پۆڵەتیک پرێس
حسێن ئەلجسمی هونەرمەندی ئیماراتی بە بەشداریپێکردنی گروپێکی موزیکی ئیسرائیلی لە یەکێک لە گۆرانییەکانیدا بەمەبەستی ئاهەنگگێڕان بۆ رێککەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل هەوادارانی ئیماراتی توڕە کرد.
گروپی نور کە گروپێکی ئۆرکێسترایی ئیسرائیلییە لە یوتیوبی خۆیان گۆرانییەکیان بەناوی “احبک” بەمەبەستی ئاهەنگگێڕان بۆ رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بڵاوکردەوە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ حسێن ئەلجسمی دەگەڕێتەوە.
هاوکات، لەوبارەیەوە چالاکوانانی پێگە کۆمەڵایەتییەکان توڕەیی خۆیان دەربڕی لەبارەی ئەم هەنگاوەی حسێن ئەلجسمی و دەڵێن: بەشداریپێکردنی ئیسرائیلییەکان لەم بەرهەمەدا ئابڕوچوونە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، پەیامی هونەرمەند لەم سەردەمەدا لە هونەر و خۆشەویستیدا کورت نەبووەتەوە بەڵکو بووەتە ئامرازێک کە بەرامبەر پارە و ناوبانگ دەکڕرێت و دەفرۆشرێت.
حسین ئەلجسمی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی ئیماراتی لە ٢٥ی ئابی ١٩٧٩ لەدایکبووە، لەگەڵ براکانیدا بەشداربووە لە دامەزراندنی گروپی موزیکی خلیج، هاوکات لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەندین گۆرانی بەناوبانگە.