سیاسەت بە ھاش و ھوش و فەوزا ناکرێت

د. دریڤان عەبدولقادر – ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی

چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر لە بارەگای مەکتەبی سیاسی/سلێمانی کاک قوباد وەکو سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری کادیرانی پێشکەوتووی حزب لە ھەموو ئاستەکاندا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕەخنە و گللەییەکی زۆر ڕووبەڕووی بەرێزیان ئەبووەوە لەلایەن کادیرانی حیزب چ لە ناو ئۆرگانەکان و چ لە ڕاگەیاندنەکاندا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی تیمەکە کرا و ھەروەھا ھۆکاری بەردەوام بوون لە کارکردن لەم حکومەتە و قبوڵکردنی ئەو ناماقوڵیانەی کە بەرامبەر خودی کاک قوباد و حزب ئەکرێت، ھۆکارەکان بریتیبوون لە ھەموو ئەوانەی کە ئێستا لە ڕاگەیاندن باسی لێوە ئەکرێت و پارتی ھەڵوێستی چۆنە و ئەگەر کاک قوباد پشوو درێژی و دان بەخۆدا گرتنی ھەڵنەبژاردایە ھەر ئەوکات سلێمانی ڕووبەڕووی ئەم دۆخەی ئێستا و خراپتریش ئەبووەوە، زۆر بە دیقەت باسی لە ھۆکار و دەرەنجامەکانی کرد، بەڵام ئێمەی کادیرانی یەکێتی بێ ئاگایانە بە حەزوو و ئارەزووی قسەی بریق و باق و ھوتافات گوێمان لێنەگرت و بەردەوام بووین لە ڕەخنە گرتن و سوور بوین لەسەر ھەڵوێستە دژەکان.

لە ئێستادا کە پارتی سزای زۆنی سەوز ئەدا دەقاودەق قسەکانی کاک قوبادم بیر دێتەوە و بە چاوی خۆم ئەبینم ھەمووی ھاتە دی.

ئێستاش کە ھەڤاڵی ناوبراو سەرپەرشتی دیداری یەکێتی ئەکات بۆ دانانی بەرنامەی نوێ و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی حزب و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، ئەبینین سەرلەنوێ رەخنە و دژایەتی دەستی پێکردۆتەوە.

بۆیە ڕووی دەمم ئەکەمە حزبەکەم و ئەڵێم، سیاسەت بە ھاش وھوش و فەوزا ناکرێت، سیاسەت بیرکردنەوەی حەکیمانە و سیاسەتمەداری حەکیمی پێویستە، یەکێتی ئێستا لەنێوان بەرداشی دەسەڵاتێکی قۆرخکار و ئۆپۆزیسیۆنێکی سەرلێشواودایە، لە لایەک پارتی وەکو حزبی دەسەڵات خاوەنداری حکومەت تا سەر ئێسک دژایەتی ئەکات بە بێ گوێدانە ھیچ بەھایەکی حزبی و سیاسی و بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و بەھەمانشێوە و نەفەسی پارتی، ئۆپۆزسیۆنەکانیش ھەمان کارمان لەگەڵدا دەکەن تەنھا بۆ ئەوەی ببن بە بەدیلی یەکێتی و ئەم ھەرێمە بەرەو حزبی قائد و دکتاتۆریەت بەرن.

ھەڤاڵانم لێگەرێن با بەرنامە و پیلانگێڕی نەیارانمان کارمان تێنەکات.

یەکێتی بەردەوام ئەبێت، دیداری یەکێتیش بەردەوام ئەبێت و نەیارانمان خەیاڵیان خاوە، یەکێتی لە ناو ھەناوی شکستەوە سەریھەڵداو شکستی بە شکستھێنا، یەکێتی خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و قوربانیدان و ڕووبارێک خوێنە، ھەرگیز شکست ناھێنێت و بەردەوام ئەبێت لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمان .

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک