یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە

(1)
هەر هێز و لایەنێكی هەرێمی كوردستان باس لە هەڵبژاردن بكات، وا وێنای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات كە گوایە یەكێتی بارودۆخی لە هەڵبژاردندا خراپە و دەنگەكانی كەم دەكات و تووشی داكشانێكی زۆر دەبێتەوە، بەڵام هیچ هێزێك هێندەی یەكێتی پێداگری لەسەر ئەوە ناكات كە رێگە بە لایەنە كوردستانییەكان بدرێت و كەشێكی لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت بۆ ئەوەی بەئازادانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و رێگرییان لێنەكرێت.
بەڕاست ئەم سیفاتانە هی هێزێكە لە هەڵبژاردن بترسێت و دەنگەكانی كەمی كردبێت؟ یان ئەمە ویستی هێزێكە كە پێش هەموان ئامادەی هەڵبژاردنێكی پاكە؟! بەڕاست هێزێك لە هەڵبژاردن بترسێت و دەنگەكانی كەمی كردبێت، پێش هەموان خەمی خۆی دەخوات لەهەڵبژاردندا، یان خەمی پرۆسە دیموكراسییەكەی كوردستان و هێزەكانی دیكە؟!

(2)
هیچ ناوچە و شارێكی كوردستان هێندەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و زۆنەكەی هێزی نوێ و لیستی نوێ و كەسایەتی و كاندیدی سەربەخۆ خۆیان ئامادەنەكردووە بۆ هەڵبژاردن كە، لەلایەك رەنگە هەموویشی لەسەر حیساب و دەنگدەری یەكێتی بیەوێت بچێتە پەرلەمان، لەلایەكی دیكەشەوە دەنگی هاووڵاتیانی زۆنەكەی یەكێتی دابەش ببێت بۆ چەندان كەس و هێز و لیستی جیاواز، كەچی یەكێتی هێشتا ئامادەیە و سوورە لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردن بە شێوەی بازنە بكرێت و كۆتاكان بەسەر بازنەكاندا دابەش بكرێن.
بەڕاست هێز هەیە لە كوردستاندا هێندەی یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردن بێت و نەترسێت لە هەموو ئەو ركابەرانەی كە رۆژانە دێنە مەیدانەكە و دەیانەوێت لە دەنگەكانی یەكێتی كەم بكەنەوە و بیبەن بۆ خۆیان؟!
(3)
حزبێك بەناوی یەكێتی و بەشدار لە دەسەڵات، سەرمەشقی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان بێت بۆ ئەوەی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە و لیستی ناوی دەنگدەرانی كوردستان لە ناوی مرد و گۆرانیبێژی بیانی و ئاوارە و کچەمۆدێلەکان و هەموو تەزویرات و گزیی و فزییەك پاك بكرێتەوە و داوا بكات لایەنی دەرەكیش چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بكات، ئەمە ناو دەنرێت چی؟ جگە لە ئامادەیی و گەرموگوڕی یەكێتی نەبێت بۆ هەڵبژاردنێكی زۆر پاك و بێ فرت و فێڵ؟
بەڕاست هێزێكی وەك یەكێتی ئەگەر بیەوێت مۆنۆپۆل و قۆرغی دەسەڵات بكات، داوای پاككردنەوەی لیستی ناوی مردووەكانی خۆی دەكات؟ هێزێك پێی بگوترێت بەرەی دەسەڵات، باشە بەرەی دەسەڵات بۆ ئەو باشە یان بەرەی ئۆپۆزیسیۆن كە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانیش هاوڕان لە داواكانی یەكێتی لە بارەی بازنەكانی هەڵبژاردن و كۆتاكان و پاككردنەوەی لیستی دەنگدەرەوە؟ بەڕاست ئەم یەكێتییە حزبی دەسەڵات و پاوانخوازییە یان ئۆپۆزیسیۆن و پۆپۆلیسیەت؟ نەخێر هیچیان نییە و حزبی بەرەی گەل و دیموكراسی و هەڵبژاردنێكە كە هەموو حزبەكان وەك یەك پێگەی سیاسی و جەماوەری خۆیان بدۆزنەوە.
(4)
ئێستا ئەگەر بە چاوی واقیع و دیدی سیاسی لە كەشوهەوای هەڵبژاردنی كوردستان بڕوانین، دەبێت بپرسین: جگە لە یەكێتی، ئەوە كام حزبی سیاسییە كە گۆڕانكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستاندا بۆ هەموو هێزە كوردستانییەكان وەك یەك داوا دەكات؟ ئەی ئەوە كام هێزی دیكەیە دەیەوێت پرۆسەكە بەو شێوەیە بڕوات بەڕێوە كە خۆی دەیەوێت و لە قازانجی خۆیەتی و دەترسێت لە فرەبازنەیی هەڵبژاردن و پاككردنەوەی لیستی ناوی دەنگدەران و دابەشكردنی كورسی كۆتاكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا؟
(5)
ئەگەر هەموو ئەو راستیانەی لە سەرەوە باسمانكردن بكەین بە پێوەر بۆ ئامادەیی و نەترسانی هێزەكانی كوردستان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەوا تەنها یەكێتی لە هەڵبژاردن ناترسێت و تەواو ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا