکان دەڕوانین و شانازیتان پێوەدەکەین.

هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی بەناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە سوپاسی هەڤاڵانەی کۆمسیۆنی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بەجێگەیاندووە و لەبەرامبەریشدا راپۆرت و دۆکیومێنتە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەیان پێشکەشی سەرۆکی یەکێتیی کرد.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا، ئەرکە حزبی و رێکخراوەییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە پابەندبوون بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرایەوە کە کاری لەپێشینەی سەرکردایەتی دەبێت، بڕیاریشدرا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سبەینێش ٩ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا