موجامەلەكردنی سەدر و چارەنووسی عێراق

ئەوەی لە مەراسیمەكەی 15ی تەموزی 2022 لە بەغداد بینرا نمایشیكی بەهێزی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بوو و لە هەمان كاتیشدا پەیامێكی توند بوو بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەكان كە حكومڕانی عێراق بەبێ‌ ئەو كێشەی زۆری بۆ دروست دەبێت و لە رێگەی شەقامەوە ئەوەی بیەوێت دەتوانێت بیكات.

“ئەوانەی حكومەت پێكدەهێنن، با دژایەتی گەندەڵی بكەن و ئەوانەشی تاقیكراونەتەوە جارێكیتر تاقی ناكرێنەوە” ئەمە یەكێك بوو لە خاڵەكانی وتارەكەی سەدر كە مەحمود ئەلجەیاشی نوێنەری سەدر خوێندییەوە و بە ناڕاستەوخۆ پەیامێك بوو بۆ نوری مالیكی بەتایبەتی و حەیدەر عەبادی و چەند سیاسییەكی دیكەی عێراق بە گشتی كە لە ساڵانی رابردوودا لە دەسەڵاتدا بوون و بە تیڕوانینی سەدر جگە لە ماڵوێرانی هیچی دیكەیان بۆ عێراق پێ نەبووە.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە موجامەلەكردنی موقتەدا سەدرە لەلایەن سیاسییەكانەوە، لە پرۆسەی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەران دەكشێتەوە دەستخۆشی لێدەكەن و دەڵێن پیاوێكی نیشتیمانییە و لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە بەبێ‌ ئەو عێراق بەڕێوەنابرێت، كاتێكیش دەیویست حكومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێكبهێنێت زۆربەیان دژایەتییان دەكرد و پێیان وابوو پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقی باشرین بژاردەیە بەو پێیەی لە دوای ساڵی 2003ەوە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت.

وتاری مەراسیمەكەی 15ی تەموزی 2022 لە بەغداد لەگەڵ ئەوەی پەیامێكی دژ بە ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكان بوو، لەلایەن هەندێك سیاسی دیكەوە پشتیوانی كرا، بۆ نمونە مستەفا كازمی و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و چەندین سیاسی دیكە وتارەكارەی سەدریان بە رێگەیەكی نیشتیمانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق وەسفكردووە، لە هەمان كاتیشدا لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە وتارەكەی سەدر بە دژ بەمان دادەنرێت و لەسەر پێكهێنانی حكومەتیش زۆرترین كێشەیان هەبووە.

هەڵوێستی هەندێك لە سیاسییەكانی عێراق و موجامەلەكردنی سەدر ئەو پەندە كوردییەی بەسەردا دەسەپێت كە دەڵێت وەك گای ناو جۆگە لە هەردوو بەر دەخۆن، چونكە لەلایەن پشیتوان و هاوپەیمانی سەدرن و لەلایەكی تریش لەگفوگۆدان لەگەڵ نەیارەكانی سەدر.

لەگەڵ ئەوەی كەسایەتی سەدر بۆ زۆربەی شەقامی عێراقی و سیاسی و كەسایەتییە دیارەكان روونبووەتەوە كە كەسێكی راڕایە و هیچ كاتێك بڕیارەكانی نەگەیاندووەتە كۆتایی ڕێگە و دوای ماوەیەك لە دەركردنیان لێیان پاشگەزبووەتەوە، بەڵام زۆر سەیرە بۆچی بەو شێوەیە موجامەلەی دەكەن و هەرچی بڵێت بە باش و خراپ پشتیوانی دەكەن، باشی نیشتیمانپەروەری و روبەڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە و خراپیشی هەر نیشتیمانپەروەری و روبەڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە بەلای زۆربەی هەرەزۆری سیاسییەكانی عێراقەوە، كە ئەمەش چارەسنوری رەوشی سیاسی و حوكمڕانی لە عێراق بەرەو هەڵدێر و قۆناغێكی مەترسیدار دەبات كە باجەكەشی تەنها هاوڵاتی دەیدات.

دواجار كورد چیی بكات لە دەرەنجامی ئەو نەخشە ڕێگا نوێیە؟

ململانێكان لەو عێراقە لە نێوان كورد و شیعە نییە ئێستا، بەڵكو بلۆكی گەورەی شیعەی عێراقییە لەگەڵ بلۆكی گەورەی شیعەی ئێرانیی، كورد كە هێشتا بەتەواوی نەبووەتە لایەنێك لەو گەمە و ململانێی مەزهەبییە، دەبێت هۆشیارانەتر هەنگاو بنێت، چونكە ماف و خواستەكانی لە ژێر هەژموون و بارمتەی قورسدایە.

هەژار عەلی واحید

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا