مام له‌ شام

مام جەلال: پاڵپشتیی سوریا هاوشێوەی رزگاركردنمان بوو لە پێوەدانی مار لە بیاباندا

دوای راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەدەنگەوەچوونی جەماوەرێكی فراوان بۆ چوونە نێو ریزەكانی ئەو حزبەوە لە ناوخۆی كوردستانی عیراق و دەرەوە، هەروەها سەركەوتنی یەكێتی لە راكێشانی رای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەلای بەرنامە سیاسییەكەیدا، كە لە بەیاننامەی راگەیاندنی حزبەكەدا هاتبوو لە دیمەشق لە 1/6/1975 و هەروەها بەدەستهێنانی پاڵپشتی سەربازی و دارایی و سیاسیی هەندێك وڵاتی كاریگەر لەسەر دۆسێی عیراق، هاوشێوەی «سوریا و لیبیا و یەكێتیی سۆڤیەت»، یەكێتی دەستیکرد بە ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی خەباتی چەكداری بەسەرۆكایەتی مام جەلال، كە لە كتێبی دیداری تەمەندا دەڵێت: «ئێمە دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریمان بە پێویستییەك دەزانی و بڕوامان وابوو كە خەباتی سیاسیی كامڵ نابێت و ئامانجەكانی بەدەست ناهێنێت بێ بوونی خەباتی چەكداری، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو هەوڵی سیاسیی پێشكەوتن بە خۆوە نابینێت بەبێ بوونی خەباتی چەكداری، لەبەرئەوە بڕیارماندا خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو قۆناغە و چەندین بنكە و سەربازگەمان بۆ مەشقپێكردنی پێشمەرگەكانمان لە سوریا كردەوە». مام جەلال: «سوریاییەكان لەزۆر بواردا یارمەتیان پێشكەش كردین، لە رووی سیاسیی و مەعنەوەییەوە ئەمە چ جای بواری داریی و هەروەها چەك و تەقەمەنی زۆریشیان پێداین.

 

بڕیاری دەستپیكردنەوەی خەباتی چەكداری

 

لە یەكەم كۆبوونەوەی یەكێتی بە سەرۆكایەتی مام جەلال لە 17/12/1975، دەستەی دامەزرێنەر بڕیارە چارەنووسسازەكەی دا، كە زۆرێك لەو لایەنانەی دژ بە رژێمی بەعس بوون لە بەغدا چاوەڕوانی بوون، ئەویش بڕیاری دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری و دەستپێكردنەوەی شۆڕش بوو لە چیاكانی كوردستانی عیراقەوە. زۆرێك كەسیش گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد کە مام جەلال و  حزبەكەی شكست دەهێنن لەم بڕیارە مێژووییەیاندا و دەیانووت: ئەگەر شۆڕشی ئەیلول بەو هەموو هێز و توانایەی خۆیەوە تەنها لە ئاشتەوایی نێوان سەدام حسێن و شای ئێراندا شکستی خوارد، ئەوا ئەم شۆڕشە نوێیەش تەنها لە دروستكرنی ئاشتەوایی لەنێوان سەدام حسێن و حافز ئەسەددا شکست دەهێنێت.

بڕیاری كۆكردنەوەی  هەموو ئۆپۆزسیۆن

 

سەبارەت بەو كۆبوونەوەیە، عادل موراد لە كتێبی «هاوڕێیانی توڵەیتوڵە»دا دەڵێت: دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی راوبۆچوونی فراوان لە یەكەم كۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەردا كە بە سەرۆكایەتی مام جەلال بوو، چەند بڕیاریكی گرنگمان دا، وەكو دەستپێكردنەوەی شەڕی پارتیزانی دژبە هێزەكانی رژێمی بەعس و هەروەها بڕیاری ئەوەشماندا، كاری جددی بكەین بۆ كۆكردنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆن و نیشتمانییە كوردستانی و عیراقییەكان بۆ روبەڕوبوونەوەی رژێمی بەعس بە شێوەیەكی گەورەتر. مام جەلال لەو كۆبوونەوەیەدا پلانێكی خستەڕوو بەناوی پلانی رزگاری». هەر لەو ماوەیەدا مام جەلال توانی چاوی بە حافز ئەسەدی سەرۆكی سوریا بكەوێت، كە ئامادەیی خۆی بە حەماسەوە هاوشێوەی رقی لە سەدام حسێن دەربڕی، بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوكارییەك و پشتیوانیکردنیان تا لەسەر پێی خۆیان رادەوەستن وەكو حزب و ریزەكانیان بەهێز دەكەن.

 

 یارمەتی سوریاییەكان

 

مام جەلال لە كتێبی دیداری تەمەندا دەڵێت: «سوریاییەكان لە زۆر بواردا یارمەتیان پێشكەش كردین، لە رووی سیاسیی و مەعنەوەییەوە، ئەمە چ جای بواری داریی و هەروەها چەك و تەقەمەنی و زۆریشیان پێداین، ئەم یارمەتییانەش بۆ ئێمە پڕ بەها بوو، چونكە پاڵپشتی سوریا بۆ ئێمە هاوشێوەی رزگاركرنمان بوو لە پێوەدانی مارێك لە بیابانێكی كاكی بەكاكیدا». لە گرنگترین هەنگاوە پێویستەكان بۆ ئامادەكاری بۆ خەباتی چەكدار، سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستی بە پێشوازی و وەرگرتنی پێشمەرگە و خۆبەخش كرد، كە دەهاتن بۆ بنكە و سەربازگەكانی مەشقی پێشمەرگە كە لە «شام و قامیشلۆ و دێرك» دامەزرابوون، ئەركی مەشقپێكردنیش لەو سەربازگانە درابوو بە نەقیبی ئەندازیار شەهید ئیبراهیم عەزۆ و ژمارەیەك ئەفسەری تری هاوشێوەی «ملازم سەید كەریم و ملازم حەسەن خۆشناو و ملازم فوئاد چەلەبی و ملازم جەمال خۆشناو». مام جەلال لەو رووەوە لە كتێبی دیداری تەمەندا دەڵێت: ئەو ئەفسەرانە بەشدارییان كرد لە مەشقپێكردنی پێشمەرگەكانمان و چەندین خولی تایبەتیان كردەوە بۆ مەشق لەسەر شەڕی پارتیزانی و بەكارهێنانی هەموو جۆرەكانی چەك، نزیكەی 200 تا 300 كەسیش لەو خولانە دەرچوون»، دواتر شێخ حسێن بابە شێخیش كە یەكێك بوو لە كەسایەتییە كوردە ناسراوەكانی ئێزدی، پەیوەندیی بە بنكە سەربازییەكانەوە كرد. هاتنی ئەویش كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لەسەر ئێزدییەكان لە ناوچەكانی خۆیان».

لەو چوارچێوەیەدا عەبدولڕەزاق فەیلی لە دیدارێكی پیوكەی میدیادا دەڵێت: «شەهید حسێن بابە شێخ رۆڵێكی مەزنی هەبوو لە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ دانیشتوانی شنگال و بادیناندا و هەروەها هاتنیان بۆ ناو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان»، سەرەڕای ئەوەش بوونی میر تەحسین بەگیش لەو كاتەدا لە سوریا، هەلێكی باش بوو كە مام جەلال سوودی لێ وەرگرت بۆ پەیوەندیكردن لە رێگەیەوە بە ناوەندی ئێزیدییەکانەوە لە گوندەكانی ناوچەی جەراحی سەربە قامیشلۆ و دیداری لەگەڵیاندا  و راكێشانیان بەلای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا و لەسەرووی هەمویانەوە حسێن حۆرانی، كەسایەتی ناوداری ئێزیدی لە ناوچەكە».

 

پاڵپشتی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخواز لە یەكێتی

 

بەمجۆرە، بارەگاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەربازگەکانی مەشقی لە شام و قامیشلۆ و دێرك هاوشێوەی شانەی هەنگیان لێهاتبوو، سەركردە و كادر و پێشمەرگەكان شەو و رۆژیان خستبووە سەریەك بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری، ئەو سەربازگانەش وەكو وێستگەی سەرەكییان لێهاتبوو كە سەركردەكانی یەكێتی تێدابوون و لەسەرووی هەموویانەوە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و فوئاد مەعسوم و عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی و عومەر دەبابە و ئەوانی تر، كە سەپەرشتی ئامادەكارییەكانیان دەكرد و چاودێریی رێوشوێنی پێویستیان دەكرد بۆ گواستنەوەی پێشمەرگە و چەك و تەقەمەنی بە شێوەیەكی نهێنی بەرەو چیاكانی كوردستانی عیراق و لەرێگەی سنوورە مەترسیدارەكانەوە. لەم رووەشەوە پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا، درێغی نەكرد لە پاڵپشتیکردنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەو بارودۆخە قورسەدا و بەپێی ئیمكانیاتی ئەوكاتی خۆی.

عەلی شەمدین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا