بافڵ تاڵەبانی لە بەریتانیا بونیادی پارتی لەرزاند

سەردانێك بونیادی پارتی لەرزاند! د. ڕێبوار فەتاح وتاری سەرۆکی یەکێتی، پاڤڵ تاڵەبانی، لە دەستگای چاتم هاوس، بێ پێشینەی بوو. کاریگەری چ دەبێ لەسەر پارتی و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم؟ سەرۆکی یەکێتی لە بەردی بناغەی چەند پایەیەکی دا، پارتی ساڵەهایە بینایان دەکات. هێشتا نازانرێ کاریگەری چ دەبێ، بەڵام پارتی شڵەژاوە، تا ئێستا هەڵوێستی نیە، تەنیا کاردانەوەیە.

ئەو پایانە چین کە سەرۆکی یەکێتی ڕوخاندی؟ پارتی گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ، ڕێکەوتن لەگەڵی ئەستەمە.کتومت بە پێچەوانی لافی پارتیەوەیە، هەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات، ئەم نوێنەری بۆچوون و حزب و گروپی جیاوازی هەموو کوردستانە. ئەوەتا گەورەترین حزبی هاوپەیمانی پارتی بۆچوونی پێچەوانەیە. تاڵەبانی ئەم کەمتەرخەمیەی پارتی دەبەستێتەوە بە هەمە پۆڵی بڕیاردان لەنێو حزبدا و نمونەش دەهێنێتەوە. ئەمجار دەڵێ، “دەستی چەپ نازانێ دەستی ڕاست چی دەکات”. ئەمیش کتومت پێچەوانی لافی پارتیە، کە هەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات بڕیاردان لەنێو پارتیدا، لە نێوەنددایە و پارتی گروپ و باڵی نیە وەك یەکێتی، تاڵەبانی ئەمجار یەکێتی لەژێر سەرکردایەتی خۆیدا وەك حزبێکی یەکگرتوو دەناسێنێ و دەیکاتە هۆکاری ئەوەی کە پارتی ناتوانێ و نایەوێ لەگەڵ یەکێتییەکی یەکگرتوودا ڕێكبکەوێ. پارتی دەیان ساڵە کوردستانی ناوناوە عێراقێکی دیکە و لافی ئەوە لێدەدات کوردستان لە عێراق پێشکەوتووترە. تاڵەبانی ئەمیشی پووچ دەکاتەوە و باسی کارابوونی دەستگای وەك پەڕلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دەکات، هەموو لە کوردستان هەڵوەشاوەنەتەوە و لە عێراقدا کاران. لێرەدا ناوەستێ! تاڵەبانی فراکسیۆنی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارهێنانی پەڕلەمان بۆ سیاسەتی حزب.

نمونەش دێنێتەوە. لە لەکۆبوونەوەی ٢٢ مایسی ٢٠٢٣دا فراکسیۆنی پارتی بەبێ ڕەزامەندیی یەکێتی، حزبی هاوپەیمان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان لە پەرلەماندا کارا کردەوە. دواتر، بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دژ بە درێژکردنەوە وەستا، بڕیارەکەی پووچکردەوە. دیارە ئەمەش تێکشکان بوو بۆ پەڕلەمان، کە یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرد. تاڵەبانی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بڕیاری سیاسی، وەك بڕیاری دژ بە ئەفسەرانی دژە تیرۆر و بڕیاری بە هاوسەرۆك ناساندنی لاهور شێخ جەنگی. تاڵەبانی دەڵێ، پارتی نیەتی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی نیە و دەڵێ ئەو ٢٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانە ئەمەریکا دەیدا بە هێزی پێشمەرگە کارا نەبووە.

تاڵەبانی دەڵێ، لە هەرێمی کوردستاندا مافی مرۆڤ، ژن و کەمینە لە پاشەکشەدایە. هەروەك دەڵێ، ئازادیی ڕادەڕبڕین لە دۆخێکی خراپدایە. هەروەك بۆ پەرەپێدانی ئازادی ڕادەربڕین، تاڵەبانی بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێ، : “ئەوە حکومەتە پێویستی بە ڕاهێنانە، نەك ڕۆژنامەنووس.” کاتی سەردانی تاڵەبانی گرنگ بوو. سەرۆکی حکومەت بە هاوکاری وەزیری یەکێتی و گۆڕان کەوتووەتە ڕکلام بۆ سەرکەوتنی کاری حکومەتی. تاڵەبانی لە بونیادی ئەم ڕکلامەی دا، پیشانی دا حکومەتی هەرێم شکستە. هەڵبەت ئەمە ڕەنگە گرفتێکی گەورە نەبێ بۆ حکومەت. ئەوی بڕبڕەی پشتی پارتی، حکومەتی هەرێم دەشكێنی هێشتا بەڕێوەیە. تاڵەبانی، وەك سەرۆکی حزبێکی هاوپەیمان و بڕیاردەری کوردستان و عێراق، باوەڕی وایە حکومەتی هەرێم دەستگایەکی بێکەڵکە و پارتی تاکلایەن بەڕێوەی دەبات. بە وشەیەك، یەکێتی بەشێك نیە لە حکومەتی هەرێم و پابەند نیە بە بڕیاریەوە. هەرچەند بەو زمانە نایڵێ، بەڵام تاڵەبانی باوەڕی وایە حکومەت هەڵوەشاوەتەوە و دەسەڵاتێکە بۆ سزادانی سلێمانی و لێدانی یەکێتی.

تەنانەت دەڵێ، دەسەڵاتی دادوەری و پەڕلەمان بەکاردێ دژی یەکێتی. ئەم بۆچوونە ڕاشکاوە پارتی و حکومەتی هەرێم، هەردووك لاواز دەکات. ئیدی پارتی گەر سازشی چارەنووسساز نەکات بۆ یەکێتی، ناتوانێ لە عێراق، ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، خۆی وەك نوێنەری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی هەرێمی کوردستان بناسێنی. لە دوای ئەو وتارەوە پارتی ئێستا حزبە، نەك حکومەت، نوێنەری خۆیەتی، نەك خەڵکی کوردستان. ئەم دۆخە نوێیە سازشی زەبەلاح بە پارتی دەکات لە هەموو ڕێکەوتنێکی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بازرگانی و سیاسیدا.

کەڵكم لە ڕاپۆرتی ڕێزدار ڕێنوار نەجم وەرگرتووە لەسەر کۆبوونەوەکە. سوپاسی دەکەم.

د. ڕێبوار فەتاح

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا