پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ چوارشەممە12ی تەمموز، قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، لەگەڵ بەرێوبەر و نوێنەری چاودێری بازرگانی و تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵ و پیشەسازی و گومرگ و نوێنەری کۆمپانیاکانی پشکنین و لیژنە هاوبەشەکان تایبەت بە جۆر و کوالێتی ئەو خوێیانەی لە بازاڕەکاندا هەن کۆبووەوە.
قائیمقامی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای باسکردنی وردەکاری بابەتەکە، دەرکەوت بەشێک لەو خوێیەی تایبەتە بە پیشەسازی، لە هەندێک لە کارگەکاندا دەستکاری کراوە و بە خوێی خۆراکی دراوە بە هاوڵاتیان، دوای پشکنین دەرکەوتووە بەشی زۆریان بۆ خواردن شیاو نین و زیانی تەندروستیان هەیە.
ئاماژەی بەوەکرد، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە درا:
-ئەو کارگە ناوخۆییانەی مۆڵەتی کارکردنیان نییە دابخرێن.
-لیژنەیەکی پسپۆڕ لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان پێداچونەوە بە کاری کارگە مۆڵەتپێدراوەکاندا بکەنەوە بۆئەوەی خوێ بە کوالێتی بەرز بخەنە بازاڕەکانەوە، ئەگەر پابەندی مەرج و رێنماییەکان نەبوون ڕێکاری یاساییان لەگەڵ دەگیرێتەبەر.
-کۆمپانیاکانی پشکنین لە خاڵە سنورییەکان بەرپرسن لە کوالێتی ئەو خوێیەی هاوردەدەکرێت و ڕێگەنەدرێت خوێی پیشەسازی بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە هاوردەبکرێت.
-ڕێگەنەدرێت لە مەرزە لاوەکییەکانەوە مادەی خۆراکی بەتایبەت خوێ هاوردەبکرێت.
-ڕێگە نەدرێت بەبێ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی خوێ لە پارێزگاکانی ترەوە هاوردەی سلێمانی بکرێت.