ڕۆڵی بەرانبەر لە توندیی ئیسلامیدا

گەر چاكەی گشتیمان مەبەست بێت، دەبێت پێشوازی لە ھەموو بەخۆداچوونەوەو بەرەو میانەرەوبووچونێكی زیاتر بكەین و ھانی بدەین، لە ھەر لایەكەوە بێت، نەك لە روانگەی ڕابردوەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەین و ڕەتی بكەینەوە. بە حوكمی ئەوەی، دەبێت رەخنە بە پلەی یەكەم ئاراستەی بیركردنەوەو رەفتار بكرێت، نەك خودی كەسەكان و ئامانج تۆڵەكردنەوە بێت. لەم روانگەوە بەش بەحاڵی خۆم پێشوازی لە ھەندێ لەبیركردنەوەو ھەڵوێستە نوێیەكانی كاك مەلا بەختیار دەربارەی ئیسلام و ئیسلامییەكان دەكەم. ھیواداریشم بەرھەمی بەخۆداچوونەوەیەكی فیكری جددی و دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەیەكی مەنھەجی مەسەلەكان بێت، بەتێپەڕینی ڕۆژگاریش قوڵتر ببێتەوەو شوێنەواری زۆرتری دەربكەوێت.

لەو سۆنگەوە كە پێویستییەكی بەیەكەوەژایانی ئاشتیانەو دوورخستنەوەی كۆمەڵە لە جەمسەرگیری ئایدۆلۆژی و سیاسی توند، كە بناغەی ھەر گەشەكردنێكی دیموكراسی لە ئایندەدا ھەڵدەتەكێنێ. بۆ ئەوەی ئەمەش روونەدات، دەبێت ڕێ لەھەر دابەشبوونێكی توندی عەلمانی- ئیسلامی لە كۆمەڵگەدا بگرین و ھێزەكان بەشێوازێكی نوێ پۆڵێن و ڕیزبەند بكەینەوە.

بۆ نموونە، میانەرەوەكان و دیموكراسخوازو ئاشتیخوازەكان، بەرامبەر توندرەو و نادیموكرات و خۆسەپێن و توندوتیژەكان بە ئیسلامی و عەلمانییەوە. بەو واتایەی، دابەشكردنەكان لانی كەم لە ھەندێ ئاست و لەوانەش ئەركە ھاوبەشەكان، ئایدۆلۆژیی و ناسنامە گەرایانە نەبن، بەلكو فیكری و سیاسی و بەھایی و نەرم بن. ئەمەش ئەو سازشە مێژووییەیە، ھیچ كۆمەلگەیەك بێ ئەو ناگات بەدۆخی سەقامگیری و دیموكراسی و یەكتر قبوڵكردنێكی راستەقینە.

سەبارەت بە توندیی ئیسلامی:
بە گوێرەی ئەو رێسایەی بەشێوەیەكی گشتی دەڵێت؛(توندیی توندی بەرھەم دەھێنێت)، بەشێ لەتوندیی ئیسلامییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكەو دونیادا، رەنگدانەوەی توندی ور ەتكردنەوەی بەرامبەرو شكستی دەوڵەت و نادیموكراتبوونی دەسەڵات و سیستیمەكانە. تەنانەت كرانەوەو دیموكراسییەكی سنوردارو پەراوێزیش، كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی توندی و ڕق و توندوتیژییەكان ھەیە. بۆ نمونە؛ ئەوەی لە جەزائیرو سوریاو لیبیاو میسر بینرا، لە مەغریب و ئوردن و توركیادا نابینرێت. دیارە كلتوری عەرەبیش تایبەتمەندی خۆی ھەیەو لێرەدا ناچینە سەری.

كۆمەڵێك ھۆكار ھەن خزمەت بە داخراویی و توندیی بەشێ لە ھێزە ئیسلامییەكان دەكەن و ناھێڵن بەتەواوی بكرێنەوە؛ پەیوەندیان بە بیركردنەوەو رەفتاری بەرامبەرەوە ھەیە، لەوانەش:
١- پێدانی جەوھەرێكی نەگۆڕ بە تەوژمی ئیسلامی، بەو واتایەی لە خودی خۆیداو بەدەر لە قۆناغی مێژوویی و دۆخەكان و لە جەوھەردا نالێبوردە، داخراو و توندرەو و نادیموكراتەو قابیلی گۆران نییە؟! ئەگەر كرانەوەو باوەڕ بە دیموكراسییەك لەخۆی نیشان بدات، تاكتیكەو ھەڵقوڵاوی قەناعەتێكی فیكری نیە؟ ئەمەش وادەكات ھەندێ كەس و ناوەند، رایەكی چەسپاو و نەگۆڕیان دەربارەی ئیسلامییەكان ھەبێ! وێنەیەكی نەمەتی و چەقبەستوویان لە مێشكدا ھەبێت، داوەری كردن دەربارەیان و رەتكردنەوەیان، پەیوەندی بە ئەدەبیات و رەفتاری ئەوانەوە نەبێت! چونكە پێشتر بریار لە ناسنامەو جەوھەریان بەشێوەیەكی چەقبەستووانە دراوەو قابیلی گۆران نییە!! ئەمەش دەچێتە خانەی ئیسلامیی فۆبیاوە، ئەوەی لە پشتیەوەشیەتی، ڕق و بوغزو توندڕەوی و قبوڵنەكردنی بەرامبەرە، نەك عەقڵانیەت و بیركردنەوەی زانستی و لێپرسراوێتی فیكریی.
٢- مامەڵەی پڕوپاگەندانەو ھەواڵگریانەو بەردەوام بە نامۆ نیشاندانیان! ئەمە یەكێكە لەو خاڵانەی بۆتە سەرچاوەی حەسرەتێكی قوڵی دەرونی بۆ مرۆڤی ئیسلامیی. وەك بەشێ لە رەنگدانەوەی خاڵی یەكەم، گومانێكی بەردەوام دەربارەی ئینتیمای نیشتیمانی ئیسلامیەكان زەقدەكرێتەوە! وەك خەڵكانێكی نامۆ بە واقیعی نیشتیمانی و پییاوی دەرەوەو ئەم وڵات و ئەو وڵات وێنا دەكرێن. سەبارەت بەلای خۆمان، دوای سی ساڵ لە بەشداری سیاسی ھەندێ لە كاتی قسەكردنیان لەمەڕ قیستیڤاڵی تاجی زێرین و كچە سەرپۆش بەسەرە نوێكان، سەر لەنوێ ئەم قەوانە كۆنەیان لێدایەوەو ئەم خەرافەیان بەگوێمانادا!

بە نامۆنیشاندانی ئیسلامییەكانیش، لەپانتایی ھەرە زۆریدا پەیوەندیی بە رەفتاری ئیسلامیەكانەوە نیە، بەڵكو بەشێكە لە جەنگێكی دەرونی حیزبیی نانیشتیمانی بۆ ناشیرینكردنیان! بەڵگەیەكی روونە لەسەر لاوازی دیدی نیشتیمانی و ھوشیاری و ھەست بە لێپرسراوێتی ناسیونالیستانەی، سەرپەرشتیارو ئاراستەكەرانی جەنگەكە. ھەڵبەتە ئاسایی بوو گومانێكی راستەقینەو بەڵگەدار لەسەرھێزێكی ئیسلامی ھەبووایەو دادگایەكی بێ لایەن وئازاد لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكردایە، بەڵام مەسەلەكە لای ھەندێ كەس وناوەندو دەزگای بەرامبەر ئەوەنیە، بەڵكو نامۆبوونی ئیسلامییەكان بەگەل ونیشتیمانەكەیان لەشێوەی بەڵگە نەویستێكدا دەخرێتەروو كەپێویستی بەبەڵگە نەبێت! واتە ئیسلامی لەخودی خۆیدا و بە حوكمی ئیسلامیبوونی نانیشتمانیە! ئەگەر پشتیوانی لەسەربەخۆیی وڵاتەكەشی بكات و دەنگ بە سەربەخۆییش بدات، تكای بۆ ناكات و دوای ماوەیەك ھەمان بالۆرە كۆنەكە دەستپێدەكاتەوە!

ئەمەش ئەركی بیرمەندو سیاسەتمەداری ئیسڵاحخواز لە نێو ھێزە ئیسلامییەكاندا قورستر دەكات.
پرۆسەی كرانەوەی تەوژم ناوەندە ئیسلامییەكە، خاوتر دەكاتەوە، چونكە ھەست دەكەن ھێشتا بە جوانی و لە رووی فیكرییەوە دانیان پێدا نەنراوەو رەتدەكرێنەوە. ھەڵبەت نابێت ئیسلامییەكان بكەونە ئەم تەڵەوەو پرۆسەی كرانەوەی زیاتری خۆیان وەك پێویستیەكی گەشەكردن و كاریگەربوونی زیاتریان دوابخەن.
٣-راستگۆ نەبوون لەگەڵ دیموكراسی و میانەرەوی ئیسلامییەكاندا. وەك تەواوكەری دوو خاڵەكەی پێشوو، یەكێ لەو كێشانەی تر كە ڕێگە لە كرانەوەی زۆرترو خێراتری ئیسلامییەكان دەگرێت، راستگۆنەبوونی بەشێكی بەرچاوی تەوژمی بەرامبەرە لەگەڵ دیموكراسی و بەھاكانی و ئیرادەی ھاوڵاتیاندا. بەڵكو ھەندێكیان بۆ پاساودانی سیاسەتە توندە دژی ئیسلامی و دیموكراسییەكانیان، لەگەڵ ھاندان و پەرەدان بە توندڕەوی و تەنانەت تیرۆری بە ئیسلام پاساودراویشن!!

بیرمە لە سەرەتای دووھەزارەكاندا ڕۆشنبیرێكی سەر بەم تەوژمە، لە گفتوگۆیەكدا پێی وتم “خۆزگە تۆش وەكو تاڵیبان بیرت بكردایەتەوە! من چی لە تۆبكەم باوەڕت بە نەتەوایەتی و دیموكراسی و لێبوردەیی و فرەیی ھەیە و ئیسلامیشی!”

منیش بێ ناوھێنان وتارێكم بە ناونیشانی (دیسانەوە تاڵیبان و خۆزگەیەكی ناشارستانی لەمەڕ خۆمان) لەسەر نوسی.كە تیایدا باسی ئەوەم كردبوو ئەم بەڕێزەو ھاوبیرانی پێیان ئاساییە ئێمە تاڵیبان بین، ئیتر وڵات وێران و بەنەفرەت دەبێت یان نا گرنگ نیە، ئەوەی بۆیان گرنگە پاساودانی گوتارو سیاسەتەكانیانە دژی ئیسلام و ئیسلامییەكان!! ھەڵبەت خۆشبەختانە ئەم بەڕێزەش ئێستا جۆرێكی تر بیردەكاتەوە. كاتێك لە وڵاتێكدا ھەندێ دەسەڵات و سیستم ئامادەی ساختەكردنی ھەڵبژاردنن، وە كاتێك لە شوێنێ ئیسلامییەكان سندوقەكانی ھەڵبژاردن دەبەنەوە لە وێنەی میسر، زۆرینەی ھێزە خۆ بە عەلمانی زانەكان، ئامادەن خیانەت لە بەھاكانی دیموكراسی بكەن و كۆتایی بە ژیانی سیاسی لە وڵاتەكانیان بێنن، تەنھاو تەنھا لەبەر ئەوەی ئیسلامییەكان بڕوخێنن و لە دەسەڵات دووریان بخەنەوە!!

واتە تەواو بە پێچەوانەی ئەو رەخنەی كاتی خۆی لە ئیسلامییەكانیان دەگرت و دەیانوت “ھەر ئەوەندە بروایان بە دیموكراسی ھەیە، خۆیان بگەیەنێتە دەسەڵات و دوایی گەمەكە تێكدەدەن”. ئێستا چەندین ھێزی سكیولار لە ھەندێ وڵات ئەوە دەكەن، واتە دیموكراسیان تا ئەو كاتە دوێت و قبوڵە، خۆیان بگەنیەێتە دەسەڵات، وە ھەركاتێ بوو بە ڕێكار بۆ بە دەسەڵاتگەیاندنی زۆرینەیەكی ئیسلامی، ئامادەن قوربانی پێ بدەن و تەنانەت ببن بە بەشێك لە پڕۆژەی كودەتای سەربازی و لافاوی خوێن ھەڵساندن بە بیانوی رەواندنەوەی مەترسی ئیسلامییەكان!!

بێگومان ھەموو ئەو ھێزانەی بەم جۆرەشن، ناراستگۆن لە باسی میانەرەوی ئیسلامی و بەكردەوە لە خزمەت توندرەوی ئیسلامی و تیرۆری بە ئیسلام پاساو دراودان.
٤- ھێرشكردنە سەر ئیسلام و ھەندێ لەدروشم و رەمزەكانی و سوكایەتی پێكردنیان و ئیستیفزازكردنی خەڵكی موسولمان.

بەو ئەندازەی ھەستبكرێت، لە كۆمەڵگەیەكدا رەمزو ناسنامەی ئاینیی و موسوڵمانێتی پارێزراوەو یاساو لێپرسراوێتی فیكری و ئەخلاقی پارێزگاریان لێدەكەن، كێرڤی بە ئایدۆلۆژی كردنی دین و ھەست بەترس و مەترسی، لەسەر ناسنامە خاو دەبێتەوە، ئەویش لە ڕێی خۆیەوە دەرگا بە ڕووی فراوانكردنی دیدی ئیسلامییەكاندا دەكاتەوە. ئەو ھەستەیان لا كاڵ دەكاتەوە خۆیان بە پارێزەری دین بزانن و خەڵك لەسەر ئەو بناغەش پۆڵێن بكەن، بەڵكو ناوەندەئیسلامییە مێژویی و ناسیاسیەكانی كۆمەڵگەو كۆمەڵگەی مەدەنی بەشی زۆری ئەركی پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی كۆمەڵگە دەگرنە ئەستۆ.

ئیسلامییەكانیش بە ھەستكردن بە ڕێزگرتنی ناسنامەی نیشتیمانی و پاراستنی مافەكانیان وەك مرۆڤ و ھاوڵاتی و ھێزی سیاسی ڕێز گرتن لە گەمەی دیموكراسی سەبارەت بە ھەمووان، ئیدی لە گروپی ئیسلامیی ھەمەلایەنخوازەوە، بەرەو پارتی مۆدێرنی بە ھەناسە ئیسلامی و موحافیزەكار دەڕۆن و پێ دەنێنە قۆناغی پاش ئیسلامی سیاسی و ئامادە دەبن ببن بە بەشێ، لە پەیمانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ، كە لە سایەیدا دەوڵەت وەك ناوەندێ بۆ ئینتیماو ھەمووان ناوەرۆكی خۆی پەیدابكات و پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی كۆمەڵگەو مۆركی دیموكراسیبوونی سیستەم بكرێت، كێبڕكێی نێوان تەوژم و ھێزە سیاسیەكانیش ئاشتیخوازانەو لە پێناو چاكەی گشتیدا بێت.

ئەبوبەكر كاروانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا