زمان شتێک نییە بە بێ عەقڵ لەخێر بگەڕێت و خێربداتەوە، بۆیە کاتێکیش زمان دەریچەی پێنییە بۆ حەل، واتە عەقڵ لە مەکانی خۆیدا سەربار و زیادەیە، یان هەر بوونی نییە و ناتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت.
عەقڵ هێزی مرۆڤە بۆ ئاسایش و زندەگی و کۆنتاکتی ئەرێنی مرۆڤ بەچواردەوری خۆیەوە، دەتوانین بڵێین عەقڵ وەسیلەی رێکخستنی هەموو پێویستییەکی مرۆڤە بە ژینگە و ژیانەکەیەوە، چونکە کە عەقڵ لە مرۆڤدا نەما، شتێکیش بۆ مرۆڤ نامێنێت بەناوی ژینگە و ژیان.
ئەو هەموو کێشەیەی لە خۆرهەڵاتدا مرۆڤ بەدەستییەوە دەناڵێنێت و هێزە سیاسییەکان و رەوتە توندڕەوەکان و ئیسلامییە سیاسییەکان بەرهەمی دەهێنن، لە بنەڕەتدا ناڵاندنی مرۆڤ خۆیەتی بەدەست کێشەی نەبوونی عەقڵ و زمانی گفتوگۆوە، بۆیە واهەست دەکەین هاوکێشەیەکی راستەوانەیە، تاکو عەقڵ بێکاریگەر بکرێت و زمانی دانووستان و گفتوگۆ لە مرۆڤ وەربگیرێتەوە لەم سەرزەمینەدا، هێندەش قەبارەی کێشەکان گەورەتر دەبێت و دەرفەتی چارەسەر تەسکتر دەبێتەوە.
مێژوویەکی دوورە شاهیدی نەخشەیەکی گەورەی شکستی گفتوگۆین لە وڵاتانی عیراق و خۆرهەڵاتدا، ئەم نەخشە دوورودرێژەی گفتوگۆ لەلای وڵاتان و حزب و بەرە جیاوازەکانی خۆرهەڵات، یەکسان بووە بە نەخشەی شکستی ئەم گفتوگۆیانەش، واتە لە کوێدا خاڵی ئەم گفتوگۆیانە دەستی پێکردووە لەو سەرەوە لەخاڵێکدا کۆتاییان هاتووە، ئەمەش پێشنەکەوتنی هێزی عەقڵە بەسەر هەر جۆرە تموحاتێکی دیکەی وڵاتاندا و ئەوەندەی عەقڵ بووەتە عەقڵی شەڕ و کۆمەڵگاکانی داماڵیوە لە زمانی چارەسەری کێشەکان و پێکەوە کارکردن، هێندە خۆرهەڵاتی بەباشی ئاراستە نەکردووە و پەروەردەی نەکردووە و لەژێر رۆشنایی هێزی لۆژیک و خێردا، حوکمی کۆمەڵگاکان و سیستم و دادگا و ژیانی میللەت رێکنەخستووە.
لە رووی بەرهەمهێنان و کاریگەری عەقڵەوە، ئەمڕۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی پێچەوانەی شارستانیەتە سەرەتاییەکانی مرۆڤە کە لەم خۆرهەڵاتەوە دەرکەوتوون، ئەم سەرزەمینە کە رۆژانێک سەرچاوەی ئیلهامی عەقڵ و زانست و رۆشنبیری بوو بۆ گەلانی خۆرئاوا، ئێستا بە چەندان سەدە دوور و دابڕاوە لە رابردووی خۆی و ناچێتەوەسەر ئەو رابردووە. جگە لە چارەسەری (دابڕانی مێژوویی) کە بۆ خۆرهەڵاتییەکان پێشنیار بکرێت، شتێکی دیکەی پێویست و ئانی نییە هانی مرۆڤی خۆرهەڵاتی و تەواوی بزوتنەوە سیاسی و دینییەکان بدات کە بگەڕێنەوە بۆ هێزی مەنتیق و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد