مەسرور بارزانی: قۆناغی سەختی داراییمان بە بێ‌ قەرزكردن تێپەڕاند

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسرور بارزانی بەبۆنەی سێ ساڵ دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند، توانیویانە مووچە بە بەردەوامی بدەن، ئەگەرچی هەندێك جاریش دواكەوتبێت یان چەند مانگێكی كەم، رێژەی مووچەكە 100% نەبوو، بەڵام مووچە دابەشكردن هەر بەردەوام بووە. باسی لەوەشكرد،توانیویانە قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزكردن تێپەڕێنن.

لە بەشێكی وتارەكەیدا كە رۆژی چوارشەممە، 13-7-2022 پێشكەشی كرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ئەنجامی چاكسازی لە هەردوو بواری دارایی و كارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە رێژەیەكی بەرچاو و تا ئاستی 100% زیادیكردووە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە باسكردنی كۆرۆنا دەستیپێكرد كە چۆن هەرێمی كوردستان و جیهانی بە گشتی گرتەوە و وتی: سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێكەوتەوە كە تائێستاش دەرهاویشتەكانی هەر ماون. حكومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێكی كەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ تەواوكاری مووچە، كە 200 ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەكی و ناوخۆییش بۆ پەكخستنی حكومەتەكەتان درا. بەڵام حكومەت، توانی لەڕێگەی پلان و بەرنامە و چاكسازییەكانییەوە، تاڕاددەیەكی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، ئاسایشی ئاو و دروستكردنی بەنداو، ژێرخانی كارەبا و بواری گواستنەوەی گشتی، بەشێكی دیكە بوون لەوانەی سەرۆكوەزیران باسیكردن. وتی، هەنگاوی كردەیی بۆ ئەو پرسانە نراون. ژێرخانی كارەبا بەهێزتر كراوە تا رێگە لە بەفیڕۆدانی كارەبا بگیرێت. هەروەها چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی.

لە بارەی پەیوەندییەكانی ناو ئەنجوومەنی وەزیران و پەیوەندیی حكومەت لەگەڵ پەرلەمان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەم كابینەیەدا، هەماهەنگیەكی تۆكمە و بەهێز لە ناو ئەندامانی كابینە و ئەنجوومەنی وەزیران دا هەیە. زۆرترین كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش كراوە بۆ گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت. هەروەها پەیوەندییەكی باش لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا هەیە و وەزیران و بەرپرسانی حكومەت، زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەكانی پەرلەمانیان كردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی روونكردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا