پرسی سوتانی سنەوبەرەكانی سلێمانی دەدرێتە داواكاری گشتی

پۆڵەتیك پرێس

ژمارەیەك هاوڵاتی و چالاكی ژینگە سكاڵایان لەسەر سوتانی بەشێك لەسنەوبەرەكانی سلێمانی تۆماركردو رادەستی داواكاری گشتیان كرد تاوەكو بەدواداچوون بۆ ئەنجامدەرانی ئەو كارە بكرێت.
لەچەند رۆژی رابردودا سوتانی سنەوبەرەكانی سلێمانی بابەتی گەرمی نێو میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون بەجۆرێك چەندین لێكدانەوە بۆ روودانی ئاگركەوتنەوەكە كرا.

یەكێك لە لێكدانەوەكانیش ئەو گومانە بوو كە دەوترا بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی بازرگانییەوە ئەو سنەوبەرانە سوتێنراون.

ئەوەی وایكرد ئەو بۆچونە لای خەڵكی زەقتر بێتەوە ئەوە بوو چەند رۆژێك پێشتریش بەشێكی زۆر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی سوتاو بەهۆیەوە رووبەرێكی بەرفراوانی زەوی و ژمارەیەكی زۆری درەختەكانی سوتان.

 

“بەمەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی بازرگانی ئەو سنەوبەرانە سوتێنران”

 

شێركۆ حەمە ئەمین مامۆستای زانكۆ و یەكێك لەو كەسانەی پرسی سوتانی دارسنەوبەرەكانیان داوەتە داواكاری گشتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، كاتێك لە هەرێم لەسەر لەجۆری سوتاندنەكان ورد ئەبنەوە ئەوە دەردەكەوێت سوتاندنەكان بریتیە لە تێكدانی ژینگە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەداخەوە یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012 بۆ پاراستنی ژینگە كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە بەهیچ شێوەیەك جێبەجێناكرێت.

شێركۆ حمە ئەمین باس لەوەدەكات، كاتێك بەشێوەی مەیدانی چوونەتە ئەو شوێنانەی سوتاون داری تێدا بڕاوەتەوە یان تێزاب و جۆرە ماددەیەك كراوەتە بنی ئەو دارانە بۆئەوەی لە گەشە بووەستێت ئیتر تێگەشتوون لەوەی ئەو كارانە بە ئەنقەست كراون.

 


سەرەڕای هەوڵی ئەو هاوڵاتی و چالاكانە هاوكات ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش لێكۆڵینەوەی لە سووتانی دارستانەكان دەستپێكردووە، سەرۆكی ئەنجومەنەكەش پێیوایە، كەمتەرخەمی حكومەت بووەتە هۆی سوتانی دارستانەكان.

 

“كاتێك چووینە ئەو شوێنانەی سوتاون یان داری تێدا بڕاوەتەوە یان تێزاب و جۆرە ماددەیەك كراوەتە بنی ئەو دارانە بۆئەوەی لە گەشە بووەستێت ئیتر تێگەشتین لەوەی ئەو كارانە بە ئەنقەست كراون”

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سوتانی دارستان و ژینگەی سنوری ئەنجومەنەكەیان بەهۆی نەبوونی ئاگربڕەوەیە پێشیوایە، حكومەت كەمتەرخەمە لە دابینكردنی بڕە بودجەی پێویست و ئاو و خزمەتگوزاریی بۆ باخچەكان.

ئاشكراشیكرد، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری سوتانی سنەوبەر و ناوچە سەوزاییەكانی سلێمانی و چاوپۆشی لەكەس ناكەن و هەركەس كەمتەرخەم بێت لێپرسینەوە لە هەر كەسێك دەكەن كە هۆكاری ئەو رووداوانە بێت.

یەكێك لە هۆكارەكانی سوتانی و ژینگە و دارستانەكان بەهۆی نەبوونی ئاگر بڕەوەیە

بەوتەی پارێزەرو چالاكانی ژینگە هەرچەندە رێژەی سەوزایی لە سلێمانی 12% یە بەڵام بۆ شارێكی پیشەسازی وەكو سلێمانی رێژەكە كەمە، چونكە رێژەی 30% ی پیشەسازی عێراقی تێدایە، بۆیە بەپێویستی دەزانن رێژەی سەوزایی زیاتر بكرێت.

رەنج عەتا هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی سلێمانی ڕێكخراوی سروشتی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەگەری هەیە ئەو كارانە بەمەبەست كرابێت و ئەو شوێنانە سوتێنرابن، بۆ پرۆژەیەكی بازرگانی وەك بەنزینخانە یان پێشانگای ئۆتۆمبیل و مەخزەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن كۆمەڵێك كەسی دەست رۆشتوون یاساش پێیان ناوێرێت دارستانەكان دەسوتێنن، دەشڵێت، “هۆكارێكی دیكەی سوتانی درەختەكان بەهۆی كەمتەرخەمی خەڵكەوەیە”، لەمەشدا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو ناوچانە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت، ئەویش بەدانانی میكانیزمی گونجاو بۆ پاراستنی درەخت و دارستانەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا