چۆن سلێمانی بکەین بەپایتەختی گەشتیاری تەندروستی..؟

گەشتیاری پزیشکی زاراوەیەکە کە بە شێوەیەکی گشتی بەکاردێت بۆ وەسفکردنی گەشتی نێودەوڵەتی بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەتوانین بڵێین بریتییە لە:گەشتێکە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لەدەرەوەی ناوچە و وڵاتی خۆت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. بەگشتی لەجیھاندا دوو جۆر گەشتی تەندروستی یاخود چارەسەری بوونی ھەیە: یەکەمیان/ گەشتی چارەسەری پزیشکی کە وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا وەرگرتنی چارەسەرە لەپزیشک و نەخۆشخانە پێشکەوتووەکان. دووەمیان/گەشتی چارەسەری سروشتی کە بریتییە لەسەردانی کردنی ئەو ناوچە سروشتیانەی ئاوھەوای سازگار و ئاوی کانزایی یاخود گەڕاو تێدایە بۆ کۆمەڵێک لەنەخۆشییەکان خەڵک دەتوانێت سوودی لێوەرگرێت.

 

بەگشتی لەئێستادا لەجیھاندا بەھۆی پیسبوونی کەشوھەوا و بوونی خۆراکی ناتەندروست،نەبوونی جووڵەی پێویست ،گۆڕانکاری ژیاری مرۆڤدا ڕوویداوە زۆرینە مرۆڤی جیھان گێرۆدەی چەندەھا نەخۆشی جۆراوجۆر کردۆتەوە،ئەم ھۆکارانەش زۆر بوونی نەخۆش لەدونیادا بوونی چارەخانە و نەخۆشخانەی کردووە بە پێویستیەکی گرنگی ژیانی مرۆڤ.

 

کەکاتێک کەسێک نەخۆش دەکەوێت دەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشی و ئازارەکەی سەردانی لای پزیشک و نەخۆشخانەکان بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر ئیتر چارەسەرەکەی یان بەدەرمانە یاخود بە نەشتەرگەرییە،چاکبوونەوە و سەلامەتبوونی جەستەی ئەو کەسە پزیشک و نەخۆشخانەکە لێی بەرپرسیارن ئایە تاکو چەند خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بۆ بەکارھێناوە،تاچەندێک ئاگاداریبوون و چاودێریان کردووە، بەسەرجەم قۆناغەکانیوە تاوەکو چارەسەری تەواوی وەردەگرێت ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بوونی نەخۆشخانە و پزیشکی کارامە زۆر زۆر گرنگە بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤ و بەردەوامبوون لەژیانکردن.

 

ھەر لەبوومەڵێڵی مێژووەوە مرۆڤ ھەوڵی چارەسەرکردنی خۆیداوە لەکاتی بوونی ئازار و یاخود زیانێکی بەرکەوتن بڕینێک یاخود ئازاری کەوتن و سووتان داوە،تا دەرکەوتن بوونی (حەکیم) و پزیشک کەبەشێوازێک لەشێوازەکانی بەھۆی تاقیکردنەوە کەسیەکانەوە و فێری نەشتەری یاخود لەڕێگەی گیاو و داودەرمانی سروشتیەوە توانیوێتی چارەسەری مرۆڤەکانی ئەوکات بکات.

 

تاوەکو ئێستا کەجیھان لەوپەڕی ترۆپکی پێشکەوتنەکانیدایە لەسەرجەم بوارەکاندا بەتایبەتی بواری چارەسەر پزیشکی ھەزاران بنکەی تەندروستیمان ھەیە لەجیھاندا و بەردەوام لەپێشکەوتن و زیاد بووندان پێشکەوتنی زیاتر و زیادبوونی نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکان بۆتە ھۆی ئەوەی نەک لەناخۆیی وڵاتی خانەخوێ وە بەڵکو لەوڵاتی دیکەوە سەردانی بکرێن بۆ ئەوەی چارەسەر وەبگرن، لێرەدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو گەشتیارانەی کەبەمەبەستی تەندروستی گەشت دەکەن،مەرج نیە تەنھا بۆ ئازارێک یاخود دەرمان سەردانی بکەن بەڵکو لەئێستادا زۆرینەی ئەو گەشتیاران بۆ مەبەستی جوانکاری و نەشتەرگەری چەوری و ڕواندنەوەی قژ و چەندەھا جۆری دیکە جوانکاری سەردان دەکەن،ئەگەر بۆ چارەسەر وەرگرتیش بێت مەرج نیە ئەو چارەسەرە لەوڵاتی خۆیدا بوونی نەبێت لەھەندێک حاڵەتدا یەکێک لەھۆکارەکانی چارەسەر وەرگرتن لەدەرەوەی وڵات بەھۆی کەمی تێچووەوەیە کەھەمان چارەسەر بە کوالێتی بەرزتر لەشوێنی دیکە دەکرێت و تێچووەکەشی بۆ نەخۆش کەمترە، یەکێکی دیکە لەھۆکارەکان خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی باڵا، ستافی پزیشکی شارەزا و ئەزمووندار،کەبەرزترین کوالێتی بێد و شوێنی مانەوە و وەرگرتنی چارەسەری خێرا،ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەورە، ھەبوونی ئامێری پێشکەوتووی پزیشکی لەسەرجەم لایەنەکانی تەندروستیدا ئەمەش ھۆکارێکی ترە لەو ھۆکارانەی کەگەشتیاری تەندروستی ڕوو لەزیادبوون دەکەن، جگە لەوەی ئابوریەکی گەورەش پەیدادەکات ھەم بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت کەرتی تەندروستیدا وەبەرھێنانیان کردووە، ھاندەرێک دەبێت بۆ پزیشکان و چاودێرانی تەندروستی کەزیاتر گەشەبەکاری خۆیان بدەن و خزمەتی زیاتر نەخۆشی ناوخۆیی و نەخۆشی میوان بکەن بۆ چارەسەر وەرگرتن.

 

لەجیھاندا بەگشتی پەرەپێدانی کارگەی بەرھەمھێنان دەرمان و تاقیگە،دروستکردنی بنکە و نەخۆشخانەی گەورە ڕۆژ بەڕۆژ لەگەشەکردنێکی خێرادایە کەیەکەمین وڵات زۆرترین ڕێژەی بنکەی تەندروستی ھەبێت بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) ئەویش وڵاتی (کۆڵۆمبیا)ـیە کە زیاتر لە (١٠,٨٩٩)یەکە و نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی تێدایە بەدوای ئەودا دووەمین وڵاتی یابانە کە ئەویش ڕێژەکەی (٨,٢٣٨) نەخۆشخانە و یەکەی پزیشکی تێدایە ،سێیەمین شوێن ویلاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە(٦,٠٩٠) نەخۆشخانە تێدایە؛ئامانە دەرخەری ئەوەن کە لەجیھاندا چەند گرنگی بەدروستکردنی نەخۆشخانە و سەلامەتی نەخۆش دەدرێت و لەڕێگەیەوە داھات بۆ وڵات پەیدادەبێت و ھەلی کاری زیاتر دەڕەخسێت و بوژانەوەی دروست دەبێت. یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی گەشتیاری پزیشکی ئەمریکایە.

بەهۆی تێچوونی بەرزی چارەسەری پزیشکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ساڵانە زیاتر لە ۲ ملیۆن ئەمەریکایی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن بۆ گەشتیاری پزیشکی (نزیکەی ۹٪ی گەشتیارانی پزیشکی لە سەرانسەری جیهاندا پێکدەهێنن). گەشتیاری تەندروستی پیشەسازییەکی گەورە و گەشەکردووە کە هەموو جیهان دەگرێتەوە. لە ساڵی 2020دا، بەهای کەرتی گەشتیاری تەندروستی جیهانی نزیکەی 54 ملیار دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2027 قەبارەکەی چوار هێندە بێت و گەیشتە 207 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە سەدا 40ی ئەو کەسانەی کە گەشت بۆ گەشتیاری پزیشکی دەکەن بەدوای چارەسەری کوالێتی بەرزتردا دەگەڕێن لەوەی لە وڵاتی خۆیاندا دەیدۆزنەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، گەشتیارانی پزیشکی زۆرجار بەدوای ئەو وڵاتانەدا دەگەڕێن کە سیستەمی چاودێری تەندروستییان زۆر پێشکەوتووە، وەک دەستگەیشتن بە باشترین جۆری پزیشک و کەلوپەلی پزیشکی و دەستگەیشتن بە چارەسەری ئاسان.

 

لەوانەیە وڵاتە جیاوازەکان تایبەتمەند بن بە هەندێک جۆری چارەسەر، ئەمەش وادەکات ئەستەم بێت بڵێین کام وڵات باشترینە بۆ هەموو جۆرەکانی گەشتیاری پزیشکی. لە هەرێمی كوردستاندا دوو جۆر گەشت و گوزاری چارەسەری هەیە ، یەكەم سروشتی و دووەم مرۆیی، لەڕووی گەشتیاری چارەسەری سروشتیەوە چەندەھا شوێن ھەن لە سروشتیدا ژمارەیەك كانیاوی كانزای جۆراو جۆر هەیە.

 

كە بۆ چارەسەری نەخۆشی خورشت, (پێست) زەرتك، لادانی بەردی گورچیلە و  چەند جۆرە نەخۆشی تر بەكاردێت. هەروەها ناوچەی هەوا پاك و خاوێن و سروشتی جوان هەیە كە بۆ چارەسەری نەخۆشی دەرونی بە سوودە.   جۆری دووەم چارەسەری مرۆیی، کە نەخۆشخانە و چارەسەری پزیشکی دەگرێتەوە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بە تایبەت كەرتی تایبەت كە دكتۆری تایبەت لە وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ كوردستان دەهێنن، بەم هۆیەش گەشتیاران لە شارەكانی تری عێراق و ولاتانی دەوروبەر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەم جۆرەی گەشتو گوزار لە پێشكەوتن و گەشە سەندنی بەردەوام دایە،کەئەویش ئەو شارەی پێشەنگی شارەکانی تری کوردستانی گرتووە شاری سلێمانیە کەلەڕووی گەشتیاری تەندروستیەوە یەکەمین سەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستانە،بەھۆی بوونی چەندەھا نەخۆشخانەی پێشکەوتووی حکومی و ئەھلیەوە پێشکەشکردنی باشترین جۆری خزمەتگوزاری پزیشکی و شوێنی پاکوخاوێن و گونجاو و جیاکردنەوەی نەخۆشییەکان بەپێی تایبەمەندێتی و چارەسەر وەرگرتن بەئامێری کوالێتی بەرز،لەھەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بەنزیکەی (١٠٢٨) بنكەی تەندروستی تێدایە ژمارەی نەخۆشخانە حکومییەکان (٩١) و نەخۆشخانە ئەھلییەکان (٦٠) دەبن کەبەردەوام لەچارەسەرکردنی خەڵکدان ساڵانە بەنزیکەی (٢٢٣,٣٢٦) نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت لەنەخۆشخانەکانی کوردستان داھاتی ساڵانەی کەرتی تەندروستی(٢٣ملیار)دۆلارە لەھەرێمی کوردستان دەبێت ئەمەش داھاتێکی زۆرە دەکرێت گەشەی زیاتری پێ بدرێت.

 

بنکە و نەخۆشخانەی تایبەت چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەک (شێرپەنجە،شەکرە،دڵ)کەھەر یەک لەم نەخۆشییانە سەنتەر و نەخۆشخانەی تایبەت بەخۆیانیان ھەیەبەتایبەتی (نەخۆشخانەی ھیوا) و (نەخۆشخانەی نانیکەلی)یەکێکن لەناوەندە گرنگە چارەسەرییەکانی نەخۆشی شێر پەنجە لەتەواوی عێراق بەباشترین کوالێتی کە بەردەوامە لەچارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیە گەورەیە، چەندەھا نەخۆشخانەی تر لەسنور پارێزگای سلێمانی کە لە کەرتی تایبەتن وەک(شاری پزیشکی فاروق،نەخۆشخانەی تایبەتی ئەنوەر شێخە،نەخۆشخانەی تایبەتی سمارت…ھتد)کە ئەمانە لەبەرزترین کوالێتی و باشترین خزمەتگوزارییە پزیشکیەکان پێشەکەش دەکەن لەھەرێمی کوردستان و عێراقدا ناوبانگیان بڵاوبۆتەوە.

 

بەردەوام شاری سلێمانی بەھۆی ئەو پێشکەوتنە گرنگانەی لەوبوارەدا خەڵات و نازناوی گرنگی پێدراوە کەلەساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی بۆ گەشتیاری تەندروستی لەوڵاتی ئەردەن پێ بەخشرا، لەدواھەمین ئامار لێکۆڵینەوەدا بەپێی ڕووپێویەکی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی(WHO)وەزارەتی تەندروستی عێراق و ھەرێمی کوردستان،پارێزگای سلێمانی لەپلەی یەکەمیدایە لەژمارەی دامودەزگای تەندروستی و بەردەستبوونی سەرچاوە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ژمارەی بنکە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی (٧٥٨)دانەن کەبەردەوام لەگەشەکردندایە، ئەمەش مژدە و ھەواڵێکی دلخۆشکەرە بۆ شاری سلێمانی کەدەبێت زیاتر زەمینە بسازێنن بۆ وەبەرھێنان لەکەرتی تەندروستی و گرێدانی بەگەشتیارییەوە کە لەڕێگەیەوە ببێتە ھۆی داھاتێکی باش بۆ شاری سلێمانی لەڕووی کەرتی تەندروستیەوە ھاندانێک دەبێت بۆ شارەزایان و پزیشکان و وەبەرھێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دروستکردنی ناوەندی گەورەی تەندروستی لەھەرێمی کوردستان و شاری سلێمانیدا ئەم شارە و کوردستانی زیاتر پێ بناسرێت.

 

گەشتیاری چارەسەری سروشتیش گەشە بکات وەک گەڕاو ئاوە کانزاییەکان نزیکترینیان و بەناوبانگترینیان (گەڕاوی خورماڵ) ـە کە ئاوەکە جۆرە کانزایەکی کبریتیەی لەپێکھاتەی ئاوەکەدایە دەتوانێت ببێتە ھۆی چارەسەری نەخۆشی ھەستیاری پێست و ئێسک و ڕۆماتیزمە چەند نەخۆشیەکی دیکە سوودی لێوەردەگرن،کەدەبێت پەرە و خزمەتی زۆرتری بکرێت تاکو ببێتە ھۆی ڕاکێشانی گەشتیاری چارەسەری،کەرتی گەشتیاری بەھەر بوار و کەرتێکی دیکەوە گرێ بدرێت و پرد و پەیوەندی لەنێوانیاندا ھەبێت ئامانجی سەرەکی لێی بەدەستخستنی ئابوری و بووژانەوەیە بۆ وڵات جگە لەتێکەڵبوونی کلتوورەکان سوود وەرگرتن لەئەزموونی یەکتری وڵاتانی پێشەکەوتوو وەربگرین و تەکنیکی نوێ فێربێن لە وڵاتی خۆمان جێبەجێی بکەین کوردستان و خەڵکەکەی سەرجەم تەندروست باش بکەین.

ھیوا فەرەیدون / بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی گەشتوگوزار ناسانی کوردستان لقی سلێمانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا