تاكە ڕێگا!

ئەگەر بەخێرایی چاوێك بخشێنینەوە بە مێژووی وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە زۆربەی كات (مەنتقی هێز) زاڵ بووە بەسەر (هێزی مەنتق)دا.

قەدەری میللەتی كوردیش لەڕووی جیوپۆڵۆتیكەوه كەوتۆەتە نێو جەرگەی كۆمەڵێك وڵاتی فاشیست و ڕەگەزپەرست و دواكەوتوو، كە هەمیشە بە (مەنتقی هێز) مامەڵەیان لەگەڵ كورد كردووە، بەمەبەستی چەوساندنەوە و لەناوبردن و سڕینەوەی كەلتور و زمان و شكاندنی كەسایەتی كورد و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی، بەڵام خۆشبەختانە بەشێكی زۆری ئەم هەوڵانە بێسود بوون بەهۆی خۆڕاگری گەلی كوردستان، بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوهەریەكە ئەوەیە كە بۆچی كورد وێڕای ئەو هەموو شۆڕش و قوربانیدانە، وەكو گەلانی تری ناوچەكە نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟

ئەو پرسیارە وەڵامی زۆر هەڵدەگرێت، لەوانە (كورت) بینی (كورد) لە ڕابردوودا و هەڵەكردنیان بۆ خوێندنەوەی پارسەنگی هێز لە ناوچەكەدا، هۆكارێكی سەرەكی شكستهێنان بووە، كە لە ئەنجامدا دەربەدەری و ماڵوێرانی خەڵكی كوردستانی لێكەوتووەتەوە، بەڵام پێموایە نەهاتنەدی ئەم خەونە لە ڕابردوودا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی:
1- هۆكاری دەرەكی یان پیلانی داگیركەران:
پلانی وڵاتانی زلهێزی جیهان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی داگیركەر بۆ لە باربردنی هەموو هەوڵێكی سەربەخۆیی و چاوتێبڕینیان لە سەروەت و سامانی كوردستان وای لێكردوون كە خاك و خەڵكی كوردستان وەكو نێچیرێكی چەور ڕاو بكەن و لە سەر سفرەی ژەمەكانیان لە نێوان خۆیاندا “وەحش ئاسا” بە دڕندەترین شێواز و بە ددانە ژەهراویەكانیان قەپ لە جەستەی كوردستان بگرن.
2- هۆكاری ناوەكی یان پەرتەوازەیی كورد:
بەداخەوە كورد لەڕابردوو و لە ئێستاشدا پەرتەوازەیە و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست نییە، بەمانایەكی تر سەركردایەتی سیاسی كوردستان بەجۆرێك پەرتەوازەیە كە پێبزانن یان نەزانن، دوژمنانی كوردیان دڵخۆش كردووە، بە جۆرێك كە بەردەوامبوون بەم حاڵەی ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسیەكان دەخاتە بازنەی خزمەتكردن بە دوژمنانی كورد.

بۆیە تاكە ڕێگا لەبەردەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دایەلۆگ و یەكتر قبوڵكردن و دانیشتنە لەپێناو چاككردنی باری ئابووری خەڵك و نوسینەوەی یەك پڕۆژەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆ چەژنی نەورۆز و دیاریكردنی تایم تەیبڵێك بۆ جێبەجێركردنی ئەم پڕۆژەیە، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان ئەم تاكە ڕێگایە بگرنەبەر و ئەجێندایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ كوردستان بنوسنەوە، ئەوا كوردستان لەم چەق بەستوییە ڕزگاری دەبێت و دەبینە خاوەنی دووانەی (مەنتقی هێز و هێزی مەنتق) بەم هەنگاوەشیان “كاوە ئاسا” ڕازاوەترین جەژنی نەورۆز بۆ خەڵكی كوردستان دەخولقێنن.

كاروخ خۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا